05/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
کوردێک بوو بە باشترین زۆرانبازی جیهان
زۆرانبازێکی خەڵکی شاری سنە کە بۆ وڵاتی ئازەربایجان یاری دەکات، وەکوو باشترین زۆرانباز لە ئاستی جیهاندا دەستنیشانکرا.
بە پێی راپۆرتێکی فەرمی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی زۆرانبازی، سامان تەهماسبی ٢٩ ساڵه وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سنە، وەکو باشترین زۆرانبازی جیهان لە ساڵی ٢٠١٣ دەستنیشان کراوە. سامان تەهماسبی کە بۆ تیمى میللى ئازەربایجان یاری دەکات،
لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣و لە چەندین یاری جیهانی و ناوچەیی وەکو یارییەکانی زۆرانبازی گەوڕەساڵانی مەجارێستان، یاریەکانی پاڵەوانێتی ئەوروپا مداڵى زێڕی ئاسیا، دوو مدالیای زێو و جارێکیش پلەی سێهەم لە ئاستی جیهاندا بە دەست بێنێت و به كۆكردنهوهى ١٨ خاڵ پلەی یهكهمى جیهان بهدهست بێنێت. جێگهى باسه كه ناوبراوو هۆکاری یاریکردنی بۆ ئازەربایجان گهراندهوه بۆ ئهوهیكه دوابەدوای ئۆلەمپیکی پهکین له چین نەشتەرگەریم بۆ قاچم ئەنجامدا و پاش ئەوە هیچ هەواڵێکیان لێ نەپرسیم، بۆ تیمی میللیش بانگهێشت نەدەکرام، ههروهها وتى، “لەلایەکی دیکەوە زۆر دەستەنگ بووم.
سەردانی چەندین ئیدارەی وەکوو تەربیەت بەدەنیم کرد، بەڵام تەنانەت کارێکی بچووکیشیان پێ نەدام. بنەماڵەکەشم کەم داهات بوون. لەم دۆخەدا بەبێ داهاتێکی ماددی ژیان زۆر ئەستەم دەبێت. هەر بەم هۆیەوە بەناچاری رووم لە وڵاتی ئازەربایجان کرد”. فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی زۆرانبازی پێشتر عەبدوڵلا چەمەنگوڵی راهێنەری زۆرانبازی خەڵکی شاری سەقزی وەکوو باشترین راهێنەری ساڵی ٢٠١٢ دەستنیشان کردبوو.