بەخێرایی دەربارەی هەڵبژاردنەکان
02/04/2014 نوسەر: bzavpress

بەخێرایی دەربارەی هەڵبژاردنەکان


هەردو هەڵبژاردنی پارلەمانیی عێڕاق و پارێزگاکانی هەرێم، گرنگیی تایبەتیی خۆیان هەیە. هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لەوانەیە جۆری بەشداریی کورد لە حکومەتی ناوەند دا بگۆڕێ بەوپێیەی لەم گەڕەی هەڵبژاردنەکان دا گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ دەتوانن لەگەڵ هێزە عێڕاقییەکان لە حکومەت دا بەشدار بن لە دۆخێک دا ئەگەر لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی چ بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و چ بۆ بەشداریکردنی پێکەوە لە حکومەتی ناوەند دا رێکنەکەون.
دوای هەڵبژاردنەکان پێدەچێ دو ئیئتیلاف لەناو پارلەمانی عێڕاق دا پێکبێ کە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەدەن.. ئیئتیلافێک هی مالیکیی دەبێ و هی تریش دژی. تەواوی هەڵبژاردنی پارلەمانیی لە عێڕاق دا وادەردەکەوێ دژ بە مالیکیی بێ. ئەمە لە تورکیاش هەر وابو. هەمو هێزە عێڕاقییەکان کۆکن لەسەر سنوردارکردنی ویستە تاکڕەوییەکانی مالیکیی، بەڵام پێناچێ بتوانن مالیکی لە ویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بوەستێنن. هەروەک چۆن هێزەکان نەیانتوانی ویستە تاکڕەوییەکانی ئەڕدۆغان بوەستێنن.
مالیکی پێویستی بە کورد دەبێ، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتو نەبێ، ئەوا هەوڵی لاوازکردنی پارتیی دیموکراتیی دەدا بە بەشداریکردنی هێزە بەرامبەرەکانی پارتیی لە کوردستان دا. بۆ ئەمە دو ئیختیاری هەیە، هەم یەکێتی و هەم گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو. بۆ ئەمەیان نابێ رۆڵی ئێران لەبیربکەین. ئێرانیش ویستێکی وای هەیە کە پارتی لاوازبکرێ یان لانیکەم ناچاربێ لەڕێی ئێرانەوە بچێتەوە بەغدا.
بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان، رونە یەکێتی کەرکوک، پارتی دهۆک، گۆڕان سلێمانی دەبەنەوە. ئەوەی زۆر گرنگە و ئاسان یەکلایی نابێتەوە، هەولێرە. دەکرێ هەولێر پارتیی بیباتەوە، بەڵام لەوانەشە گۆڕان و یەکێتی و کۆمەل و یەکگرتو، لە دەستی پارتیی بهێننە دەرەوە. بۆ ئەمە، نزیکایەتیی و هەماهەنگیی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ گرنگە. گرنگە بەو مانایەی پارتی چەندە بەهێز بێ، ئەوەندە ویستە تاکڕەوییەکانی زیاتر دەبن، چەندە لاواز بێ، ئەوەندە زیاتر تێکەڵدەبێ لەگەڵ پڕۆسەی دیموکراسیی و قبوڵکردنی ئەویتر.