25/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بۆچی بێدەنگیی میدیا لەبارەی تاڵەبانی؟
لە کەلتوری باوی کوردیی دا، کاتێک کەسێک دەمرێ یان نەخۆشدەکەوێ، کەمتر باسیدەکرێ و هەمیشە بە چاوی بەزەییەوە لێیدەڕوانرێ. ئەم کەلتورە باوە، درێژبۆتەوە بۆ ناوی میدیای کوردییش. لە نەخۆشکەوتنی سەرۆک کۆماری عێڕاق، جەلال تاڵەبانییەوە تا ئێستا، کەمترین قسە لەبارەی تاڵەبانییەوە کراوە. تەنانەت میدیای ئۆپۆزسیۆنیش خاترێکی زۆری یەکێتییان گرتوە.
لە بۆشایی قسەکردن لەسەر تاڵەبانی و سیاسەتەکانی، میدیای یەکێتیی خەریکی دروستکردنی سیاسەتمەداری حەکیم و بەئەفسانەکردنی تاڵەبانییە.
تاڵەبانی لە ماوەی دە ساڵی رابردو دا لە بەغدا، ئەوەندەی خەریکی تێپەڕاندنی قەیران بوە لەسەر حیسابی کوردستان، ئەوەندە نەیتوانیوە قەیران چارەسەربکا. بە مانایەکی تر، ئەوە راستە لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ناکۆکییەکان دا دەورێکی باڵای هەبوە، بەڵام هەرگیز قەیران و ناکۆکییەکی چارەسەرنەکردوە کە ئێستا کورد بەدەستیەوە نەناڵێنێ.
تاڵەبانی پشکی گەورەی ئەو قەیرانانەی بەردەکەوێ بەوپێیەی گەورەترین دەستەڵاتی کوردیی بوە لە بەغدا.
ئێستا کێشەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا، نەوت و پێشمەرگە و سنورن، تاڵەبانی هیچیانی چارەسەرنەکردن بەڵام ئەوە راستە هەرکاتێک کێشەکان و ناکۆکییەکان توند بونایە، تاڵەبانی رێیدەگرت لە تەشەنەکردن بۆ بڕینی بودجە و شەڕی چەکداریی. لە بۆشایی ئەو دا، بودجەی کوردستان بڕدرا. مەسعود بارزانی ئێستا لەوانەیە زیاتر لە قوڕسیی سیاسەتکردن تێبگا لەگەڵ بەغدا چونکە رونە تاڵەبانی وردتر و سیاسییانەتر توانیویەتی لەگەڵ بەغدا گەمەی سیاسیی بکا.
کاتی خۆیەتی میدیا چیتر نەخۆشکەوتنی تاڵەبانیی و بارودۆخی ناوخۆیی یەکێتیی لەبەرچاونەگرێ و ئەفسانەی تاڵەبانی بداتە بەر رەخنە و شیکردنەوەی سیاسیی خۆی.