26/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
شەراکەتی مالکی و بارزانی
بەدەر لە سۆز، دەمەوێت قسەیەک لەسەر شەراکەتی کورد و مالکی و بەرپرسیارێتی لایەنی کوردی و بە تایبەت پارتی لەو قەیرانانە بکەم کە روبەروی هەرێم دەبێتەوە. هەرچەندە بە وردی ئاگاداری ئەو هەستە دوژمنکاریەم کە لە بەغدای نوێدا وا خەریکە نەش و نما دەکات. هەستێک کە هیچ جیاوازیەکی نیە لە تێڕوانینە شۆڤینی و ناسیۆنالیستانەکانیی بەعسیە کۆنەکان.
کورد ئێستا لە بەغدا لە شەراکەتێکی راستەقینەدایە. ئەو هەر لەسەرەتاوە، چ لە رێگای دەقە دەستوریەکانەوە یا لە رێگەی رێککەوتنە لابەلاکانەوە، وەک بەشێک لە پێکهاتەی عێراق و لایەنێکی سەرەکی لە پەیکەرەی حکومەتی ناوەند خۆی سەپاند. حکومەتی ئێستای عێراق کە مالکی سەرۆکایەتی دەکات، بە دیوێکی سەرەکیدا بەرهەمی هاوپشتی کوردە لە مالکی و هاوپەیمانی شیعەو کوردە. ئەو رێککەوتنەی کە بە ١٩ خاڵیەکە ناسراوە، ئاماژەیە بە ئاستی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەکانی هەردولا. لەسەر ئەو بنەمایە، لایەنی کوردی کۆمەلێک پۆستی گرنگ و هەستیاری لەسەرجەم جومگە تەشریعی و جێبەجێکردن و دادوەری و دەزگا سەربەخۆکان و هێزە چەکدارەکان و موخابەرات و هتد وەرگرت.
ئەم پێکهاتەیەی ئێستای کابینەی بە ناو فیدرالی عێراق، جۆرێکە لە شەراکەتی لایەنی کوردی و شیعە، لە نێو کوردیشدا پارتی پشکی شێری هەیە لە زۆرینەی ئەو پۆستانەی بەر کورد کەوتون. کەواتە ناکریت پارتی و بەتایبەت بارزانی شانی خۆیان لەو بەرپرسیارێتیە خاڵی بکەن و وا وێنا بکەن ئەوەی بەغدا تەنها مالکی لێی بەرپرسیارە. حکومەتەکەی مالکی راستە لەلایەن ئەوەوە بەرێوەدەبرێت و زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی قۆرخ کردوە، بەلام پارتیش لەو حکومەتەدا و لە جومگەکانی دەزگاکانی بەغدادا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە و تا ئاستێک دەکرێت وەک شەریکە بەش تەماشا بکرێت.
خۆ گەر بڵێن ئەو پۆستانە هیچ گرنگیان نەماوەو مالکی کۆنترۆڵی سەرجەم دەزگاکانی کردوەو کورد تەنها بە روکەش لەوێیە، ئەوا کارەساتە تۆ نوخبەیەکی بەهێزی خۆت لە جێگەیەک دابنێی بێ ئەوەی کاریگەریەکیان هەبێت، ئەوە هەم رێزنەگرتنە لە ئیستحقاقاتی کورد و هەمیش لەو کەسایەتیانە. خۆ گەر بڵێن نەخێر ئەوان کاربەدەستی فیعلین و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەسن، ئەی خێرە هەمو رەخنەکان ئاراستەی مالکی و شەرهستانی دەکرێت؟ ئەی بۆ ئەو بەرپرسانە نوزەیەکیان لێوە نایەت؟ ئەی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئابوری ئیتر لەوێ چ کارەیە؟
تا ساتەوەختی مانەوەی نوێنەرانی کورد( پارتی و یەکێتی) لە حکومەتەکەی مالکیدا، کابینەکە بە کابینەی شەراکەتی هەردولا دا ئەنرێت و پێکەوەش لە ئاست سەرجەم پرسەکاندا بەرپرسیارن.
رەخنە گرتن لە مالکی و دەست و پێوەندەکانی، مافی هەرێم و هەمومانە، بەڵام ناکرێت چاوپۆشیش لە شکستی بەرپرسەکانی کوردی هاوپەیمانیشیاندا بکەین و شانی خۆیان لە بەرپرسیاریتی خاڵی بکەن.