20/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەربارەی بەشداریکردن لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا
بێگومان ئەگەر لە ڕووی تیورییەوە باس لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت بکەین ، ئەوا هەر پارتێکی سیاسی براوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا مافی خۆیەتی بڕیار بدات بە بەشداری کردن لە حکومەتدا پشت بەست بەو پێشنیارانەی کە لە لایەن پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان و ڕاسپێردراو بە پێکهێنانی حکومەت دەخزێنە بەردەم هێز و پارتە سیاسیەکانی تر ، هەر ئەمەش زامنی دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەکات پشت بەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن.بەڵام کاتێک بمانەوێت ئەم چەمکە تیۆرییە بەسەر دۆخی ئێستای هەرێم و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکەین ، ئەوا ئەکەوینە بەردەم چەندین دۆخی نا جۆر و ئاڵۆز کە وا پێویست ئەکات لەبەردەم هەر یەکێکیاندا بە ووردی هەلچوێستە بکەین، بە تایبەتیش لەم ڕوانگانەوە :-
1. سەرەتا ئەبێت ئەوە بزانرێت بڕیاری هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن ( گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ ) بە بەشداریکردن لە کابینەی حکومەتدا، لەگەڵ ئەوەی مافێکی خۆیانە ، بەڵام ئەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوان بەم پرۆسەیە چەندین هەنگاو پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو دواوە ئەبەن، ئێمە چەندین ساڵە ئەزمونی حکومڕانیمان هەیە، بەڵام ئەوە تەنها چەند ساڵێکی کەمە ( لە 25 / 7 / 2009 ) وە ئەزمونێکی ئۆپۆزسیۆن بوون هاتۆتە ناو کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان. بۆیە نە ئەبوو هەر وا زوو ئەو ئەزمونە کۆتایی پێ بهێنرێت..هیچ گومانیش نیە لەوەی هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزەیە کە بەشدار نیە لە حکومەتدا، هەر شتێکی تریش بوترێت لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە، ئەوا لە وڕێنەی سیاسی زیاتر هیچی تر نیە.هەر بۆیە پاساوی ئەوەی کە گوایا ئەم هیزانەی ئۆپۆزسیۆن لە ناو حکومەتیشدا هەر درێژە پێدەری ڕێچکەی ئۆپۆزسیۆن بوون ئەدەن..ئەوا ئەم وتەیە تەنها بۆ بەتاڵ کردنەوەی سیحری پۆپۆزسیۆن بوونە ، ئەگەر نا چەمکی ئۆپۆزسیۆن بوون ئاشکرا و دیارە و پێویستی بە ڕاڤەی لابەلا نیە.
2. بەشداریکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کابینەیەکی حکومیدا کە راسپێردراوەکانی ( سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی) هەمان دوو هێزی باڵادەستی پێشوون ، بەر لەوەی بە دەستکەوت بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دابنرێت ، بە دەستکەوت بۆ لایەنەکانی دەسەڵات دادەنرێت، چونکە ئەوە پۆپۆزسیۆنە دواجار سەنگەری خۆی چۆڵ ئەکات و دیتە سەر دینی دەسەڵات، ئەوە دەسەڵاتیشە کە قەناعەتی بە ئۆپۆزسیۆن کردوە بەشداری دەسەڵات بکەن نەک بە پێچەوانەوە.هەر بۆیە ئاساییە بوترێت بەشداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتدا ، دەستکەوتە بۆ دەسەڵات نەک ئۆپۆزسیۆن.
3. حکومەتێک سەرەرای بونی سێ هێزی ئۆپۆزسیۆنی کارا لە چوار ساڵی ڕابردودا هێندە نا دادپەروەر و بێباک بوبێت لە ئاست خوێنی خەڵک، داخوازی خەڵک ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەبێت ، ئەبێت لە قۆناغی نەبونی ئۆپۆزسیۆندا چی بێت ، ئاماژەکان پێمان ئەڵێن خراپتر ئەبێت..چونکە دەرئەنجام ئەم حکومەتە پەرلەمان ئیفلیج ئەکات...
4. دەستنیشانکردنی وادەی ڕەزامەندی نواندنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاکاندا ، لە گورزێکی سیاسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بۆ هیزەکانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر هیچی تر نەبوو ، چونکە پارتی دیموکرات بەم تەوقیتە وەک ئەڵێن ( بە بەردێک چەندین چۆلەکەی پێکا ). چونکە لە لایەک هات گەڵاڵەی پێکهاتنی ئەو حکومەتەکی کرد کە خۆی سەرپەرشتی ئەکات ، لە لایەکی تریشەوە بەم کارەی خۆی وا نمایندە کرد کە ئەوە ئەمە کۆکاری هێزە سیاسیە نەیارەکانە ، هەروەک چۆن بەم کارەی تا ڕادەیەکی زۆر سیحری هیزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەتاڵ کردەوە ، چونکە ئەوانیش هاتنە ژێر بار ...وە هیچ گومانیش نیە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی پاشتر هەر بەشدار ئەبێت لە حکومەتدا..ئەم هەڵوێستە دژ بەیەکانەی ئێستای یەکێتیش لە مانۆڕێکی سیاسی زیاتر هیچی تر نیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان گوزارشت ئەکات لەو دۆخە شڵەژاوییەی کە ئەم هێزە تیایدا ئەژی. ئەمە لە کاتێکدا زیاتر لە حەوت مانگ تێپەر ئەبێت بەسەر دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ، ئەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ نەیان پرسی پارتی دیموکرات بۆ ئەم تەوقیتەی هەڵبژارد ؟ هەر بۆیە ڕەزامەندی نواندنی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداریکردن لەگەڵ حکومەت و ڕێکەوتن لەگەڵ پارتیدا لەم تەوقیتەدا هەڵەیەکی سیاسی بوو بەسەر ئەو هێزانەدا ڕەت بوو.ئەگەر نا من دڵنیام پێکهێنانی حکومەت بۆ چەندین ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکان دوا ئەکەوێت.ئەگەر نەبێتە چەند مانگێکیش.
5. بە بەشداریکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتدا ، ناتوانن چەک و پارە لە دوو هێزە دەسەڵاتدارەکە وەر بگرنەوە ، بەڵکو ئەوان بەم بەشداریکردنە تەنها ئەو پارە و چەکە وەر ئەگرنەوە کە کە یەکێتی پارتی خۆیان ئەیاندەنێ، یان ئەوەی کە خۆیان دەستبەردار ی ئەبن، ئەگەر نا ئەوان هێزگەلێک نین بە پرۆسەی دیموکراسی دەستبەرداری پارە و سامان و چەک بن ،ئەگەر نا هەێمی کوردستان لە مێژەوە ئەزمونێکی دیموکراسی بۆ خۆی تۆمار ئەکرد.
هەر بۆیە بریا هێزەکان ئۆپۆزسیۆن ئەم خولەش هەر ئۆپۆزسیۆن بمانایەوە، یان لانی کەم تەوقیتێکی تریان هەڵبژاردایە بۆ ڕەزامەندی و ڕێکەوتن بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا، چونکە دواجار دوو هێزی دەسەڵات تەنها بۆ ناشرینکردنیان بەشدارییان پێ ئەکەن. بەڵام وا دیارە پرسی ئۆپۆزسیۆن بوون لای هیچ هێزێک ڕەواجی نەماوە