قسەكردن لەسەر پرسی دەوڵەتی كورد
15/04/2014 نوسەر: bzavpress

قسەكردن لەسەر پرسی دەوڵەتی كورد


ئیشكالیەتەكانی قسەكردن لەسەر پرسی دەوڵەتی كورد

هەرقسەكردن و گفتوگۆ و شرۆڤەیەك لەسەر پرسی گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و پرسی پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی بەتایبەتی بێ گەڕانەوە بۆ ڕەهەندی لەمپەرە بونیادیەكانی پرسەكە و ڕەچاوكردنیان، لانیكەم لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بۆ پرسەكە و وەرگرتنی هەڵوێست و بڕیاری پێویست بابەتیانە نابێت، گرنگترین ئەو لەمپەرە بونیادیانە:

یەكەم: گەلی كورد گەلێكی كۆلۆنیاكراو نیە بەمانا تەقلیدیەكەی، بەڵكو گەلێكی دابەشكراوی بەسەر كۆمەڵێك دەوڵەتی ناسیۆنالیستی پێكهێنراوی پاش دابەشكردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی بەگوێرەی ڕێكەوتنامەی سایكسبیكۆ سیفەتی ژێردەستەیی هەیە، هەربۆیەش لەم ماوە درێژەی خەباتیدا نەیتوانی سوود لەم بڕیارە گرنگانەی نەتەوەیەكگرتوەكان وەرگرێت :-

1- بڕیاری ژمارە( 1514) ی (بنەبڕكردنی كۆلۆنیالیزم) بینی كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لەبەرواری 14/10/1960دا لە خولی 15 هەمیدا دەرچووە، كاریگەری ئەم بڕیارە لە ئازادی گەل و نەتەوەكانی ئەفریقیا و ئەمریكای باشور ئەوەندە زۆربوو، بڕیارەكە ناوی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتان و گەلانی كۆلۆنیالكراوی لێنراوە.

2-بڕیاری مافی چارەی خۆنووسینی گەلان كە لە مادەی (1)ی پەیماننامەی (مافەسیاسی و مەدەنیەكان ) و مادەی(1)ی (پەیماننامەی مافە ئابوری كۆمەڵایەتی رۆشنبیریەكان) ساڵی 1966دا لەلایەك نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەرچووە و بە دیكۆمێنتێكی گرنگی یاسای نێودەوڵەتی دەژمێردرێت دەقی مادەی (1)ی هەردوو پەیماننامەكە چوون یەك داڕێژراوە .

3- قەواعیدی مافی چارەی خۆ نووسین بۆ گەلان بە بڕیاری ژمارەی 2625 لە رۆژی 24ی تشرینی یەكەمی 1970 لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەرچووە ئاماژە بەوە دەكات كە مافی چارەی خۆ نوسینی گەلان شانازیەكی گەورەیە بۆ یاسای نێودەوڵەتی.

دووهەم: گرفتی سیاسی و دیمۆگرافی دابەشبوونی نەتەوەی كورد كە بەسەر ژمارەیەك دەوڵەتی ناسیۆنالیستی هاوسنوری یەكتر لە ناوچەكەدا دابەشبووە، ئەمەش دوو ئاسەواری نێگەتیڤی لەسەر كێشەكە دروستكردوە:

1-دەوڵەتێكی هاوكار و پێشتیوانی بۆ پشتگیری پرسەی تێدا نیە وەك پاكستان و كێشەی كشمیر، عەرەب و كێشەی فەلەستین، و .....هتد، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەگەڵا جیاوازی وناكۆكی ئایدیۆلۆژی سیستمی سیاسی و بەریەكەوتنی بەرژەوەندیەكانیان، زۆربەی جار لەسەر دژایەتی پرسی كورد و بەمەترسی ئەمنی نەتەوەیی سەیركردن لەلایەن هەموویانەوە كۆك بوون و هاوكاری یەكتریانكردوە.

1- لەهیچكام لەو دەوڵەتانەدا بوونی كورد وەك دانیشتوان و دابەشبوونی دیمۆگرافی لەسەنتەری جیۆپۆلەتیكی ئەو وڵاتانەدا نیە، بەڵكو لەلێوارە سنوریەكانی ناوچە پەراوێزەكانی جوگرافیای ئەو دەوڵەتانەدایە، ئەمەش كاریگەری خەباتی گەلی كوردی لەسەر دەسەڵات و سیستمی سیاسی ئەو وڵاتانە كەمكردوەتەوە و جۆر و شێوازی خەباتەكەشی بەو پێیە دەسنیشانكردوە.

سێهەم: گەلی كورد ئەگەر هەلی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر هاوڕەگەزی و هاونەژادی و هاوخوێنی وەك گەلانی ناوچەكە پێنەبڕا لەسەر تیۆری قوتابخانەی ئەڵمانی بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی نەتەوە، لەهەمانكاتدا دەوڵەتە ناسیۆنالیستەكانی ناوچەكە لەسەر تیۆری قوتابخانەی فەرەنسی لەسەر بنەمای دەوڵەتی بەرژەوەندی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و پێكەوەژیانی هاوبەشی لەگەڵا ئەو گەلانەی لەگەڵیان دەژی وەك شەریك و هابەش لە دەوڵەتێكی نیشتمانیدا بێبەشكراوە.

چوارەم: نەبوونی ئیرادەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری یەكگرتوو، جیاوازی ئەو سیستم و دەسەڵاتە سیاسیانەی گەلی كوردی بەسەردا دابەشكراوە بووەتە هۆی جیاوازی ستراتیژیەتی خەباتی نەتەوەیی لە هەر پارچەیەكدا، پرسی بەدەوڵەت بوونی وەك پرسێكی گشتی گەلی كورد و كۆمەڵگەی كوردستان دابەشبووە بەسەر چەندین جۆری خەباتی ئاست جیاوازدا، دەرەنجام پرسی كورد وەك كێشەی یەكێك لەنەتەوە گەورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمایش نەبووە.

پێنجەم: بێباكی و بەهەند نەگرتنی كێشەی كورد لەلایەن وڵاتانی خاوەن بڕیار و زلهێزی جیهانی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە - بەتایبەت لە سەردەمی جەنگی سارددا- بە پێچەوانەی زۆرێك لە گەل و نەتەوەكانیتری جیهان، و ئەوەشی تا ئێستەكراوە لەچوارچێوەی هاوكاری مرۆیی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەدەرنیە و هیچ بەرپرسیاریەتێكی مافی سیاسی نەتەوەیی گەلی كوردی لەخۆنەگرتووە.