18/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گۆڕان لە کابینەی هەشتەمدا
مەسەلەی بەشداربونی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتدا، سەرقاڵی و تەنگەنەفەسییەکی زۆری بۆ گروپی خاوەن بەرژەوەندی و دەسەڵات دروستکرد.
ئەم گروپە کەوتونە دوڕیانەوە :یان ئەبێ مل بە دەنگی خەڵکی کوردستان بدەن و چاویان بۆ ڕاستیەکان بکەنەوە و هەق بدەن بە خاوەن هەق، یان ناچارن لەگەڵ هێزێک ڕوبەڕوببنەوە کە بە جەماوەرێکی سەدان هەزارکەسییەوە دێتەوە بەرامبەریان و بە زمانێکی ڕادیکالتر لە جاران، گوزارشت لە غەدرلێکرانی خۆیی و پیلانەکانی پشتی پەردەی نەیارەکانی ئەکات.
ڕاستە تا نوسینی ئەم دێڕانەش ( ئیوارەی ١١ی ئازار) ڕاگەیاندنێکی ڕەسمی سەبارەت بە وەلاخستنی گۆڕان لە کابینەی هەشت لە ئارادا نییە، بەڵام تا ساتەوەختی ڕاگەیاندنی کردەیی کابینە، ئەگەری بەشداربون یان نەبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا پەنجا بە پەنجایەو ئەمەش جگە لە بەرژەوەندی ناڕەوای حزبە هاوپەیمانە تەقلیدییەکان و مەوقعی سیاسی و تاکتیکیان لە ڕابوردوی کوردستانا بۆ پەراوێزخستنی هیزە راستەقینەکانی وڵات، هۆکارێکی تری لە پشتەوە نیە.
گریمانەی ئەم چەند دێڕەی خوارەوە ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمدا بەشدارە.... بە پێی ئیستیحقاقی ڕاستەقینەی خۆی ئەرکی حوکمڕانی گرتۆتە ئەستۆی و ژمارەیەک پۆستی گرنگی لە هەیکەلەی کابینەکەدا وەرگرتوەو ئامادەیی تیایە لە کۆی کێشەکانی هەرێم بکۆڵێتەوە و وەک لەشێکی یەکگرتو، شانبەشانی پارتە بەشداربوەکانی تر، هاوکار بێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم.
بەڵام گرفتی هەرە گەورەی بزوتنەوەی گۆڕان( وەک هەر حزبێکی سیاسی جیدی) بە وردی لەو ساتەوە دەستپێئەکات کە شوێن و "کورسی" شایستەی خۆی بە پێی بەرەنجامەکانی هەڵبژاردن وەرئەگرێ...ناسنامەی ئەم بزوتنەوەیە ( وەک هەر ئەزمونێکی تری مێژو) لە بنچینەدا ئەوە نەبوە کە لە قۆناغی یەکەمدا بانگەشەی بۆ کردوە و خەڵکی پێ هێناوەتە سەر شاشەی تەلفزیۆن و مایکرۆفۆنی ڕادیۆکان و ناوەندی شەقامە سەرەکیەکان، بەڵکو ئەو ڕەفتار و کردارە سیاسیانەن کە لە قۆناغی دوەمدا، لە قۆناغی بەشداربون لە دەسەڵاتی سیاسیدا گوزارشتیان لێئەکات و بە هۆی کادر و کەسایەتی و نوێنەرەکانیەوە لە شێوەی یاساو بڕیارو کۆی ئەو شتەی پێی ئەوترێ"حوکمڕانی" لەگەڵ ژیانی خەڵکدا ئاوێتە ئەبن و کاریگەری ئەخەنە سەر شێوەو ئاستی ژیان و ئابوری و گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەخلاق و سایکۆلۆژی کۆمەلانی خەڵک و هاووڵاتیان.
ئەزمونی سیاسی و حوکمڕانی یەکێتی و پارتی لە ٢٣ ساڵی ڕابوردودا پێویستی بە پیاچونەوەی زۆر نییە: سەرنجدان لە قەیرانی موچە و نەمانی پارەی بانکەکان و گرژی لەگەڵ ناوەند ( تا پلەی مەترسی) و هەبونی گەندەڵییەکی بێسنور لە کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و، ناشەفاییەت لە داهاتە سەرەکی و لاوەکییەکانی هەرێمدا، دەریئەخەن کە بەشداربون لە هەڵگرتنی کۆڵی قورس و بارگاوی بە چەندان کێشەی بنەرەتی حوکمرانی لەم وڵاتەدا، جۆرێکە لە ڕیسک و هەنگاونان لە تاریکیدا ئەگەر هاوشان نەبێ لەگەل بەرچاوڕونییەکی ستراتیژی و تاکتیکی لە دو خواستی هەرە پڕەنسیپی و بناغەیی کە بریتین لە مەسەلەکانی : عەدالەت و ئازادی!
ئەگەر عەدالەت ئەو زاراوەیە بێت کە کۆی گرفت و مەسەلە ئابوریەکان لەخۆ ئەگرێت و تەعبیرە لە هەبونی ژیانێکی ئینسانی و هاوچەرخ بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، ئاشکرایە کابینەکانی ڕابوردوی هەرێم نەیانتوانیوە یەک لە سەدی ئەو وڵاتانەش دەستەبەر بکەن کە هەمان داهات و توانایی ئابوری کوردستانیان هەیە.
ئەگەر عەدالەت بریتیە لە هەبونی لانیکەمی ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کۆی هاووڵاتیان، ئەوا هەبونی موچەی ٣٧ هەزاری، شەپازلەیەکی مزرە بە ڕوی هەمو ئەوانەدا کە بانگەشەی بەرزبونەوەی ئاستی ئابوری هەرێم ئەدەن بەڕوی خۆو بێگانەداو وا ئەنوێنن کە ئینسانەکانی ئەم وڵاتە لە هەژاری دەربازکراون.
ئازادی ئاوات و شێوە ژیانی هەمو ئەو مرۆڤە هوشیارانەیە کە دەزانن بە نەمانی، ئەوەی پێی ئەوترێ کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی سەردەمیانە، جگە لە وتەی بەتاڵ شتێکی تر نیە.
ئازادیە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە ڕێک بە ئەندازەی پلەی پێشکەوتنی ئاستی ئابوری دانیشتوانن و سیستمی خۆماڵی ڕێگەی نەداوە باڵای هیچکامیان لەوی دی بەرزتر بێت.
سەرکوتی خۆنیشاندانەکان و گرتنی چالاکوانەکان، بەندکردنی ناڕازیەکان و ترساندنی ڕۆژنامەوانان، ڕاپێچکردنی دادوەران و غەشکردن لە هەڵبژاردنەکان، کوژرانی ژنان و ئازادکرانی تاوانباران... کورتەی پرۆفایلی سیستمی حوکمڕانی چەندین سالەی ئەم وڵاتە بوە و بەردەوامە..
بزوتنەوەی گۆڕان لەم هەلومەرجە هەرە ئالۆز و قورسە مێژویی وسیاسیەدایە کە ئامادەیی دەربڕیوە لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانا بەشداری بکات.
بۆ سەرکەوتن و ڕوسوربون لە بەردەم خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی، بۆ دەربازبون لە مشەخۆرانی گەندەڵ و بازرگانە سیاسیەکانی ناو سیستمی سیاسی، بۆ پاکڕاگرتنی کادرو کەسایەتیە بەشدارەکانی گۆڕان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردندا، بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسە بەڕێزانەی لە حزبەکانی یەکێتی و پارتی و کۆمەڵ و یەکگرتودان و ئەیانەوێ چاکسازی و پاکسازییەکی راستەقینە لەم وڵاتەدا بکەوێتە گەر، گۆران پێویستی بە پێداگرتنێکی هەرە جیدی هەیە لە سەر پڕەنسیپە جیهانییەکانی عەدالەت و ئازادی، چونکە عەدالەت کەرامەتی ماڵ و مناڵی خەڵکی پیوە بەندە و ئازادییش "ڕێگایەک نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی بەرزتر، بەڵکو خۆی بەرزتری ئامانجی سیاسیە" ...
پەیامبەری ئیسلام گوتویە: " الشریعە اقوالی، و الطریقە افعالی، والحقیقە احوالی"..
گۆڕان لە ساڵانی ئۆپۆزیسۆندا شەریعەتی خۆی بە هەموان گەیاندوەو بە دۆست و نادۆستی وتوە چی ئەوێت... ماوەتەوە ببینین لە دەسەڵاتدا چۆن ڕێبازی خۆی لەو ڕێبازە جیا ئەکاتەوە کە نمونەیەک بوە بۆ حوکمڕانی ناباش و دور لە حەقیقەت و پاکی.