ئارەزووی نەفس تێکەڵ بە ڕەخنەو بریندار کردنی ئەهلی بیدعە مەکە
13/03/2014 نوسەر: bzavpress

ئارەزووی نەفس تێکەڵ بە ڕەخنەو بریندار کردنی ئەهلی بیدعە مەکە

ئارەزووی نەفس تێکەڵ بە ڕەخنەو بریندار کردنی ئەهلی بیدعە مەکە(چ جای ئەوەی کە ئەهلی سوننە بشکێنیتەوە بۆ سەرخستنی نەفس و لەبەر حەسودى)

لە کتێبی ریاض الصالحین پێشەوا نەوەوی (رحمه الله) پاش ئەوەی باسی حەرامی غەیبەت ئەکا ئینجا باسێکی کردووەتەوە بە ناوی ( باب ما یباح من الغیبة ) یانی باسی ئەوەی کە دروستە لە غەیبەت ، ئینجا ئەفەرموێ بزانە کە غەیبەت دروستە بۆ مەبەستێکی شەرعی کە ڕێگایەکی تر نیە لە غەیری غەیبەت کە پێی بگەی ئەوەش شەش باسە .
ئینجا ئەیانژمێرێ تا ئەگاتە چوارەم کە ئەڵێ (تحذير المسلمين من الشر ونصيحتهم وذلك من وجوه : ) یانی ئاگادار کردنەوەی موسڵمانان لە شەڕو نەسیحەتیان ئەوەش لە چەند ڕویەکەوە : ئینجا ڕوونی ئەکاتەوە کە باس کردنی وە بریندار کردنی ئەوانەی کە ڕیوایەتی فەرمودە ئەکەن و خۆیان بریندارن (یانی سیقەو عەدل نین) وە هەر وەها ئەوانەی شاهێدی بدەن نەوەوی ئەفەرموێ ئەوە دروستە بە یەک دەنگی موسڵمانان بەڵکو واجبە بۆ پێویستی!.
ئینجا باسی چەند شتێکی تر ئەکا تا ئەگاتە ئەوەی ئەڵێ : لەوانە ئەگەر کەسێکی دیت ئەیەوێ فێری فیقه ببێ ببینێ ئەچێتە لای کەسێکی موبتەدیع یان کەسێکی فاسق تا علمی لێ وەربگرێ! وە بترسێ لەوەی کە ئەو کەسەی داوای فیقه ئەکا توشی زیان بێت ئەوە لە سەریەتی نەسیحەتی بکا بە ئاشکرا کردنی حاڵی ئەو کەسە (فاسیقە یان موبتەدیعە) بەو مەرجەی مەبەستی نەسیحەت بێ ، لەوە زۆر کەس هەڵە ئەکات ، جاری وایە قسەکەر حەسودی هانی ئەدا! وە شەیتان ئەمەی لێ تێکەڵ ئەکا وای ئەهێنێتە بەر چاو کە ئەمە نەسیحەتە!. ئەوە تا ئێرە ووتەی زانای بەناوبانگ نەوەوی بوو ئەتوانن بچنەوە سەری لە کتابی ریاض الصالحین.
لێرە ڕاستە زۆر کەس بەناوی نەسیحەت ئارەزووی نەفسی تێکەڵ ئەکاو بەناحەق خەڵک ئەشکێنێتەوەو زۆر جارانیش تۆمەتی درۆی بۆ دروست ئەکا! 
لەوەیە کێشەی دونیای هەبێ لەگەڵی یان حەسوودی پێ بەرێ تۆمەتی دینی بۆ دروست ئەکاو بە موبتەدیع وەسفی ئەکا!
ئاگاداری ئیخلاس بین لە هەموو کارێکمان مەبەستمان تەنها ڕەزامەندی الله بێت، بەتایبەتیش لە ڕەخنە گرتنمان لە ئەهلی بیدعەو شکاندنەوەیان مەبەستمان پاراستنی دین بێت نەک غەرەزی نەفسی تێکەڵ بکەین.
بەداخەوە هەندێ کەس کێشەی شەخسی هەیە لەگەڵ کەسانێک یەکسەر ئەیکاتە کێشەی مەنهەجی و تۆمەتی ناڕەوای بۆ هەڵدەبەستێ و لە بازنەی سوننەتی ئەباتە دەرەوەو بە ناحەق بە ئەهلی بیدعە لە قەڵەمی ئەدات!
ئەهلی سوننە خاوەنی ئینسافن لە هەموو کەس زیاتر لەبەر ئەوە ستەم لە کەس ناکەن بەوەی بە ناحەق حوکمێک بخەنە سەری کە شایانی نیە یان شتێکی نەکردبێ و نەی ووتبێ بیکەنە ماڵ بەسەریەوەو بوختانی بۆ بکەن!
خوای بەرز ئەفەرموێ :[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ] (المائدة :8) واتە :(ئەی ئەو کەسانەی بڕواتان هێناوە هەڵسن بە جێبەجێ کردن و ووتنی حەق لە پێناوی خوا وە شاهێدی بدەن بە عەدل -شاهێدی ڕاست بدەن و دادوەر بن- با ڕق وکینەو دوژمنایەتیتان لەگەڵ قەومێک واتان لێنەکات لەوەی عەدل نەبن بەرامبەریان عەدل -داد پەروەر - بن ئەوە نزیک ترە لە تەقوا - لە خۆ پارێزیتان لە سزای خوا- وە تەقوای خوا بکەن -خۆتان بپارێزن لە سزای خوا بە جێ بەجێ کردنی فەرمانەکانی- بە تەئکید خوا زانایە بەوەی ئەیکەن -زانایە بە کردوەکانتان ئەوەی ئاشکرا بێ ئەوەی نهێنی بێت بزانن لە قیامەت حیسابتان لەگەڵ ئەکات-). 
وە ئەفەرموێ :[وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَى] (الانعام : 152) واتە : (وە ئەگەر قسەتان کرد -شاهێدیتان دا یان حوکمتان دا بەسەر شتێک یان شتێکتان گێڕایەوە- ئەوە عەدل بن ئەگەر قسەکەشتان لەسەر کەسی خزمی خۆتان بێت -حەق مەدەن بەخزم و کەسی خۆتان ئەگەر لەسەر حەق نەبوون بەڵکو حەق بڵێن ئەگەر لە دژی خزمو کەسی خۆشتان بێت-).
وە ئەفەرموێ :[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ إِنْ يَكُنْ غَنِيًّا أَوْ فَقِيرًا فَاللَّهُ أَوْلَى بِهِمَا فَلَا تَتَّبِعُوا الْهَوَى أَنْ تَعْدِلُوا وَإِنْ تَلْوُوا أَوْ تُعْرِضُوا فَإِنَّ اللَّهَ كَانَ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرًا] (النساء : 135) واتە :(ئەی ئەو کەسانەی بڕواتان هێناوە هەڵسن بە جێبەجێ کردنی عەدالەت شاهێدی بدەن بۆ خوا -مەبەستان ڕەزامەندی خوا بێت نەک دەست کەوتنی دونیاو ڕەزامەندی خەڵک- تەنانەت ئەگەر شاهێدی دانەکەتان لە دژی نەفسی خۆتان بوو یان لە دژی دایکو باوکو خزمو کەستان بێت ئەگەر ئەوەی شاهێدی لەسەر ئەدەی دەوڵەمەند بێت یان فەقیر بێت ئەوە خوا ئەولا ترە بۆ ئەوان -ڕەحمیان پێ دەکاو بەرژەوەندیان باشتر ئەزانێ لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بێ نەکەی شاهێدی ناحەقی بۆ بدەی تا لەخۆتی ڕازی بکەی وە ئەگەر فەقیر بوو شاهێدی ناحەقی بۆ مەدە لەبەر ئەوەی ڕەحمی پێ بکەی خوا بۆ ئەو بەڕەحم ترەو بەرژەوەندی ئەو باشتر ئەزانێ- دوای هەواو ئارەزوو مەکەون لەوەی عەدالەت نەکەن -بەوەی دەمار گیری و خزمایەتی و خۆ ویستی و فەقیر ودەوڵەمەندی واتان لێ بکات حەق نەڵێن- وە ئەگەر درۆ بکەن لە شاهێدی دانتان و بیگۆڕن یان شاهێدی دانتان بشارنەوەو حەق نەڵێن واز لە شاهێدی دان بێنن ئەوە بە تەئکید خوا زانایە بەوەی ئەیکەن - بە هەموو کردوەکانتان ئەزانێ لە قیامەت لەسەری حیسابتان لەگەڵ ئەکرێ-).
خوشکو برا بەڕێزەکانم با ئاگادار بین ستەم لەکەس نەکەین و بەناحەق شاهێدی لەسەر کەس نەدەین وە حەقی کەسیش ڕەد نەکەینەوە لەبەر دەمار گیری و هەواو ئارەزووی نەفس ودوژمنایەتی!
وە لێرە پێویستە ئەوە بڵێم من مەبەستم ئەوە نیە کە نابێ ڕەددی باتڵی ئەهلی بیدعە بدرێتەوە نا من بابەتێکی تایبەتم لەسەر ئەوە نوسیوە کە ئەوە جیهادە لە پێناوی خوای بەرز بەڵام بە حەق و بە عەدل بە بەڵگەو زانستی شەرعی وە لە پێناوی خوای بەرز نەک بۆ تۆڵەی نەفس!
وە نابێ کەسێک شتێکی نەوتبێ و نەیکردبێ تۆ لەبەر ئەوەی ڕقت لێیەتی بوختانی بۆ بکەیت و عەیبێکی لەسەر بکەیتە ماڵ تا لەناو خەڵک ناشیرنی بکەی بزانە ئەوە لە قیامەت لەسەری پرسیارت لێ دەکرێتەوە، خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَمَنْ يَكْسِبْ خَطِيئَةً أَوْ إِثْمًا ثُمَّ يَرْمِ بِهِ بَرِيئًا فَقَدِ احْتَمَلَ بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُبِينًا] (النساء : 112) واتە :(وە هەر کەسێ تاوانێکی بچووک یان گەورە بە نەزانی یان بە عەمدەن بکات و پاشان بیگرێتە -بیخاتە سەر کەسێکی- بێتاوان و بێئاگا ئەوە بە تەئکید بوختانێک -درۆیەک- و تاوانێکی ئاشکرای کردووە-کە تاوانێکی گەورەیە بە سەریەوە-) .
پێغەمبەریش صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( من حالت شفاعته دون حد من حدود الله فقد ضاد الله في أمره، و من مات و عليه دين فليس ثم دينار و لا درهم و لكنها الحسنات و السيئات ، و من خاصم في باطل وهو يعلم لم يزل في سخط الله حتى ينزع ، و من قال في مؤمن ما ليس فيه حبس في ردغة الخبال حتى يأتي بالمخرج مما قال ) (سلسلة الاحاديث الصحيحة : 437) واتە : ( ئەوەی بە شەفاعەتی ئەو حەددێک لە حەددەکانی خوا مەنع بکرێ -بەهۆی شەفاعەتی ئەو تاوان بارێک کە حەددی لە سەرە پاش ئەوەی گەیشتووە بە قازی ئەو بچێ واستەی بۆ بکا ببێتە هۆیەک بۆ ئەوەی حەددەکەی لە سەر جێبەجێ نەکرێ- ئەوە دژایەتی و ڕکا بەرایەتی خوای کردووە لە فەرمانی ، وە هەر کەسێک دژایەتی و دەمە دەم و جیدال بکا لە سەر شتێکی باتڵ وە ئەشزانێ باتڵە ئەوە بەردەوام لە توڕەیی خوا دایە هەتا واز ئەهێنێ ، وە هەر کەسێ شتێ بڵێ لە دەربارەی بڕوا دارێک کە ئەو شتەی تیا نەبێ ئەوە حەبس ئەکرێ لە ناو قوڕاوی کێم و زوخاوی -ئەهلی جەهەننەم- هەتا شتێ ئەهێنێ -حوججەیەک- کە پێی دەرچێ لەوەی ووتویەتی).
ئەو فەرموودانە بەردەوام با لە بەر چاوت بێت بزانە حەقی هیچ کەسێکیش لە لای خوای بەرز وون نابێ کەسێ ناحەقی بکات بەرامبەر کەسێک و دەم درێژی بکاتە سەری دڵنیا بێت خوای بەرز تۆڵە ئەسەنێتەوە با تا زووە تەوبە بکات و پەشیمان بێتەوە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (رحِمَ اللهُ عبداً كانت لأخيهِ عندَه مظلمَةٌ في عِرضٍ أو مالٍ، فجاءه فاستحلَّه قبل أن يُؤخذَ، وليس ثمَّ دينارٌ ولا درهمٌ، فإن كانت له حسناتٌ؛ أُخذ من حسناتهِ، وإن لم يكن له حسناتٌ؛ حمَلُوا عليه من سيئاتهم) (سلسلة الاحاديث الصحيحة : 3265) واتە : ( خوا رەحم بە عەبدێک بکا کە مافێکی براکەی لەسەرە لە ماڵ و-عرض- ناموسی، جا بچێتە لای داوای لێخۆشبونی لێ بکات پێش ئەوەی سزابدرێ، جا لەو ڕۆژەش دینارو درهەم نیە، ئەگەر هاتوو چاکەی هەبوون ئەوە لە چاکەکانی ئەبردرێ، وە ئەگەر چاکەی نەبوو ئەوە تاوانەکانی خاوەن مافەکانی ئەخرێتە سەر).