18/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
من بهرگری له مالیكی دهكهم !
ههندێك له هاورێكانم بهههڵه لهمن گهشتون، بههۆی ئهو پۆست و بابهت و وێنانهی لهسهر مالیكی له رۆژنامهو فیس بووك بڵاوی دهكهمهوه ! حهزدهكهم هاورێیانم بیخوێننهوه، تابزانن من بهرگری له مالیكی دهكهم !
ئەو کاتەى نورى مالیکى لە نووسینگەکەى بەتەنها بوو
بیرم دێت دواى رووخانى رژێمى بەعس و دروست کردنى ئەنجومەنى حوکم کابرایەک هەبوو بەناوى جەواد مالیکى ئەم کەسە زۆربەى ئەوکاتانەى دەچوین بۆ رومالکردنى دانیشتنەکانى ئەنجومەنى حوکم ، لە ژوورى دانیشتنەکان لە دواى ئیبراهیم جەعفەرییەوە دادەنیشت ، ئەوکات ئیبراهیم جەعفەرى سەرۆکى ئەنجومەنەکە بوو بۆ ماوەى مانگێک وە مالیکیش جێگرى بوو، هەرکات جەعفەرى ئامادەنەبوایە ، کە ئەمە زۆر دەگمەن بوو رووبدات ، مالیکى لە شوینى دادەنیشت ، بەلام ئەو مانگە هات و رۆشت مالیکی مان رۆژیک نەبینى لە شوێنى جەعفەرى دابنیشێت ، دواى تەواو بوونى ئەم ئەنجومەنە حکومەتى کاتى دروست بوو کە ئەیاد عەللاوى سەرۆکى بوو ، بۆماوەى ساڵێک . سەرۆکایەتیەکەى عەللاوى کاتى بوو دواى ئەوە هەلبژاردنى ئەنجومەنى نیشتیمانى کرا و جەعفەرى بووبە سەرۆکى حکومەت وە ئەم جواد مالیکیە بووە ئەندامى ئەنجومەنى نیشتیمانى و ئەندامى لیژنەى بەرگری و ئاسایشى ئەنجومەن . تا ئێرەش هیچ پێگەیەک و دەورێکى باڵاى نەبوو لە هاوکێشە سیاسیەکان لە عیراقدا .
ماوەى ئەو ساڵەى کە جەعفەرى سەرۆکى حکومەت بوو کورد زۆر نیگەران بوون لە هەڵوێست و رەفتارەکانى جەعفەرى، بەرامبەر بە کێشەى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، چونکە جەعفەری بەشێوەیەکى بەرچاو، توند بوو، لەسەر جێبەجێنەکردنى رێکەوتنامەکان و ماددەى 58 ئەوکاتى دەستور ، کوردیش لەئەداى جەعفەرى زۆر نارازى بوون، وەک چۆن ئێستا بەرامبەر مالیکى نیگەرانن ،ئەوکاتیش بۆ جەعفەرى بەهەمان شێوە بوون، بەردەوام لەسەر گۆرینى جەعفەرى جەختیان دەکردەوە . کە هەڵبژاردنى سالى 2005 ئەنجام درا
ئیئتیلافى نیشتیمانى عیراق کە حیزبە شیعەکان بوون زۆرینەى دەنگەکانیان بەدەست هێنا، وە لە نێو خۆشیاندا حیزبى دەعوەى عیراقى حیزبى یەکەم بوو، هەربۆیە کاندیدى سەرۆکى حکومەتیش هەر لەوان بوو ، وە تەنها ئیبراهیم جەعفەریش هەڵبژێردراوى هەموولایەنەکانى شیعە بوو بۆ ئەو پۆستە ، دەیانویست بۆجارى دووەم وەک سەرۆک وەزیران دایبنێنەوە .
دواى ئەو لە حیزبى دەعوە (على ئەدیب) کاندیدى دووەم بوو، بەلام لەبەر ئەوەى رەگەزنامەى ئێرانى هەبوو رێگەى پێنەدەدرا خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات. دواى ئەو عادل عەبدولمەهدى شیاوى ئەو پۆستە بوو، وە زۆربەى لایەنە سیاسیەکان بەدڵیان بوو بەڵام چونکە لە ئەنجومەنى بالاى ئیسلامى بوو، نەى دەتوانى لە ئیئتیلافى نیشتیمانى دەنگى تەواو بەدەست بهێنێت . ئەم کێشەیە زۆرى خایاند ، تا دەهات بارى ئەمنى عیراق و بەتایبەتى بغداد خرابتر دەبوو، رۆژانە تەقینەوەى گەورە لە بغداد و شارەکانى ترى عیراق رویدەدا، وە من ئەو کات لەیادمە کە دەچوم بۆ رومالکردنى روداوەکان خەڵک زۆر نارازى بوون وەداوایان دەکرد جەعفەرى واز لەو پۆستە بهێنێت، ئەمانە هەمووى کەڵەکە بوون بەسەر جەعفەرییەوە، لەولاشەوە جەعفەرى کەسێکى لەخۆى شیاوترى بەدى نەدەکرد کە لە شوێنى خۆى دایبنێت ،لەم کێشمە کێشمە سیاسیەدا مالیکى لە نوسینگەکەى خۆى ئیشى بەس ئەوە بوو قسە بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن بکات لەسەر پێداگرى حیزبى دەعوەو ئیئتیلافى نیشتیمانى بەرامبەر بە جەعفەرى کە تاکە پالێوراوى ئەوانە بۆ سەرۆکایەتى وەزیران ، تەنانەت خۆشم جاریک لێدوانم لێوەرگرت بۆ رۆژنامەى ئاوێنە لەسەر ئەو بابەتە، هەر کە چومە نووسینگەکەى یەکسەر وتى: لەسەر ئەو بابەتە لێدوانت دەوێت ؟ منیش پێم ووت : بیجگە لەوە هیچى تر هەیە ؟ ئەمە لەکاتێکدا بوو هیچکات کەس بەخەیالیدا نەدەهات رۆژێک دابێت مالیکى پالێوراوبێت بۆ ئەو پۆستە ! کەچى لەپر لەسەر داواى کورد ناوى جواد مالیکى هاتە نێو ناوان ! بەڵام ئەم جارە بە (نورى مالیکى). ئەوکات کورد پێیان وابوو مالیکى باشترین کەسە بۆ شوێن گرتنەوەى جەعفەرى ، نازانم ئێستاش تێنەگەیشتم کورد لەسەر چ بنەمایەک و چۆن و بە چیدا زانیان مالیکى باشترە ؟!، ئێستا بیردەکەمەوە دەلێم رەنگە ئەو چەند ساڵەى مالیکى لە هەولێر بووە هەر لەوێش ماستەرى تەواو کردووە لەوانەیە ئەمە پێوەرێک بوبێت لاى کورد کە پێیان وابووە لە هەولێر کورێکى باش بووە لە زانکۆ موئەدەب و گوێرایەڵى مامۆستاکانى بووە نمەکى کوردى کردووە ! نازانم هەندێک شت لەم بابەتانە ، هەربۆیە بەباشیان زانیوە ئەم زاتە هەلبژێرن ، بەڵکو خوایە ئەمە ببێتە مایەى خێرو بەرەکەت بۆ میللەتى کورد وە بتوانێت پاداشتى ئەو چەند سالەى لە کوردستان ژیاوە بداتەوە پێمان . دەنا مالیکى ناوى لە کولەکەى تەریشدا نەبوو ، خوا بیکات بە قوربانى هاوپەیمانى کوردستانى کە پاڵاویان بۆ ئەو پۆستە ، ئەوەتا دەیبینن چۆن بەوەفایە بەرامبەر بە کورد !
ئەوەى دەمەوێت بیلێم لەم وتارەدا ئەوەیە بەگۆرینى کەسەکان کێشەى کورد قەت چارەسەر ناکرێت ، هەر لە دروست بوونى دەوڵەتى عێراق، تا ئێستا، ئەو کەسەى حوکمى عێراقى کردووە نەیتوانیوە چارەسەرى کێشەى کورد بکات ، وە دلنیابن ئەوەى دواى مالیکیش دێت ئەگەر لەو خرابتر نەبێت چاکتر نیە . بۆیە پێویستە کورد لەمەودوا شێوازى یارییەکەى بگۆرێت، چیتر ئەوەندە باسى گۆرینى کەسەکان نەکات ، باشتر وایە ئەم جارە زۆر بەچاکى و بە وردى خۆى بۆ یارییەکى تازە ئامادە بکات لەگەڵ بغداد ، چونکە لەمەودوا یاریکەرێکى زۆر بەهێز کە لە رابردودا کۆڵەکەى تیپى کوردى بووە و دەورێکى گەورەى بینیوە بە هۆى پێکانیەوە نامێنى .
دەبێت سەرکردایەتى کورد بیر لە دواى نەمانى مام جەلال بکاتەوە ، ئەو پیاوەى بەدرێژایى ژیانى لە بغداد ئیشى بەس ئەوە بووە لایەنەکانى عیراق لەیەک نزیک بکاتەوە ، کوردیش وەک لایەنێک هەمیشە لە هەبوونى مام جەلال سودى گەورەى بینیوە ، ئەگەر مالیکى تا ئێستا نەیتوانیوە سنوور ببەزێنێت تەنها لەبەر هەوڵەکانى سەرۆک کۆمار بووە ، ئەگەر ئەو پۆستە بە کەسێکى شیاو پرنەکرێتەوە ئەوا لەمەودوا دەبێت چاوەرێى هەموو ئەو پێشێلکاری و هەرەشانە بکەین ،کاندیدەکەى کورد کە مالیکى بوو بۆ" سەرۆک وەزیرانى عێراق" بیکات بەرامبەرمان .