21/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پەیامەكەی ئۆجەلان لە نەورۆزی ئاماد
جەژنی نەورۆز لە شاری ئامەد بە بەشداری ملیۆنان كەس دەستیپیكرد و بۆ پیرۆزبایی نەورۆز چوونە گۆڕەپانی نەورۆز، تیایدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێنرایەوە.
پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لەلایەن پەروین بوڵدان بەزمانی كوردی و سری سورەیا ئۆندەر بەزمانی توركی خوێنرایەوە.
لە پەیامەكەدا ئۆجەلان جەژنی نەورۆزی لە سەرجەم گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و گەلانی ئاسیا پیرۆز كرد و رایگەیاند: نەورۆزو ئاشتی نیشانەی سەركەوتنی گەلی كوردە، داوای سیستمێكی دیموكراسی و یاسایشی كرد بۆ توركیا.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ئاشكرایكردووە كە تائێستا پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی گرنگی بڕیووە.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، ئۆجەلان وتی: ئاشتی ئێمە بۆ دەستخستنی دەسەڵات نییەو بۆ بەرژەوەندیی خەڵكە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نەبوایە قوربانی زیاترمان دەدا." تەئكیدیشی كردەوە كە ئاشتی لە شەر سەختترە.
نەرۆزی ملیۆنی ئەمساڵی ئامەد كە چاوەڕوان دەكرێت دوو ملیۆن كەس تێیدا ئامادە بێت، لەلایەن سەدان دەزگای راگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوه لە وڵاتانی ئەمریكا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووماڵ دەكرێت.
نەورۆزی ئەمساڵی ئامەد لە رۆژی 21 ی ئادار لە گۆڕەپانی نەورۆز بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە میوانانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەرێوە دەچێت.