كاندیدێكی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت كە 31 ئاب خۆفرۆشتن و خیانەتی پارتی بوو بۆ بەعس
17/04/2014 نوسەر: bzavpress

كاندیدێكی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت كە 31 ئاب خۆفرۆشتن و خیانەتی پارتی بوو بۆ بەعس


دوای ئەوەی كاندیدێكی پارتی ووتی"ئێمە لە 31ی ئاب بەعسمان بە كرێ گرتووە و داهاتی نەوتیش موڵكی پارتیە"كاندیدێكی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت كە 31 ئاب خۆفرۆشتن و خیانەتی پارتی بوو بۆ بەعس و خاكی كوردستان موڵكی بابی كەس نیە تاكو سامانەكەی بۆ كەسێك بێت یان بۆ لایەنێك بێت .

مامۆستا مەلا ئیدریس، كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ووتی: 31 ئاب بەكرێگرتنی بەعس نەبوو، چونكە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی خۆی ووتی"ئێمە داوای یارمەتی سەربازیمان كردووە" ، واتە ئەوە رێككەوتن بوە، بۆیە ئەمە بەكرێ گرتنی بەعس نەبوو بەڵكو خۆفرۆشتن و خیانەتی پارتی بوو بۆ بەعس .

مامۆستا مەلا ئیدریس، ئاماژەی بەوەش كرد: ئەگەر بەكرێشی گرتبێت، خۆزگە بۆ كارێكی باش بەكرێی بگرتایە بۆ نمونە بۆ لەناوبردنی دووژمنی كورد یان بۆ ئازادكردنی خاكی كوردستان یان بۆ سەرخستنی میللەتی كوردی مەزڵوم یان بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردی ، بەڵام بۆ كوشتن و قركردن و دەربەدەركردنی كورد بوو  .

مامۆستا مەلا ئیدریس وتیشی: لە 31 ی ئابدا جارێكیتر هەولێر داگیركرایەوە لەلایەن بەعس و بەهاوكاری پارتی ، ئەوەش دوای ئەوەبوو كە دەبابەكانی بەعس بە چەپڵەرێزانی منداڵە شەهیدو بە هێزو بازوی ژنە بێوەژن و فەقیرو هەژارەكان دەبابەكان لە هەولێر كرابونەدەرەوە ، بۆیە نەدەبوو جارێكیتر زنجیری ئەو دەبابانە بگەرێندرابونایەوە ناوخاكی كوردستان .

ئەو كاندیدەی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی لێدوانی كاندیدەكەی پارتی كە وتبوشی داهاتی نەوت موڵكی پارتیە رایگەیاند: خاكی كوردستان موڵكی بابی كەس نیە تاكو سامانەكەی بۆ كەسێك بێت یان بۆ لایەنێك بێت، بەڵكو موڵكی هەموو فەقیرو هەژارێكی ئەو كوردستانەیەو هەمومان تێیدا هاوبەشین بەپێی یاسا.

وە بەپێی دیین و شەریعەتی ئیسلامیش (پێغەمبەر) دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت ( الناس شركاء في ثلاث: في الماء والكلأ والنار) ، ئاو چۆن هی هەموو خەڵكەو كەس ناتوانێت دەستی بەسەر دابگرێت ، ئەو نەوت و غازەی كە لە ژێر خاكیش هەیە ئەوە بەخششی خوایە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان هەموو خەڵكی كوردستان تێیدا شەریكن ، هەركەسێك بڵێت هی شەخسێكە یان هی حزب و لایەنێكە ئەوا ئەو قسانەیەان فێركردوەو دەیڵێتەوەو هیچ لە ژیان و یاسا و شەریعەتی ئیسلام تێنەگەیشتوە .
س.كوردیو