29/06/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
قادرعزیز سه‌ركۆنه‌ی بارزانی ده‌كات
له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا قادر عه‌زیز رایگه‌یاند له 8 ساڵی رابردوودا بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی بوو ئه‌وه‌شی خسته‌روو له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیدا سیستمی سیاسی ده‌گۆڕێت بۆ په‌رله‌مانی.
ئه‌مرۆ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا قادر عه‌زیزی سه‌رۆكی حیزبی ئاینده ورده‌كاری خۆكاندیكردنو چه‌ند پرسێكی تری خسته‌روو.
ناوبراو رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر به‌سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرام ئه‌وه یه‌كه‌م كارم ئه‌وه ده‌بێت ده‌ست له‌پۆسته حیزبییهكهم هه‌ڵده‌گرم، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌موو لایه‌ك بم، چونكه له‌هه‌شت ساڵی رابردوودا بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی بوو".
هه‌ر له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانیدا كاندیدی داهاتووی سه‌رۆكی هه‌رێم وتی "له‌ئێستادا هه‌وڵێك هه‌یه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بۆ ساڵێكی تر درێژبكرێته‌وه، ئه‌م هه‌وڵه‌ش له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌یه".
داواشی كرد سه‌رۆكی هه‌رێم رێگه‌نه‌دات ئه‌و كاره بكرێت‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی درێژنه‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها وتی "ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتی ههبێتو هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان لای په‌رله‌مان بێت، بۆیه ئه‌گه‌ر بووم به‌سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كه‌وه سیسته‌می سیاسی لهسهررۆكایهتییهوه ده‌گۆڕم بۆ په‌رله‌مانی".
قادر عه‌زیز سكرتێری حزبی ئایندهی كوردستان، باسی له‌وه‌شكرد"دوای ئه‌وه‌ی سێ لایه‌نه‌كه‌ی تری ئۆپۆزسیۆن خۆیان یه‌كلایی نه‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئۆپۆزسیۆن كاندیدێكیان هه‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، من فۆڕمی خۆكاندیدكردنم پركرده‌وه".
س.ع