یەكێتی
07/04/2014 نوسەر: bzavpress

یەكێتی" وەزارەتی پێشمەرگەمان ده‌وێت


ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، حزبەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت و دەستبەرداری نابێت.

رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری هەولێر كۆبوەوە و وەك بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە رایگەیاندووە، پرسی پێكهێنانی حكومەت یەكێك لە تەوەرەكانی ئەو كۆبونەوەیە بووە.

وتیشی:  لەكۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر ئەو داوایە كراوەتەوە كە پێشتر وەفدی‌ دانوستانكاری‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بە پارتی‌ راگەیاندوە، یەكێك لەو وەزارەتانەش كە یەكێتی‌ بە ماف و ئیستیحقاقی‌ خۆی‌ دەزانێت وەزارەتی‌ پێشمەرگەیە و سورن لەسەر وەرگرتنی‌.

بێگەر تاڵەبانی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی ئاژانسی ناوخۆ باسی لەوەشكرد، ناڵێین بەبێ‌ وەرگرتنی‌ ئەو پۆستە یەكێتی‌ بەشداری‌ پێك هێنانی‌ كابینەی‌ هەشتەم ناكات چونكە پیشتر بڕیاری‌ بەشداریكردن دراوە، بەڵام یەكێتی‌ سورە لەسەر وەرگرتنی‌ پۆستی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەو زۆرئاساییە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە پشكی‌ خۆی‌ هەرپۆستێكی‌ سیادی‌ بداتە هەر لایەنێكی‌ سیاسی‌.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان براوەی‌ یەكەمەو بالەسەر هیچ وەزارەتێك هێڵی‌ سوری‌ نەبێت و لەپشكی‌ خۆی‌ لایەنەكان رازی‌ بكات و دانوستانەكان بەسەركەوتوی‌ ئەنجام بدات.