کات پێشکەوتنە
17/04/2014 نوسەر: bzavpress

کات پێشکەوتنە


جیاوازی شارستانی و زانستی وڵاتانی پێشکەوتو لەگەك وڵاتانی تر تەنها کاتە
هەموو مرۆڤێك بریتیە لە کۆمەڵە کاتژمێرێك، کاتژمێرەکان لە یەکەم ساتی لە دایك بوونیەوە دەستپێدەکات و بەرەوە کۆتای دەچێت، وەك وتراویشە مرۆڤ چاوەڕوانی کات دەکات، بەڵام کات چاوەڕوانی هیچ ناکات، ئەو ئیشی ئەوەیە نەوەستێت، هەتا گەر کاتژمێرێکی دونیایش بێت هەر کە باتریەکەی سوتا دەستبەجێ دەبێت بیگۆڕین! گەر دواکەوتین لە گۆڕینی هەرکات کە گۆڕیمان دەبێت ئەو چەند کاتژمێرەی کە دواکەوتووە بە دەستی خۆمان پێشی بخەینەوە، کاتژمێرێك ئیش نەکات وەك مرۆڤێك وایە مۆمیا کرابێت، هەموو پێشکەوتن و دواکەوت و دەستمایە دونیای و هەتا دواڕۆژیەکانیش تەنها سود وەرگرتنە لەو کۆمەڵە کاتژمێرە، ئێمە هاواری ئەوە دەکەین ٢٣ ساڵە زۆربەی کاتەکانمان وەك دەستەڵات سود لێوەرنەگرتووە، بە فیڕۆ دراوە، کات ئەوەندە بێ بەهایە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەڵکی قێزەونترین وشەی بۆ بەکار دێنێت کە کوشتنە! هاوڕێیەکی خۆشەویستت تەلەفۆنت بۆ دەکات دەڵێ: با بڕۆینە دەرەوە کات بکوژین، زۆرجار پرسیار لە کەسێك دەکەیت چ دەکەیت؟ دەڵێ: واللە هەر کات دەکوژم!، لە زانکۆیە زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەو بە نمایشی جەستەی دەکوژێت!، چ میللەتێکی قاتڵین ئێمە، سەیری شارستانیەتی دونیاو ئەوکەسانە بکەن کە پێشەنگی مرۆڤایەتین هەمووی سود وەرگرتن  بووە لە کاتەکانیان.

جیاوازی شارستانی و زانستی وڵاتانی پێشکەوتو لەگەك وڵاتانی تر تەنها کاتە، کەسێك خاوەنی بڕوانامەیەکی باڵاو زانستێکی بەهێزە لەگەڵ کەسێکی تری پێچەوانەدا تەنها کاتە، کەسێك بەهەشت بەدەست دێنێت و کەسێکی تر کە لە ئاگردا دەسوتێت لە دواڕۆژدا تەنها کاتە، تەنها کاتە ڕاستی و پاکی و پێچەوانەکەی لەیەکتر جیا دەکاتەوە.

لە قورئاندا سوێندنی پێخوراوە (وَالْعَصْرِ).

لە فەرموودەدا جێگەی بۆ دیاری کراوە لە ناڕەحەتترین کاتی قیامەتدا کە وەستانە حەوت کۆمەڵن هەموویان سودیان لە کاتەکانیان وەرگرتووە (سَبْعَةٌ يُظِلُّهُمُ اللهُ يوم القيامة في ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ: إِمَامٌ عَادِلٌ، وَشَابٌّ نَشَأَ فِي عِبَادَةِ اللهِ، وَرَجُلٌ قَلْبُهُ مُعَلَّقٌ في ِالْمَسَاجِدِ، وَرَجُلاَن تَحَابَّا فِي اللهِ اجْتَمَعَا عَلَيْهِ وَتَفَرَّقَا عَلَيْهِ، وَرَجُلٌ دَعَتْهُ امْرَأَةٌ ذَاتُ مَنْصِبٍ وَجَمَالٍ فَقَالَ: إِنِّي أَخَافُ اللهَ، وَرَجُلٌ تَصَدَّقَ بِصَدَقِةٍ فَأَخْفَاهَا حَتَّى لاَ تَعْلَمَ شِمَالُهُ مَا تُنْفِقُ يَمِينُهُ، وَرَجُلٌ ذَكَرَ اللهَ خَالِيًا فَفَاضَتْ عَيْنَاهُ)(رواه البخاري ومسلم وغيرهما).

لە ڕۆژی هەینیدا کاتێکی تێدایە دوعا ڕەد ناکرێتەوە تێیدا (ساعة لا يوافقها عبد مسلم يصلي فيسأل الله فيها شيئا إلا أعطاه إياه).

شەوانی قەدر خەیری لە هەزار مانگ زیاترە (لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ).

کات وەك شمشێر وایە کە نەیبڕیت دەتبڕێت وەك ئیمامی عەلی دەفەرموێت(الوقت كالسيف إن لم تقطعه قطعك).

هەربۆیە زۆرگرنگە کات وەك خۆی تێی بڕوانین و مافی تەواوی خۆی پێبدەین بۆ ئەوەی مرۆڤێکی سودبەخش بین لە دونیاو بەرزترین پلەی بەهەشتیش بەدەست بێنن کە هەمووی بە کات دەکرێت.

لە ئیسلامدا ئەم کاتە بە بەرنامە داڕێژراوە، سود لە شەو وەرگرە بۆ حەسانەوە، هەر لە یەکەم ساتی ڕۆژبوونەوەدا بە دوو ڕکات نوێژ سوپاسی خوای لەسەر بکەو دەست بە چالاکی بکە، ڕۆژەکەت بە هەوڵ و بژێوی و کارکردن ڕەنگین بکەن، هەموو چرکەکان وەك خۆی سەیرکە، سود لە کاتەکانی خوێندن وەرگرە، کۆڕوکۆبونەوەکان یادی اللە بەبیری خەڵکی بهێنەرەوە، کاتە بۆشایەکانت بە بۆشای مەهڵەرەوەو بخوێنەرەوە، لە جێگەیەك زانست هەیە هەنگاوی بۆ بنێ، سود لە توانا ئەقڵی و جەستەییەکانت وەرگرەو بە کات بەرەو پێشی بەرە، نەخۆشێك هەیە سەردانی بکەن، کەسێك دەمرێت شوێنی جەنازەکەی بکەوە، بە تێپەڕبوونی ئەو کۆمەڵە کاتژمێرەی کە بۆت دیاری کراوە، لە کۆتایدا دەبینین گەورەترین سەرمایەت بەهۆیەوە بەدەستهێناوە.