11/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(4)
پێناسه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ سه‌رله‌به‌ری كایه‌كانی ژیان.
نۆڤلێت
هه‌رچۆنێك بوو به‌ده‌م ده‌یان خه‌یاڵاتی تره‌وه گه‌شتمه زانای سه‌حراناس، به‌یانی باشم لێ‌كرد و دیار بوو ئه‌و چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك پێش من گه‌شتبووه شوێنی مه‌به‌ست، كابرایه‌كی به ته‌مه‌ن له‌و لاوه وه‌ستا بوو، دیاربوو ئه‌ویش سه‌فه‌ری هه‌بوو، حه‌تمه‌ن ئه‌ویش یان بۆ مه‌عامه‌لاتی دائیرات ده‌ڕوات، یان بۆ سه‌ردانی نه‌خۆش و شتێكی له‌و جۆرانه، پاش كه‌مێك چاوه‌ڕوانیی و ڕاوه‌ستان، زانای سه‌حراناس خه‌ریك بوو به هانده‌كه‌یه‌وه، كه‌مێ لێی ورد بوومه‌وه، دیار بوو سیمكارتی ده‌گۆڕی، چه‌ند ئۆتۆمبیلێكی گه‌وره و بچووك به لاماندا تێپه‌ڕین، هه‌نوكه دڵم نائاسایی لێده‌دا، ئازارێك له ناوه‌وه ڕۆحم ئه‌كوژێ!، هه‌ستم به له‌رزینی جه‌سته‌م ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی سه‌فه‌ر جۆرێكه له مردن، جۆرێكه له حه‌په‌سان و ڕامانی قوڵ، جۆرێكیشه له فێربوون و ئه‌زمونكردنی شته‌كان و له هه‌ر چییه‌ك كه تۆ خه‌یاڵی لێبكه‌یته‌وه، جۆرێك له نادڵنیاییش، به‌هه‌موو خۆشیی و ناخۆشییه‌كانییه‌وه، ختوره‌یه‌كی نا ئاسایی و كه‌مێك حه‌په‌سان له‌ناوه‌وه‌مدا گمه‌ی ده‌هاتێ، له‌ناكاو توێتایه‌ك له‌جۆری علوج وه‌ستا و لێی چوومه پێشێ و سڵاوم لێ‌كرد و پرسیم خاڵه گیان چۆنی بۆ شاری چه‌پڵه‌یه!،(ئه‌ڵبه‌ت وام نه‌وت) به‌ڵێ فه‌رموو، وه‌ره زانا سه‌ركه‌ون، سه‌ركه‌وتین و كابرای به ساڵاچووشمان له‌گه‌ڵدا بوو، ئه‌و له ناوه‌ڕاست و من و زانایش له ئه‌ملاولایه‌وه سه‌ركه‌وتین.
گزنگ له لوتی شاخه‌كانه‌وه كه‌روێشكه‌ی ده‌كرد و ورده‌ورده دنیا ڕۆشنده‌بوویه‌وه، من كه نه‌مده‌ویست سه‌یری ئاسمان بكه‌م، ته‌نانه‌ت حه‌زم نه ده‌كرد سه‌یری هیچ شتێك بكه‌م، به‌ڵكو ته‌نیا حه‌زم به‌وه بوو له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆمدا په‌روازبم و بڕۆم بۆ دوورترین شاری دنیا، شارێك كه هه‌رگیز له واقیعدا نه‌مدیوه و به‌ڵام هه‌زارانجار به خه‌یاڵ سه‌فه‌رم بۆی كردووه و تێیدا ماومه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی كه تۆ بینیوتن و ڕه‌نگه جگه به خه‌یاڵ له ڕاستیدا ڕۆشتبیته پارك و هوتێله پێنج ئه‌ستێره‌كانی و بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژیش تێیدا مابیشیته‌وه، من هه‌موو شاره كۆن و نوێیه‌كانی دنیا گه‌ڕاوم به خه‌یاڵ، هه‌ر بۆیه ئه‌م سه‌فه‌ر و گه‌شته‌شم ناو ناوه خه‌یاڵ، له‌گه‌ڵ شعوری خۆمدا ته‌جه‌لابووبووم!، له‌گه‌ڵ ئیحساسی خۆمدا شوكرانه‌ی نه‌بڕاوه‌م ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی چیدی بڕۆم و نه‌گه‌ڕێمه‌وه و خوا بكات هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵانه‌م ببنه واقیع و ڕاسته‌قینه‌یه‌كی ته‌واو!، به‌ڵام دواجار خه‌یاڵ به‌ری كورته و ده‌كه‌ومه‌وه ناودنیای واقیعی تاڵ و ده‌بینم هه‌ر له جێی خۆمم و شتێك نه‌بزووتووم، ئای خودایه واقیعی تاڵ چه‌نده تاڵه و تفت و ناجێزه!، چه‌ند ناشیرینه، ئای خودایه خه‌یاڵاتی بێ سه‌رده‌رپه چه‌ند بێ مانایه!، چه‌نده له ڕاستییه‌وه دووره!، هه‌ستم به‌وه ده‌كرد ساتی ونبوونی منه، ساتی ونبوونی ئه‌ستێره‌كانه له‌گه‌ڵ مه‌له‌كوت، ساتی تیرۆركردنی ئه‌و ئاسمانه‌یه كه ئه‌ستێره‌كانی له دڵمدا ئولفه‌تیان هه‌یه، ئای خودایه چه‌ند سه‌خته من و نیشتمانم به‌شه‌ڕبێین و وڵاتت گوڵێكی تیانه‌بێ تۆ بۆنی بكه‌یت، باخچه‌یه‌كی تیانه‌بێت بۆ ماچێكی دوور دووری شیعر!، ته‌نات هه‌موو شتێك حه‌رام وه‌ك حه‌رام!.
ئه‌ستێره ئه‌ڕوا و خۆر دێت و خۆر ده‌ڕوا و مانگ له جێی هه‌موویان ئێشك ده‌گرێ و كه‌س ئاریشه‌ی هه‌ڵهاتنی ئه‌م سوبحه‌م نازانێ‌َ!، به‌ڵام من شتێك بووم له هه‌موو ئه‌وانه جیاوازتر، ته‌نانه‌ت وام لێ ده‌هات بڵێم ئه‌بێ من چ مه‌خلوقێ بم، ئای خودایه خلود... ئای خودایه جاویدانیی... ئای خوداوه‌نده عه‌شقێتی ناكۆتا به‌ره‌و ئه‌به‌دی!.
ورده‌ورده ترۆپكی شاخه‌كانی پشت شاری گه‌لگامێش و هانیپاڵ و به‌كری سوور و مه‌ولاناكان و مه‌وله‌وی و مه‌حوی و نالی و تایه‌ربه‌گی جاف و ئه‌حمه‌د موختار و دڵی من تاریكیان ده‌شكاند و شێوه‌یه‌كیان پێكده‌هێنا له ڕه‌شه‌وه بۆ سوورێكی مه‌یله‌و زه‌رد و له زه‌رده‌وه بۆ ئاوییه‌كی مه‌یله‌و سپیی و له ده‌لاقه‌ی ژیانێكی تره‌وه بۆ ماجه‌رایه‌كی تری ڕووناكیی جه‌نگێكی تری تاریكی و ژیان و سیاسه‌ت!، ئای خودایه شه‌تاوی ئه‌م ناوه‌ندی شاره‌زووره چه‌نده دڵگیره وه‌ك شیعرێكی قه‌رغ و بانووی ڕۆژهه‌ڵات!، ئای خودایه تریفه‌ی ئه‌م به‌یانییه چه‌نده حه‌زینه وه‌ك ده‌نگی هۆره دووره‌كه‌ی مه‌حسومه‌ی سوبحده‌م، ئای خودایه هه‌وای ئه‌م سوبحه بۆ ئه‌وه‌نده دڵنشینه وه‌ك تیله‌ی نه‌رمی چاوی دڵارام!، ئای خودایه...، ئای خودایه فڕێممه‌ده بۆ مه‌نفا وه‌ك ئه‌و مه‌نفایانه‌ی كه ته‌نها خۆت ده‌زانیت هاواره‌كانیان له كوێیه!، شتێكم به‌رێ نزیك له هه‌ناسه‌ی خۆم، دوور له هاوار، نزیك له عه‌شق، دوورتر له شعورێ كه نامباته‌وه بۆ سه‌ر ڕێگه‌ی ڕووباری جاویدانیی و نزیك له باغی ترێ!.
له‌گه‌ڵ گه‌واڵه هه‌وری سپی سپی و بێ په‌ڵه و ڕه‌نگ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بێڕه‌نگترین ڕه‌نگه‌كانم دۆزیبێته‌وه، چاوم لێكده‌نا و بۆ دامێنی چیاكان و ڕاده‌مام، ده‌موت ئارام مه‌ندبه!، هه‌دادانبه!، له‌سه‌رخۆبه!، دوور بڕوانه!، به‌ده‌م هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی تاسه و خراپی ڕێگاوه، هه‌نوكه ئاگام له‌خۆم نییه، ئه‌م خه‌یاڵاته بۆ ئه‌وه‌نده سه‌یره، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌نده قوڵه، ئه‌م قه‌ڵای سه‌فه‌ر و خه‌یاڵه كه‌ی ده‌شكێت و ده‌ڕمێت، ئه‌مه چییه!؟، ئه‌وه چییه!؟، ئه‌م جیهانه كه‌ی كۆتایی دێ!؟، ئه‌م ته‌ماشایه كه‌ی چاوی پڕ ده‌بێ له گه‌ڵا و گه‌ڵا بۆ هه‌ر له پایزدا دێته‌وه بیر و ئه‌ی بیركردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌نده حه‌قیره!، ئه‌ی بۆ سه‌فه‌ر و هیجران ئه‌وه‌نده كوشنده‌ن، شاخ له ناوقه‌ده‌وه وه‌ك ناو دڵی من، به ڕه‌نگێكی مه‌خمه‌ڵیی و كه‌مێك تاریكوڕوون، به‌ڕاستی دیمه‌نێكی زۆر سیحری و نه‌بینراوه، به‌ڵام پڕ ئه‌فسوس و حه‌سره‌ت و خه‌م و غه‌مگین و تاقه‌تپڕوكێن، یه‌كه‌مین دیمه‌نی دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌نگ، ناتوانم پێناسه‌یه‌كی ته‌واوی بكه‌م، یان ناوێكی بۆ بدۆزمه‌وه، مه‌گه‌ر نالی توانیبێتی له خاك و خۆڵه‌وه له قه‌سیده‌ی گوڵ و چه‌م و چوێر و خاك و ده‌شت و دره‌خته‌وه، ڕه‌نگه‌كانی سوبحی جیا كردبێته‌وه له زه‌رده‌په‌ڕ و خلودی گریانی دڵی ئه‌و له زه‌ڵمه‌وه بۆ ده‌شتی حه‌به‌شه و ئاورنگی ناو له‌پی به‌نووری بینایی لای حه‌بیبه ئه‌وه‌ی زانیبێت و ئه‌وه‌ت پێبڵێ، ئاخر سوبح لای من جیاوازتره، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دیكه، من نه‌مده‌توانی وه‌ك ئه‌وانیتر بم، یان وه‌ك تۆ!، ته‌نانه‌ت وه‌ك خۆیشم كه نازانم چیم!، ئه‌وه زانایه هه‌ر خه‌وه‌نوچكه‌یه‌تی و ئه‌وا له زه‌ڵمی ئاورنگ و تریفه و شه‌ونم تێپه‌ڕین و ڕۆشتینه قوڵایی شێ و ئاورنگ و تریفه و ته‌زووی سه‌رما و موچڕكه‌ی ڕۆح و به‌ده‌نی زه‌مین و ئاسمانی من و شاره‌زوور!، ده‌مزانی ئه‌ودیوی شاخ ئه‌و دیوی ئه‌ماره‌تی گه‌لگامێش، هه‌ر ئه‌و دیوی وه‌ته‌نمه! هه‌ر وه‌ته‌نی خۆمانه، هه‌ر ئه‌و زێدانه‌ن كه داپیره فه‌رخی بامێ خۆش و باپیره شه‌ریفی بێده‌نگی له ئه‌وێوه هاتوون، ئه‌وێ وڵاتی ڕۆژ هه‌ڵاته، خاكی ده‌م به‌یانه، ئێسته له‌وێ ڕۆژ هه‌ڵاتووه، ئێسته عاشقانی چا و قه‌یماغ و كه‌ره‌ی ده‌مبه‌یانی ده‌ستی چاونێرگز به بزوتن و ئاماده‌ن بۆ كار هه‌رمان و خۆژیاندن، به قوڵیی و تێریی چاوه‌كانم بڕیبوونه سه‌ر ته‌وێڵی چیاكان و كه‌مه‌كه‌مه‌ش ده‌مڕوانییه پێده‌شت و نزاره‌كانی لای ڕاست و به‌رده‌مم، سه‌قفی گونده‌كان كه به داربه‌ندێكی زۆر و زه‌وه‌ند ئابڵۆقه درابوون، له‌گه‌ڵ ئاسمانێكی پڕ له گه‌واڵه‌هه‌وری منگن و میهره‌بان پڕ باران، له بیرتان نه‌چێ من چاویشم دزه نه‌كات بۆ ڕوانین دڵنیام ڕۆحم تاسه‌ی خۆی ده‌شكێنێ و دێته‌ده‌ر بۆ ڕوانین و كه‌شفی شته‌كان ده‌كات و گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵی خۆی هه‌ر ده‌كات.