11/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(5)
هه‌ركه‌س له‌گه‌ڵم دێت وه‌ك كه‌سێكی دیكه دێته‌وه؛ به‌ڵام؛ له خۆی باشتر!
نۆڤلێت
كه خۆر هه‌ڵهات زیاتر ئاسۆكانی ده‌مكه‌ل ڕووناكتر و ڕوونتر ده‌بوونه‌وه، زێده‌تر دامێنی شوێنه سێبه‌ره‌كانیان ڕووناك ده‌كرده‌وه، ئه‌و شوێنه ڕه‌نگین و مۆر و مهخمهڵیانه ده‌یخستمه نێو بۆنی گوڵ هێرۆیهكی ئه‌رخه‌وانی، ده‌موت ڕه‌نگه ئه‌م جۆره ڕه‌نگانه سه‌ره‌تای شێوه‌ی ڕه‌نگ و له نوێترین داهێنانه‌كانی سروشت بن، ڕه‌نگه من كهوتبێتمه ناو گومه‌زه‌ی ڕه‌نگه‌كانه‌وه و سروشت بۆ خۆی ئه‌م نهێنییه تازه و نوێیه‌ی پێدابم، یاخود من بۆ خۆم بوومه‌ته ڕه‌نگ و سه‌فه‌ر به‌ناو ڕه‌نگه‌كاندا ده‌كه‌م، من له‌سه‌ر ته‌ماشاكردنی شتهجوانهكان و ده‌نگ و به‌رامه‌ی ئه‌و سوبحه كه به‌رده‌وام با و چۆله‌كه و گیانله‌به‌ره جۆراوجۆره‌كانی شاری داستان دروستیان ده‌كردن مه‌له‌وان و گه‌ڕیده‌یه‌كی باشم، هه‌رچه‌نده ئه‌م نیشتیمانی منه پڕه له بازگه و سه‌یته‌ره‌ی دژه مرۆڤ و جوانی بین و جوانی ناس!، به‌ڵام دڵی من به‌وه خۆش بوو كه ده‌موت ڕۆحی من بێ بازگه‌یه، نیشتیمانی ناوه‌وه‌ی من بێ سه‌یته‌ره‌یه!، ئه‌مانه‌م دانابوو به مه‌رج له‌سه‌ر خۆم، هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانمه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ده‌مرم و بۆ ئه‌به‌د، ئه‌مه‌م به په‌یمان له‌گه‌ڵ خۆم سوێند خواردبوو!، به‌ڕێگادا ئه‌سپی خه‌یاڵ و گای باڵدار و به‌رانی شاخدار و هه‌رچی تۆ بیری لێده‌كه‌یته‌وه، ئه‌مانه هه‌موو بووبوونه تیشكێك و منیان ئارامدهكردهوه و هه‌ریه‌كه‌یان به شتێك بانگیان ده‌كردم، ئه‌و به‌ئارامی سه‌رمه‌ند و ئه‌م به ئارامی سه‌فیر و ئه‌وی دیكه به سوڵتانی خه‌یاڵه‌كان و یه‌كێ به دڵی دڵارامهكان، خۆشم بێ‌شومار ته‌لیسمی بێ سفتوسۆ و نههاڕاوم ده‌هاتێ و نه‌مده‌زانی چی بكه‌م و چی بڵێم، هه‌ر وه‌ك شێت به پێش چاوه‌كانمدا هه‌موو ئه‌مانه‌م به‌لادا تێپه‌ڕ ده‌بوون و منیش وه‌ك ده‌رۆزه‌كه‌ری خه‌یاڵ ئه‌وه‌ی چنگم ده‌كه‌وت و ده‌متوانی كۆی بكه‌مه‌وه قسوریم نه‌ده‌كرد، چه‌نده‌م بۆ كرا و بتوانم و هه‌وڵی ئه‌وه‌مدا كه ده‌ستم له ده‌ستی گوڵه‌هێرۆ و ده‌ستم له‌ناو مشتی دهنكهترێ و ده‌ستم له قۆڵی هه‌ناردا بێ و ده‌ستم له مه‌چه‌كی ئه‌رخه‌وان و ده‌ستم له په‌نجه‌ی په‌پوله‌دا بێ، ده‌ستم له نێو له‌پی عاشقترین كۆتردا بێ، ده‌ڕۆشتم و پێشبینی زۆر شتم ده‌كرد، هه‌تا كه‌وتمه خواره‌وه‌ی نیشتمانی گێلاس و بهرسیلهوه!..ئا..ده‌مزانی هه‌ڵوه‌رینی په‌نجه‌ی پهرییهكانیش چۆنه و بۆ چییه!؟، به ناحاسڵگهیشتنی خۆزگه‌ی مهعشوقێ لام ڕون بوو، سوتاندن و پهرتوبڵاوبوونهوهی باپیرۆسێ به ڕه‌نگی زه‌رده‌خه‌نه‌ی خیانه‌تێ ئاشنا بووم!، حه‌رف و پێنوس و سوتانی قوماشی په‌شیمانی فێر بووبووم، ئاخرین ڕێنوسێ له شێوه‌ی نوێترین به‌ڵا و كۆتاترین دهمنزولهی دوعاخوانێ ئاگادار بووم، ئاخرین ختوكه‌ی په‌ل و په‌نجه‌یه‌ك له حاڵه‌تی كه‌فوكوڵی توانه‌وه‌دا پێده‌زانم، كۆتاترین هاوارێك له‌ساتی به‌ربوونه‌وه‌ی سهحهرێك ڕوون بوو لام، هه‌موو ئه‌مانه كه سیاسییه‌كانی ئه‌هێنایه پێكه‌نین، هه‌ر ئه‌وانیش خولقێنه‌ری بوون ده‌ستكه‌وتی من بوون.
پێش ئه‌وه‌ی له هۆش خۆ بچم، شوكرانه‌ی ئه‌وشتانه بووم، ئاخر كه‌سێك نه‌بوو وه‌ك من بیر بكاته‌وه، ئهوهشمدهزانی كه‌س وه‌ك من ناتوانێ كلیلی كردنه‌وه‌ی قوفڵی دڵ بێت، ئه‌و كلیله‌ی ته‌نها ئه‌توانێت یه‌ك ده‌رگای ئه‌به‌دی بكاته‌وه، ده‌رگای دڵ، ده‌رگای چونه ژووره و نه‌هاتنه‌وه، ده‌رگای ئارامگای شه‌تاو له ئاوێزان و توانه‌وه، من ئه‌مانه‌م ئه‌نوسی و ئه‌وه‌م به بیردا ئه‌هاته‌وه كه جارێكیان نامه‌یه‌كم بۆ دۆستێكم نوسیبوو، ئه‌وه‌نده نامه‌كه دوورودرێژ بوو، له‌گه‌ڵ چڕوپڕیدا، خوێنه‌ری هه‌راسان و به‌دگومان ده‌كرد و هه‌راسان له هه‌ڵهێنجانی وشه‌كان و بهدگومانیش له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دێڕدا كه نوسیبووم، كه‌سی هه‌میشه‌یی و ئه‌به‌دیی من!، پاشان هه‌راسان له ته‌عبیر درووستكردنی تێكهستهكاندا كه به ده‌گمه‌ن نوسه‌ره گه‌وره‌كان ڕێیان تێئه‌چێ به‌و چه‌شنه بنوس و شتێك دابڕێژن!، ده‌موت چه‌ند له توانامدا هه‌یه ئه‌بێ چی دڵێ گوزارش له‌م حه‌رفانه بكا، بۆ ئه‌به‌د گومانم بهرئهدایهوه به‌ره‌و قه‌ده‌ر و خه‌یاڵ و واقیع و شتی تریشم تێكه‌ڵ ده‌كرد و بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵام یان پرسیارێكی لا درووست ببێت، من ئه‌ركی ئه‌وه‌شم له ئه‌ستۆ ده‌گرت و ئه‌نجامم ده‌دا، هه‌موو ئه‌مانه‌م ده‌خسته حاڵه‌تی مامه‌ڵه و تێڕامان و ئیسته‌وه، گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دێڕ به دێڕ و وه‌ڵام به وه‌ڵام وشه به وشه خۆم بخوێنمه‌وه و پرسیار له خۆم بكه‌م، ده‌موت دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه پرسیاری دوێنێتان وه‌ڵامه‌كه‌ی له ئه‌مڕۆدایه، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه هه‌رگیز له‌وه‌ڵام و پرسیاری من ناگه‌ن، یه‌كه‌م سات و ڕۆژ دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه، سه‌رپشك بن له‌وه‌ی هه‌رچی ده‌وترێت عاقیبه‌تی هه‌موویمان له په‌سڵاندا بۆ لێده‌درێته‌وه، با دووباره گوێ له ده‌نگی خۆمان بگرینه‌وه، با دووباره..! به‌ڵام وه‌ك سه‌رزه‌وی نا!، وه‌ك ئێسته نا!، وه‌ك ئه‌وه نا كه ئێمه ڕاهاتووین له‌سه‌ری!.