کەرکوکمان لێتانەوێ ..؟.
01/04/2014 نوسەر: bzavpress

کەرکوکمان لێتانەوێ ..؟.


لەدواى شۆڕشی (14 ى تەمموزى 1958) لەعێراق و هاتنى "عەبدولکەریم قاسم " ،ئەگەرچى سیستەمى سیاسیی لەپاشایەتییەوە گۆڕرا بۆ کۆماریى،بەڵام هەیکەلى ئیدارى و سیاسیی و ئابورى،وەک خۆى مایەوە. بگرە پێشوتر باشتر بو،لەناوەڕاستى سییەکانەوە زۆرترین ڕێکخراوى ژنان و چالاکى و ڕۆژنامەو ڕادیۆ و ڕێکخستن هەبوە . ڕێژەى شەڕو مەرگەسات و مردن لەدواى هاتنى بەعس (1963) بۆسەر کورسی دەسەڵات،سەدا دوو سەد زیادیکرد،ئینجا دەمەوێ لەسەر تێگەیشتنى کورد بەرامبەر کەرکوک و سیاسییەکانى عێراق کلیکێک بکەم :
یەکەم: عەبدولکەریم قاسم،ڕێگەى بەدەرچونى ڕۆژنامەى خەباتى (پ،د،ک) دا لەبەغدا.
دووەم: کارکردنى ڕێکخراوەکانى قوتابیان و ئافرەتانى کورد ڕێگەى پێدرا .
سێهەم: ڕێگەى بەهاتنەوەى بارزانى دا لەسۆڤیەتەوە بۆ بەغدا،لە قەسرى "سەباح نورى سەعید" نیشتەجێی کرد،مانگى (600) دینارى ئەوکاتەشی بۆ بڕییەوە .
چوارەم: وێڕاى زۆر خاڵى تر کە گرنگترینیان: کارهاتە سەرئەوەى (دائرە معارف کردستان) دابمەزرێ و بارەگاکەشی لەکەرکوک بێت،ئەگەر کورد ڕێگەى بدایەو یەکسەر لەخۆیانەوە لەبەرەى "زاخۆ" وە بۆ سەر حکومەتى عێراقى دەستیان بەشەڕ نەکردایە ،ئەوا ئەم کارە دەبوە بەڵگەیەکى تەواو بۆ جیهانى ناوەوەو دەرەوە لەسەر کوردستانی بونى کەرکوک .بێ هیچ بەرنامەو پلانێک دەستى یان بەشەڕو شۆڕش کرد،ماکیاڤیللى لایوایە: پێوەر بۆسەرکەوتن ئەنجامەکەیەتى،ئەگەر ئەوەى دەستى پێکردوە،پێشڕەوى نەکردبێت و ڕووبەرەکەى زیادى نەکردبێت،ئەوا دۆڕاوە . کورد نەک هەر دۆڕا و کەرکوکى نەهێنایەوە،بەڵکو ماڵى خۆشی تووشی نەگبەتییەک کرد ڕەنگە بۆ (50) ساڵى تریش ئاسەوارەکەى دیاربێت .
لەدواى پرۆسەى ئازادى "مالیکى" دینارێک لەگیرفانیا نەبو،لەهەولێرەوە ناردتان بۆ بەغدا،یەک جوندى چییە(ئەو جوندییانەى ئەنفالیان کردین) بەسەر شەقامێکى عێراقەوە نەمابو،ئەگەر پێشمەرگە نەچوویایە بۆ پاراستنى بەغداو ناوچەکانى خواروو، دیجلەو هەموو دەریاچەکانى تریان ئەتەقێنرایەوە، نیوەى عەرەب ئاو ئەیبردن .ئەمان چوون حکومەت و جەیشیان بۆ پێکهێنان .مووچەیان بۆ عەرەب و تورکمانى کەرکوک تەرخانکرد،تاگەشتە ئەوەى ڕێژەى کورد لەسوپادا ببێتە (5%).سوپاى دیجلەو دەیان دەزگاى نهێنیش لەکەرکوک و دەوروبەرى بکەنەوە،ڕێژەى کورد لەهەموو ناوچە داگیرکراوەکان بۆ نیوە کەمى کرد..ئێستا چى ؟ خەڵک دەنگتان بداتێ چى ئەکەن لەبەغدا .؟.
ئەم دەنگدەرەى ئەمڕۆ دەنگ ئەدات نزیکەى (45%) ى نەوەى دواى ڕاپەڕینە.سیناریۆ و قسەى بریق و باقى سەرشاشەى تەلەفزیۆن ،جەلالى و مەلایی و نەوشیروانى و مەلاى کاندیدو ئیسلامى -عیلمانى فلوسێک چییە ناى کات ، کەرکوکمان لێتانەوێ .ئێوە لەدواى ڕاپەڕینەوە شەڕى ناوخۆتان کردو،لەدواى پرۆسەى ئازادیشەوە گەندەڵیتان کرد،عێراقچێتى و ئێرانچێتى و تورکچێتى تان کرد،بەزهنى ئێمە نەک کەرکوک موسڵیش کوردستانە،دەبێت بێتە ناوخانەى قسەکردن و توێژینەوەو وروژاندنەوە .بەڵام ئێمە کەرکوکمان لێتانەوێ .دەردێکتان بەکەرکوک و ئەم کوردستانە داوە،دوژمن بەکوردى نەداوە .چوار پردو ڕێگەتان دروستکرد،چوار پردو ڕێگەش کوردو کەرکوکتان لەقەزیە نەتەوەیی و ستراتیژییەکان جیاکردەوە .بۆیە چوار ساڵى ئایندە چوار ساڵى گۆڕانکارییە لەتەواوى جیهان و بلۆکە خاوەن پرۆژەکانى ناوچەکە،بەعێراقیشەوە .ئەزانم هێشتا تێگەیشتنى خەڵک نەگەشتۆتە ئەوەى مرۆڤى زیرەک و لێهاتوو،زمانزان،بەئەزمون و دونیادیدە و خاوەن هەڵوێست .بنێرێتە پەرلەمان .بەڵام کەرکوکمان لێتانەوێ ..