داودئۆغڵو: شەھیدە ھەڵەبجەییەكانمان بە رەحمەتەوە یاد دەکەم
16/03/2014 نوسەر: bzavpress

داودئۆغڵو: شەھیدە ھەڵەبجەییەكانمان بە رەحمەتەوە یاد دەکەم


وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی: "من شەھیدە ھەڵەبجەییەكانمان بە رەحمەتەوە یاد دەکەم، خوا ئەو جۆرە كۆمەڵكوژییە بەسەر ھیچ برا و ھاوئایینێكماندا نەھێنێ."
 
وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ بەشداریی كۆبوونەوەی جەماوەری پارتەكەی گەیشتە شارۆچكەی ئەردیشی سەر بە پارێزگای وان. و لە گۆرەپانی مزگەوت گوتەیەكی پێشكێش كرد.

داودئۆغڵو بەبیری ھێنایەوە كە لە كاتی روودانی بومەلەرزەی دووەمی پارێزگای وان لە ئەردیش بووە و گوتی: "سوپاسی خوا دەكەم لەو كاتە لە لای براكانم بووم. حكوومەتەكەمان ھەموو كات  لە هاوخەمی ئازاری مرۆڤەكان دەبێ و لە هەر جۆرە گرفتێكدا لەلایان دەبێ. جیاوازیی حكوومەتەكەمان ئەمەیە. 

ھاوڵاتییانی خۆی كە بەردی بناغەی دەوڵەتن برسی و بێكەس بەجێ ناھێڵێ. لە كاتی بوومەلەرزەكەدا 28 ھەزار خانوو دروست كران. تەلارە گشتییەكان نوێ كرانەوە. ئێستا لێتان دەپرسم ئێمەی كە لەوكاتەدا لەگەڵ ئێوە و ھاوبەشیی ئازارەكانتان بووین و دواتریش پێداویستییەكانی ئێوەمان دابین كرد، ئایا ئێستا ئێوە لە سەرۆكوەزیران و حكومەتەكەمان رازین؟ ئێوە لە پرۆسەی چارەسەر كە حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە جیاكاری دەستی پێكرد، خۆشحاڵن؟ دەتانەوێ دیسان برایەتی سەروەری ئەم وڵاتە بێ؟ ئێمە لە دڵەوە دەڵێین تا ئەم داواكارییانەتان بەدی نەیەن خەو لە چاومان حەڕامە.