12/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هێزی خانەخوێ و ئاشتی کۆمەڵایەتی
سەرەتا ئەبێت ئەوە ئەوە بڵێم کە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هەژمون و باڵا دەستی حیزبی پۆلێن بکرێن، بەوەی بوترێت ئەم هێز یان ئەو هێز خانە خوێی ئەم شارە ، یان ئەم ڕەوتە خاوەن و باڵا دەستی ئەو ناوچەیە ، چونکە هەر بستێکی کوردستان، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە، بە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانیشەوە..ئەو هێزە سیاسیەشی کە ئەتوانێت لە سنورێکی دیاریکراودا ، وە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکی زیاتر لە چاو هێزەکانی تردا بهێنێنێت، ئەوا ئەم دۆخە تەنها ئەوە ئەگەیەنێت کە هاوڵاتیان بۆ ئەو قۆناغە هێزێکیان لە چاو هێزەکانی تردا بەلاوە پەسەند ترە ، وە ئەو هێزەش تەنها بۆ قۆناغێکی سیاسی دیاریکراو توانیویەتی متمانە و دەنگ و سەرنجی هاوڵاتیان زیاتر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت..تەنها ئەمە و بەس..کە ڕەنگە هەندێک جار بە هۆی ساختەکاریشەوە ئەم ئامانجەش وەک خۆی نەپێکرێت، بەوەی هێزێکی سیاسی سەرەڕای ئەوەی متمانەی خەڵک بەدەست دێنێت، بەڵام ئەم متمانەیە وەرناگێردرێتە سەر چەند کردەیەکی پراکتیکی بۆ بەرجەستەکردنی ویستی خەڵک.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەبێت ئەوە لەیاد نەکەین کە لە ماوەکانی ڕابردودا ( بە ئێستاشەوە) هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای باڵادەستی حیزبی و هێزی خاوەن ماڵ و هێزی میوان دابەش کراوە..کە ئەمەش بەلایەکە و بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە، چونکە لە خوڵقاندنی دوبەرەکی سیاسی و تێکدانی ئارامی کۆمەڵاتی زیاتر هیچی تر هیچی تری لێناکەوێتەوە.. وە لە قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا لە دروشم و پروپاگەندەی بەشی هەرە زۆری پارتە سیاسیەکاندا ، بە ئاشکرا هەوڵ ئەدرێت جوگرافیای هەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی حیزبی جارێکی تر پەرت بکرێتەوە..کارەساتەکەش تەنها لەمەدا ناوەستێت، بەڵکو لەوەشدایە ئەم هێزە خۆ بە خانەخۆێ دانەر و خۆ بە خاوەن ماڵ زانانە نایەن نایەن چەمکی خانەخوێیی تەرجومە بکەن بۆ کولتوری پەسەند کردن و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان، بەڵکو کردویانەتە دەستپێکێک بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەر، کولتوری یان من یان تۆ ..لە کاتێکدا خاوەن ماڵ (کە ئەگەر لە ڕووی سیاسیەوە ئەم دەستەواژەیە گونجاو بێت) هەرگیز لە ڕووی میوانەکانیدا دەرگای دەرگاکان داناخات.بەڵکو هەمیشە دەرگاکەی کراوەیە بۆ هەموان با ئەگەر دوژمنیشی بێت.
لەبەر ئەوە پرسیارە سەرەکیەکە لێرەدا ئەمەیە
ئایا ئەو هێزانەی کە لە قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بە خانە خوێی سنورێک یان ناوچەیەک لەقەڵەم ئەدەن لە سنورێکی دیاریکراودا، چۆن ئەتوانن لە پاش هەڵبژاردنەکان دۆخەکە ڕێک بخەنەوە ؟ کامانەن ئەو کاندیدانەی خانە خوێکان کە لە دواتردا ئەتوانن هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ بکەنەوە ؟ کامانەن ئەو کاندیدانەی کە جێگەی کۆ دەنگی هەموانن سەرەڕای جیاوازی بیرو ڕا و دیدگا و بۆچونەکان ؟
لە ئێستادا وە لە گەرمەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا زۆربەی هێزەکان هیچییان بۆ یەکتر تیادا نەهێشتۆتەوە، چونکە دونیابینیەکان تەنها لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەوی دی بونیادنراوە..ئەی باشە ئەبێت کامە بێت ئەو هێزەی کە ئەتوانێت لە پاش هەڵبژاردن یار و نەیار پێکەوە کۆ بکاتەوە و بێ ئەوەی خۆی بە خانە خوێ دابنێت ، کام هێزە ئەتوانێت ڕێگر بێت لەوەی ( بۆ نمونە ) پێکهاتنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە هەمان دەردی دواکەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێکهاتنی حکومەت نەچێت ؟
بێگومان ئەگەر لە سۆنگەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێین، هیچ ئاسۆیەکی گەشی ئەوتۆ بەدی ناکەین..ئەمەش بۆ ئەوە نیە بێ ئومێد بین، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانین قۆناغە مەترسیدارەکە لە پاش هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێدەکات .