چۆن گەمارۆى مالیکى بدەین .؟.
25/03/2014 نوسەر: bzavpress

چۆن گەمارۆى مالیکى بدەین .؟.


زۆربەى ڕۆژهەڵاتناسە نوێیەکان،بەکۆى سیاسییەکانى باکورى کوردستانیشەوە،گەشتونەتە ئەو سەرئەنجامەى هەتا: کێشەکانى کورد بەلایەکدا نەخرێت،کێشەکانى ڕۆژهەڵات بەردەوامى هەیە.قەزیەى کورد لەوە گەورەترە مالکی تێی هەڵبچێت،لەسەرەتاى شەستەکان "سەلام عارف" خۆى لەپێشەوەى بەرەى شەڕا بو،دژى شۆڕشی کوردیی،کوا؟. ئێستاش خاڵە بەهێزەکانى مالیکى (3) شتن :
یەکەم: نەوت و بودجەى عێراقى لەبەردەستە.
دووەم: هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى وابەستە بەخۆى کردووە .
سێهەم: ئێران و ئەمریکا لە (8) ساڵى ڕابردوودا،لەگەڵ ئەوەى تەنانەت لەخوا پەرستنیشدا جیاوازن،لە مالیکیدا هاوبەشن.
خاڵە لاوازەکانى مالیکیش ئەوەیە،شەقامى عێراقى وکورد و سوننەو چەندین پارێزگاى عێراقى لەدەست دەرچووە،بەبەشێکى شیعەکانیشەوە .ئەوگەمەیەى مالیکى لەسەرەتاى شۆڕشی سوریاوە دەستى داوەتێ ئەوەیە: عێراقیش بەڕاستەوخۆیی (بەگۆشت و ئێسقانەوە) بکاتە بەشێکى لەزۆنى شیعى ئێران و سوریاو حزبوڵڵا.گەرەکێتى دەست بەچەند پەتێکەوە بگرێت.لەهەموو حاڵەتێکدا مالیکى لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بەخۆرى دەسەڵاتى خۆى دەهێنێت،خاڵە بەهێزەکانى کاتین .گریمانەکردن لەسەر ئەمەش زۆرە،تەنها ئەوەبەسەبڵێین: ئەو هاوکێشە جیۆ-سیاسی و دابەشبونە نوێیەى بەڕێوەیە لەناوچەکەدا ،ئەو گەمە هەواڵگریی و سیاسیانەى دەگوزەرێت،دەمارەکانى مالیکى زۆر بچوکترە لەوەى بەرگەى بگرێت .
ئێستا،بەکورتى ئەفسەرێکى کورد،کەسێکى ئەکادیمى و ڕۆژنامەوانێکى عەرەبى کوشتوە ( ئیتر لەپشتەوە بوە یان لەپێشەوە بوە،ئەوە بۆیاسا و داگاباشە،کەلەعێراق نییە) . .لەڕووى ئیتنى و کوردایەتى و ئەخلاقییەوە،ئەگەر ئەفسەرەکە هەموو عەرەبیشى بکوشتبا،هێشتا لەهێڵى ئەفسەرەکەدا دەماینەوە،چونکە عەرەبەکان چەندین سەدەیە نەک تاکى کورد بەڵکو کلتورو جوگرافیاى کورد دەکوژن .بەهەرحاڵ کورد و سیاسییەکانى کورد دەبێت تەنها (2) ئەرک،(2) گۆڕانکاریی لەسیاسەتیانا بەجێ بهێنن ،ئەوسا دەتوانن وەبەرهێنان لەهەموو قەیران و ڕووداوێکدا بکەن،وەکو "لینین"یش نامیلکەیەکى بەناونیشانى (کیف تتحول هزیمە الى نێر) هەیە. بۆیە دەتوانرێت گەمارۆى بەرامبەرەکان بدەیت :
یەکەم : ئیش کردن لەناو ڕایەڵەکانى ئەوان ،شکاندنى کۆدە ئەمنى و سیاسیی و ئابورییەکانیان .کەرتى بکە،ئینجا پەلامارى بدە،لاوازیی بکە،ئینجا لێی بدە.لەڕێگەى چونەناوسیاسەتى پاراستنى بەرژەوەندیی "ئاسایشى نیشتمانى لەدەرەوەى هێڵەجوگرافییەکانى خۆت". زۆربەى خەڵک "یاسر عەرەفات" یان وادەناسی،کە وڵاتفرۆشە،کەچى چەندین ڕێکخراوو گروپى دروستکردبو،بێ ئەوەى هیچ کەس هەست بکا،تەسفییەى بەرامبەرەکانى ئەکرد !.
دووەم : بۆڕوونکردنەوە، لەوەها ڕووداوێکدا ،بەکارهێنانى " والدم بالدم" و گرتنى ئەفسەرە کوردەکە بەو پەلەییە.لەواقیعدا مالیکى هێڵکەکەى لەسەرى خۆیدا شکاند،وەکو گرتنى ئۆجەلان حکومەتى تورکیاى ئیحراجکرد،نەیاندەتوانى بیکوژن،نەشیاندەتوانى حوکمى بدەن .سەرۆکوزەیران ئەیوت: ئێستاش نەمانزانى بۆچى ئۆجەلانیان تەسلیمى ئێمە کردەوە !.
کەواتە،دەبێت کورد فێرى قۆستنەوەى فرسەت بێت،ئاخر سەیربکە: لەپرۆسەى ئازادیی یەک جوندى عێراقى بەسەر جادەى عێراقییەوە نییە،کورد بەغداو موسڵ و ناوچەکانى باشورى نەپاراستایە،دیجلەو فوراتیان دەتەقاندەوە،نیوەى عەرەب هەر ئاو دەیبردن،کورد ئەو سوپایەى دروستکردەوە کە پێشتر ئەنفالى کردبون ،کورد ڕازیبو بەوەى کورسییەکانى لە (76) ەوە ببێتە (59) کورسی،کورد بێدەنگبو لە لەسێدارەنەدانى سەدام لەسەر کەیسى هەڵەبجەو ئەنفال،زۆرشتى تر.دەبێت کورد لەخاڵێکدا خاڵێکى گەورەتر دروست بکاو بیبا بەرەو ئامانجەکەى (ئەگەر سەرکردایەتى کورد ئامانجى هەبێت ؟) .