21/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
زانكۆیەكی جەزائیر قورئانی پیرۆز بە وێنەی رووتی ژنان دەکاتە دیاری
لە میانەی مەراسیمەكانی رۆژی جیهانی ژنان، یەكێك لە زانكۆكانی شاری تلمسان لە رۆژئاوای جەزائیر، چەند خوێندكارێكی بە پێدانی كۆپی قورئان خەڵاتكرد ،
بەڵام ئەم قورئانانە جیاوازبوون، لەبەرئەوەی وێنەی نیمچە رووتی هونەرمەندانی عەرەبیان تێدابوو. رۆژنامەی شروق-ی جەزائیری ئەم هەواڵەی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، "زیاتر لە 200 خوێندكاری كچ ئەم قورئانەیان وەكو دیاری پێدراوە و كاتێكیش لە ماڵەوەبوون و بەرگی قورئانەكەیان كردووەتەوە،
بینیویانە وێنەی نیمچە رووتی هونەرمەندە عەرەبە ژنەكانی وەك هەیفا، نانسی، ئەلیسا، میادە حەناوی و چەند ئاكتەرێكی میسریان تێدا بینیوە و هەندێكیش لە قورئانەكان وێنەی ئاژەڵیان تێدابووە. دوای تێپەڕبوونی یەك هەفتە، خوێندكارەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە لە دژی ئەم كارە و لەمبارەیەوەش سەرچاوەیەكی ئەمنی بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە بۆ دۆزینەوەی هۆكار و زانینی بەرپرسی رووداوەكە.
بەرپرسی خزمەتگوزاریەكانی زانكۆكەش رایگەیاندووە، كە زانكۆكە بەرپرس نییە لەبەرئەوەی ئەوان قورئانەكانیان بەپێچراوی بۆ هاتووە و نەیانزانیوە ئەو وێنانەیان تێدایە و ئەوانیش سكاڵایان دژی ئەو لایەنە تۆماركردووە، كە قورئانەكانی ناردووە و لە كۆتایشدا دەركەوتووە، كە قورئانەكان لە پایتەختی جەزائیرەوە هاتوون، بەڵام تاوەكو ئێستا هۆكاری ئەم كارەیان روون نەبووەتەوە.