18/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
مام رۆستەم بۆ لاهور شێخ جەنگی"دەسەڵاتی جوڵاندنی هێزمان دەبێ"
"دەسەڵاتی جوڵاندنی هێزمان دەبێ"، ئەمە وەڵامی مام رۆستەم، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ لاهور شێخ جەنگی، كە شەوی رابردوو لە پەیامێكدا رایگەیاند "هیچ وەزارەتێك تا ئێستا دەسەڵاتی نییە بەسەر جوڵاندنی بەش و یەكە و هێزە جیاوازەكاندا". لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاریی هەرێمی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، شەوی رابردوو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەڵوێستی خۆی لەسەر چۆنێتی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دەربڕی. لە بەشێكی ئەو پەیامەیداو دوای ئەوەی یەكلابووەوە، كە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێتە پارتی و وەزارەتی پێشمەرگەش دەدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، لاهور شێخ جەنگی نووسیویەتی " یەكێتی لەوە نیگەران نییە كە وەزارەتی پێشمەرگە، یان ناوخۆ بە هیچ هێزێكی سیاسی بدرێت، چونكە پێكهاتەی حكومەتی هەرێم وایە كە هیچ وەزارەتێك تا ئێستا دەسەڵاتی نییە بەسەر جوڵاندنی بەش و یەكە و هێزە جیاوازەكاندا و ئەوەی كۆی گشتی دامەزراوەكە دەبات بەڕێوە، وەزیری وەزارەتەكان نییە، بەڵكو ئەو بەڕێوەبەر و فەرماندە و لێپرسراوانەن كە خۆیان بۆ خزمەتی خەڵك و پەیوەستیشیان بۆ حزبەكانیان ساغكردووەتەوە". لە بەرامبەردا مام رۆستەم، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "ئێمە كە داوای وەزارەتی پێشمەرگەمان كردووە، بۆ ئەوە بووە لە دەستی حیزب و وەلائی حیزبی دەریبهێنینو بیكەینە هێزێكی نیشتمانی". گوتیشی " هەركاتێكیش پێویست بە جووڵاندنی هێز بكات بە فەرمانی پەرلەمان دەیجوڵێنین و وەزیرەكەشمان ئەو دەسەڵاتەی دەبێت". لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا هۆشداریی دەداتە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت كابینەی نوێ بەبێ یەكێتی پێكبهێنن و ئەوەش بە "پیلان" و دروستبوونی دۆخی مەترسیدار وەسف دەكات. بەڵام مام رۆستەم رایەكی تەواو پێچەوانەی هەیەو دەڵێ "بە بەشدارینەكردنی یەكێتی لە حكومەت خەڵك دەبووژێتەوەو ئەگەر زیانێكی هەبێت ئەوە تەنیا بۆ یەكێتی خۆی دەبێت، كە زیاتر دەپوكێنەوە". مام رۆستەم گوتیشی "دەبێت یەكێتی بە هەڵوێست و لێدوانەكانیاندا بچنەوە، ئەوەی ئێستا بەرامبەر گۆڕان دەیڵێن جۆرێكە لە ئیرەیی و چاویان بە پێشكەوتنەكانی گۆڕان لەو ماوە كورتەدا هەڵنایەت". دەشپرسێ "ئەگەر یەكێتی بەقەد گۆڕان كورسی بێنایە بەم جۆرە قسەی دەكرد؟". هەر خۆی وەڵامی دایەوەو گوتی "بێگومان نەخێر".