نەوشیروان مستەفا
13/03/2014 نوسەر: bzavpress

نەوشیروان مستەفا " كەس نازانێت سودی‌ ئەم نەوتە لەكوێیەو بۆكێیە


نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، لە دیمانەیەكدا كە ئەمشەو لە سبەی و KNN و رادیۆی گۆڕان بڵاودەبێتەوە، باس لە چەندین تەوەر و پرسی‌ گرنگی‌ تایبەت بە دۆخی‌ ئێستای‌ هەرێم و پرسی‌ پێكنەهێنانی‌ حكومەت و كێشەكانی‌ نێوان هەرێم بەغدا دەكات.

رێكخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، لە دیمانەكەدا ئەوە رەتدەكاتەوە كە میدیاكانی‌ گۆڕان، رەخنەكانیان تەنها ئاڕاستەی‌ یەكێتی‌ بوبێت و كەمتر باسی‌ پارتیان كردبێت، دەڵێت؛ ساڵێك زیاترە تاڵەبانی‌ غائیبە، بەڵام ئێمە بۆئەوەی‌ دۆستەكانی‌ ناو یەكێتی‌ زیز نەكەین، ئەم باسەمان نەوروژاندوە.

لەبارەی‌ داواكەشیان بۆ فەراهەمكردنی‌ چوار ساڵی‌ هێمنی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: راستە ئێمە داوامان كردوە، چوار ساڵی‌ داهاتو، چوارساڵی‌ ئارامی‌ سیاسی‌، ئابوری‌، كۆمەڵایەتی‌، سایكۆلۆجی‌ بێت، بەڵام هێنانەدی‌ ئەم هەمو ئارامییە، كۆمەڵێك مەرجی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمەڵایەتیشی‌ پێویستە لەسەرو هەموشیانەوە ئاشتكردنەوەی‌ شەقامە لەگەڵ دەسەڵات، لەرێی‌ دەستەبەركردنی‌ داواكارییەكانی‌ خەڵك و گۆڕینی‌ حكومەتی‌ حیزب بە حكومەتی‌ هاوڵاتی‌.

لە ‌وەڵامی‌ پرسیارێكیشدا، بەوەی‌ بۆچی‌ گۆڕان پێداگریی‌ لەسەر وەزارەتی‌ ناوخۆ دەكات، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: گۆڕان تەنیا پێداگریی‌ لەسەر وەزارەتی‌ ناوخۆ نەكردوە، بەڵكو پێداگریی‌ لەسەر هەندێ‌ جومگەی‌ تریش كردوە، چونكە گۆڕان دەیەوێت هەم هاوبەشبێت لە ‌دروستكردنی‌ بڕیاری‌ سیاسی‌، هەم هاوبەشبێت لە جێبەجێكردنی‌ بڕیارەكان، تەئكیدشدەكاتەوە لەوەی‌، گۆڕان دەیەوێت حزوری‌ كاریگەری‌ هەبێت بۆئەوەی‌ هیچ نەبێ‌ بەشێك لەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات و لەبەردەم دەنگدەرانی‌ خۆی‌ و لەبەردەم میللەتەكەماندا، سەربەرزبێت.

نەوشیروان مستەفا، ئەوەش رەتدەكاتەوە، كە گۆڕان قسەی‌ لەسەر دواكەوتنی‌ پێكهێنانی‌ حكومەت، نەكردبێت و دەڵێت؛ چ لە ‌دەزگاكانی‌ راگەیاندندا و چ لە دانیشتن و كۆبونەوە دو قۆڵییەكاندا، قسەمان كردوە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە هەرێم لەناو چەندین قەیرانی‌ سیاسی‌، ئابوری‌، ئەمنیدایە.

لەبارەی‌ هۆكارەكانی‌ دواكەوتنی‌ حكومەتیشەوە، رێكخەری‌ گشتیی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دەڵێت: هاوكێشەی‌ سیاسی‌، گۆڕاوە، سیستمی‌ سیاسی‌ لە هەرێم، چیتر وەكو جاران یەك حیزبی‌ و دو حیزبی‌ نییە، بەڵكو فرەحیزبییە، واتە دو حیزب یان زیاتر دەتوانن حكومەت پێكبهێنن، دەشڵێت، گۆڕان وەك هێزی‌ دوەم لەسەر ئاستی‌ هەرێم، گەرەكیەتی‌ ئەو گۆڕانكارییە لە دەسەڵاتی‌ سیاسیدا رەنگبداتەوە.

لەوەڵامی‌ پرسیارێكیشدا، بەوەی‌ دواخستنی‌ حكومەت هەوڵێكە بۆ بێبایەخكردنی‌ هەڵبژاردن و نائومێدكردنی‌ خەڵك لە دەستاودەستكردنی‌ دەسەڵات، نەوشیروان مستەفا دەڵێت؛ رەنگە ئەم بۆچونە راستییەكی‌ تیادابێت، بەڵام نابێت خەڵك بێئومێد بێت لە هەڵبژاردن، بۆیە هەمو ئەوانەی‌ پەرۆشی‌ دەستاودەستكردنی‌ ئاشتیانەی‌ دەسەڵاتن، پێویستە بەگەرمی‌ بەشداریی‌ هەڵبژاردن بكەن.

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا، نەوشیروان مستەفا، قەیرانەكانی‌ ئێستای‌ هەرێم بۆ سیاسەتی‌ چەوتی‌ حكومەتە یەك لەدوای‌ یەكەكانی‌ هەرێم دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ژیانی‌ خەڵك، پشتی‌ بەموچە بەستوە ‌و موچەش لە حكومەتی‌ ناوەندیەوە دێت، بۆیە هەركاتێك بەغدا بیەوێت وەكو جەنگی‌ ئابوری‌ دژ بە ‌هەرێم بەكاری دێنێت.

لەسەر ئاستی‌ عێراقیش، ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغدا، هەندێجار خەریكە لە جەنگی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و میدیاییەوە دەبێتە شەڕی‌ چەكداری‌.
 لەسەر ئاستی‌ ناودەوڵەتییش، هەرێم هەمو هەوڵەكانی‌ خۆی‌ لە پرسی‌ بازرگانی‌ لەگەڵ توركیا، چڕكردوەتەوە، بەتایبەتی‌ لە كەرتی‌ نەوتدا، پرسی‌ نەوتیشی‌ وەها تاریكاندوە، كە كەس نازانێت، سودی‌ ئەم نەوتە لەكوێیەو بۆكێیە ‌و تاكەی‌ وادەبێ‌.

لەبارەی‌ ئەگەری‌ رێزنەگرتنیش لە ‌ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن و ئیرادەی‌ خەڵك، نەوشیروان مستەفا رایدەگەیەنێت، هێشتا فرسەتی‌ ئەوە ماوە ئەنجامەكانی‌ هەڵبژاردن،  جێبەجێبكرێن، ئەگەر  رێگەی‌ هەڵبژاردن بۆ چاكسازی‌ و دەستاودەستكردنی‌ دەسەڵات شكستی‌ خوارد، ئەوا بێگومان خەڵك بیر لە لە ‌دۆزینەوەی‌ رێگەی‌ تر و شێوەی‌ تر لە تێكۆشان دەكاتەوە.