20/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆلیسی هەولێر و هێزە ئەمنییەكان پلانی ئەمنیی تۆكمە دادەڕێژن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە هاوكاریی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و هاتوچۆ و ئاسایش و بەرگریی شارستانی و زێرەڤانی و پێشمەرگە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز داڕشتووە.
ڕائید كاروان شێخ عەبدولكەریم وتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هەماهەنگیی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و هاتوچۆ و ئاسایش و بەرگریی شارستانی و زێرەڤانی و پێشمەرگە، پلانێكی ئەمنیی بۆ هەرسێ رۆژی جەژنی نەورۆژ داڕشتووە.
ڕائید كاروان دەڵێت: "لە رۆژی 10/3 و هاوكات لەگەڵ یادەكانی ئاداردا، پلانە ئەمنییەكەمان دەست پێكردووە و لە سێ رۆژی جەژنی نەورۆزیشدا تیمەكانی پۆلیسی هەولێر و نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی فریاكەوتن لە ناوشار لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و كۆنتڕۆڵی بارودۆخی تەناهی دەكەن."
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، وێڕای مەفرەزەی گەڕۆك كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكانیان بە هاوكاریی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، لە سەیرانگاكانیشدا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی دەگرنە بەر و رێگری لە هەر كارێكی ناشیاو و نایاسایی دەكەن.
كاروان شێخ عەبدولكەریم وێڕای دڵنیاییدان بە هاووڵاتیان لە پاراستنی سەروماڵیان، داواشی كرد بە هەموو توانایەك هاوكاری هێزە هاوبەشەكانیان بن و لە كاتی بینینی هەر حاڵتێكی نائاساییدا، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان ئاگادار بكەنەوە.
ئومێد پشدەری – ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
20/3/2014