10/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەنوەری حاجی عوسمان، بۆ یەكێتی بلیتی سووتاو مەكڕن ئیتر واز لە بلیتی سووتاو بهێنن
ئەنوەری حاجی عوسمان، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، وەڵامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە، كە لەسەر رەخنەكانی لە عادل موراد، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا هاتبوو، دەزانین جەنابتان تێرن، بەڵام ئەو ئەركە بۆ كەسێكی دیكە بەجێ بهێڵە تا باشتر ئاگاداری بژێوی ژیانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت.
لەوبارەیەوە، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند: من بەڵێن دەدەم ئەگەر مالیكی، بەهەوڵەكەی كاك عادل، یان بەهەوڵی هەموو كورد هێزی پێشمەرگەی پڕچەك كرد و مووچەی بۆ دابین كرد، بەڵێن بێت من دەستلەكار بكێشمەوە و بڵێم لەبەر ئەوەی من خیانەتم كردبوو، پارەم زۆربوو، بودجەمان نەدەویست دەستملەكاركێشاوە، بەڵام ئەی ئەگەر مالیكی ئەوەی نەكرد، كێ دەستلەكار دەكێشێتەوە.
ئەنوەری حاجی عوسمان، وتیشی: ئەوجا بە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێم، تكایە بلیتی سووتاو مەكڕن ئیتر واز لە بلیتی سووتاو بهێنن، ئینجا با خەمی یەكێتییان بێت".
هەروەها وتیشی: من ئێستا دەیڵیم و ساڵی 2007یش وتوومە، مالیكی و دەسەڵاتەكەی ئامادەنین هێزی پێشمەرگە پڕچەك بكەن و پارەی بدەنێ، بۆیە داوا دەكەم، كاك عادل و دەزگا راگەیاندنەكەی بە ئاگا بێنەوە، مالیكی ئێمە پڕچەك ناكات، بەڵكو هێزی پێشمەرگە بە دوژمنێكی سەرسەختی خۆیان دەزانن.
ئاماژەی بەوەشدا، كە لە عادل موراد زویرە، وتیشی: كاك عادل خۆی پێشمەرگە و سەركردەیە، نەدەبوو وەك سەركردەیەك بڕوات بۆ بەغدا و لە پیاوێكی وەك مالیكی بپاڕێتەوە، بڵێت وەرە پێشمەرگە تێر بكە، كە دڵنیاشە واناكات.
لە روونكردنەوەكەی ئەنجومەنی ناوەندیدا هاتووە: بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانەكەیدا رەخنە لە هەوڵەكانی بەڕێز (عادل مراد) دەگرێت و داوای لێدەكات واز لە سیاسەت بهێنێت، بەتایبەتی لەسەر داواكاریەكی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی (ی.ن.ك) كە لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ نوری مالیكی داوای مووچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە.
سكرتاریەتی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێت: بەڕێز بریكای وەزارەتی پێشمەرگە لەجیاتی ئەوەی سوپاسی بەڕێز (عادل مراد) بكات بۆ ئەو هەنگاوە پڕ لە مەسئولیەتە، كەچی دەڵێیت (تێریمان ناوێت).