تایبهت بزاڤ پرێس
ئهیوب بارزانی ئامۆزای مهسعود بارزانی لەکتێبی (الحركه التحرریه الكردیه – ملفات السریه ) باسی سەرەتاکانی تێکچونی رێکەوتننامەی ١١ی ئازارو سەرەنجام ئاش بەتاڵی ساڵی 1975 ئەکاتو نامەیەکی صهدام حسێن کە بۆ مەلا مستهفا ناردویەتی لە کتێبەکەیدا بڵاوی کردۆتەوە کە صهدام حسێن کە لە چەند شوێنێک بە ئهبا ئیدریسو ئهخ ئهلعهزیز مەلا مستهفا ئەدوێنێ داوای لێدهکات پشت بە ولاتانی دراوسێو بێگانە ئەبەستێتو ئەڵێت ئێمە رێکەوتنامەی ئازارمان ئیمزا کردوە تۆ تازە خەریکی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکاو ئێران، وەرە با رێکەوتنەکەمان جێ بە جێ بکەین، صدام ئەڵێت من جگە لە خاڵەکانی رێکەوتن ئەو بەڵێنانەش کە بە زارەکی دا بووم هەمویم جێبەجێ کردووە نمونەش بە چەک کردنی عهشیرەتەکان ئەهێنێتەوە، هەروەها ئەڵێت ئێوە خەریکە بەقسەی دوژمنانی هەردوولامان خۆتان لە رێکەوتنەکە ئەدزنەوە، من دڵنیاتان ئەکەمەوە ئەوانە لە بەرژەوەندی ئێوەیان نییە ئەیانەوێت ئەم بارودۆخە ئارامەی عیَراق برایەتی نێوانمان تێکبدەن، داواکارم بەرێزتان بە شێوەیەک هەنگاو بنێن کە بەرژەوەندی گەلی کوردو عەرەب بپاریَزیَت چونکە دوژمنان ئەیانەوێت ئەم برایەتیەمان تێکبدەن ئەگەر وا بیربکەنەوە کە عیَراق بێ هێزە ئەوە دڵنیابن شەڕ ببێتەوە ئێمە سەردەکەوینو گەلی کورد زیانی بەردەکەوێت، بۆیە تکام وایە کۆتایی بەو پەیوەندیانە بهێنن لەگەڵ ئەمریکاو دوژمنانی گەلی کوردو عەرەب، ئەیوب بارزانی دەڵێت مەلا مستهفا وەڵامی نامەکەی صدام حسێن ناداتەوە.
دوای پەرەسەندنی پەیوەندێکانی ئەمریکا لەلایەکو مەلا مستهفا لەلایەکی تر، صهدام هەوڵ ئەدات یەکێتی سۆڤێت رازی بکات بە مەترسی ئەمریکاو رێکەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ عێراق ببەستێتو سەرەنجام صهدام سەرکەوتوو دەبێت لە پلانەکەیو عێراق چەکی تازەو پێشکەوتووی بەدەست دەگات، وە ئێرانیش دوای دڵنیابوون لە دروست بوونی شەر دەست دەکات بە کێشانەوەی هێز، چونکە مەبەستی تەنها تێکدانی رێکەوتن نامەکە بوو بەمەبەستێکی دووسەرە هەم فشار خستنە سەر عێراقو وەرگرتنی شەتولعەرەب، هەمیش دروست نەبونی هەرێمێکی کوردی.
ئەمەی سەرەوە کورتەیەک بوو لەچەند لاپەڕەیەکی ئەیوب بارزانی بەڵام ئەوەی جێی باسەکەی منە ئەمەیە کە کورد هەمیشە ئەوەی بۆتە بەربەست لەبەردەم سەرکەوتنیدا، غرور بووهو ئەوەی بۆتە بە ئامانج نەگەشتنی سوودو پەند وەرگرتن بووە لە شکستەکان، هەرکەسێک خوێندنەوەیەکی وورد بکات بۆ بارودۆخی ئێستای عێراقو کوردستان هەست بە گیزە گیزی کارەساتێکی تر ئەکات جا شێوەی چۆنەو کەی ئەبێت ئەوە خۆی لە هەناوی ڕووداوەکاندا هەڵگرتووەو بەرژەوەندی ووڵاتانی دەوربەرو کاریگەریانو پێویستیان بە جوڵاندنی شەترەنجەکانیان لەکاتو ساتی خۆی ئەوەمان پێ ئەڵێت.