25/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەوکاتەی نەوشیروان مستەفا یەکێتی بەجێهێشت!
هەڵبەتە یەکەم جار کە نەوشیروان مستەفا یەکێتی بەجێهێشت گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە گڵۆڵەی یەکێتی کەوتە لێژی، ئیدی جاڕی مەرگی درا،ئەمەش بیرکردنەوەی خۆم و تەجروبەی سیاسیم بە حوکمی خوێندنەوەو ناسینی یەکێتی و ڕۆڵی نەوشیروان مستەفا لە ناو یەکێتیدا چ لە شاخ و چ لە شار،
هەمیشە پێم وابووە ئەقڵی یەکێتی نیشتیمانی و دڵی یەکێتی نەوشیروان مستەفا بووە، وەختێک ئەو ڕۆیشت دڵی ئەو هێزە لە لێدان کەوت،پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وابوو یان پێیان وایە کە تاڵەبانی ئەقڵی بیرکردنەوەی یەکێتییە،،ئەسڵەن ئەم بۆچوونە زۆر ناواقعییە،لە مەیدانی کردارییشدا دوای ڕۆیشتنی نەوشیروان مستەفا راستینەکەی بۆ هەموومان دەرکەوت،ئەوەی بیریدەکردەوە لە ناوی یەکێتیداو خەتی سیاسی و فکری دەدایە نەوشیروان بوو نەک تاڵەبانی،هەرئەوەیشە تاڵەبانی زرپووزیندوەو سکرتێری یەکێتییەو زۆرترین پارەی لەبەردەستایەو زۆرترین هێزی هەیە،بەڵام چونکە خەتی سیاسی نییە بێ نەوشیروان مستەفا یەکێتی لەبەر یەک هەڵدەوەشێت و هەڵدەوەرێت،من هیچ گومانم نییە ئەگەر نەوشیروان مستەفا لەناو یەکێتیدا بوایە،یەکێتی بەم حاڵە نەدەگەیشت،ئێستاش کە دوای تاڵەبانییە دیسان یەکێتی بە پێوە ڕادەگرت و ئەسڵەن ئەگەربەهێزتری نەکردایە ئەوا بە دڵنیاییەوە حاڵی بەم ڕۆژگارە نەدەگەیشت،چونکە ئێمە سەردەمی ئەنفال و ڕەشترین ڕۆژگارو تەنگانەترین سەردەممان بیرە لە غیابی تاڵەبانیداو لەو کاتانەدا نەوشیروان توانی یەکێتی بپارێزێت،گروپی پارتیزانی دروست بکات و ئومێد بدات بە ڕیزەکانی و نەخشەی ڕاپەڕینبیش بکێشێت،ئەگەر هەرئاوا بە سادەیش بڕوانین،بەدرێژایی بوونی یەکێتی،بەردێک لە ئاسمان کەوتبێتە خوارەوە هەموو لایەک دەڵێن نەوشیروان بوو،زۆربەی دژەکانی یەکێتی ئەوەندەی ڕقیان لە نەوشیروانە ڕقیان لە هیچ کەسێکیان نییەو هەتا تالەبانیشیان خۆش دەوێت،ئەمە لە خۆیەوە نەهاتووە،بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم کابرایە ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە،بە کورتی بەجێهێشتنی ڕیزەکانی یەکێتی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە خاڵی یەکەم و بنەڕەتییە کە ڕۆژگاری یەکێتی ڕەشکردو بەم ڕۆژگارەی گەیاند،دیارە دەبێت ئۆباڵی مێژوویی ئەم ڕوداوانەو ڕۆشتنی نەوشیروان مستەفا بخرێتە سەر شانی خودی تالەبانی وبنەماڵەکەی وسەرانی بازرگانی یەکێتی،کە مێژوی ئەم ڕێکخراوەیان هەڕاج کرد بۆ قازانجی تایبەت.
هەرلەبەر ئەوەیشە سەرانی داڕزاو بەجێماوی ئێستای یەکێتی و زۆرێک لە کادرەکانی وهەتا بڕێک لە ئەندامانیشی ڕووی ڕەخنەو گلەیی وزۆرجاران ڕقێکی ئەستوریان لەم پیاوە هەیەو دەڵین ئەو وایکرد لە یەکێتی دەنا وایلێنەدەهات،ئەوان ناوێرن راستینەکە بۆ مێژوو بۆ خەڵکەکەی خۆیشیان ئاشکرا بکەن،هاتوون باسەکە پێچەوانە دەکەنەوە،واتە ناڵێن نەوشیروان ئەقڵی یەکێتی بوو کە ڕۆی یەکێتی چوو بە هەوادا،،دەڵین نەوشیروان کار لەسەر یەکێتی دەکات وئەو گۆڕانی دروست کردو یەکێتی لەبەر یەک ترازان،کە ئەمە ئەسڵەکەی نییە.
ئەوکاتەی یەکەم ڕێکەوتننامەی ستراتیژی لەبەینی تاڵەبانی ومەسعود بارزانیدا واژۆکرا بە بێ ئەوەی هیچ سەرکردەو کادرێکی یەکێتی ئاگاداری بێت،تاڵەبانی لە پێناوی پۆستی سەرۆک کۆماری و پارەی دزراودا یەکێتی تەسلیمی بنەمالەی بارزانی کرد،بنەمالەی بارزانیش دەستانێکی زۆر لێزانانەیان هەیە بۆ دەسکاریکردنی هەر پارتێکی هاوپەیمانی،ئەو توانی ببێتە براگەورەو زمانحاڵی یەکێتی و هەتا لە جیاتی ئەوان بیریان دەکردەوەو بە عەمەلی مەسعودو نێچیر ئەقڵی یەکێتیان بە ڕێوەدەبرد بەکاریان دەهێنا،ئەمە بە جۆرێک بوو نێچیر لە تیڤی گەلی کوردستان کە خۆی گەلی یەکێتییە، بڵێ"مام جەلال پێی وتووم تۆ لە ناو یەکێتیدا جێگری منیت"سەرانی یەکێتیش سەرقاڵی بازرگانی و پارەی مۆڵ و خۆدەولەمەندکردن بوون و کەسیان ئاگایان لەوە نەما کە پارتی وبنەماڵەی بارزانی چۆن سیاسەت دەکەن وچۆن ژێر بەژێر یەکێتی بەکار دەهێنن و زۆرترین گەرا دەادەنێن لەناو ڕیزەکانی یەکێتیداو بەپارە دەیانکڕن و دایان دەنێن تا کاتی مناسب و کەی کاتی هات دەیان بات بۆخۆی،ئەوەی کە ئێستا ڕوودەداو بە پۆل سەرکردەو ژێرکردەکانیان واز دەهێنن و بەشێکی زۆریان دەچنە ناو پارتی،بەرهەمی ئەم ساتەوەختە نییە،بەڵکو سالانێکە پاراستن و پارتی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتیدا گەرایان داناوەو دەیان کڕن و لەوێ خەواندویانن تا ئەوکاتەی پێویستیان پێیان دەبێت،ئەو خەڵکانەیش بە بەشێک لەوە تێگەیشتوون کە یەکێتی وپارتی هیچ جیاوازیان نییەو هێشتا یەکێتی بۆتە پاشکۆی پارتی و ساڵانێکە بۆی چەماوەتەوەو خۆ بە خۆ قبوڵکردنی دیکتاتۆریەتی پارتی وبنەماڵە لە لایەن هەر هێزێکەوە ئەوا کوشتنی ئەو هێزەیە، سەرەتا ئەوە یەکێتیە خۆی کوشتوەو ئەگەر مەسەلە کوردیەکەیش بە نموونە بهێنینەوە کە دەڵێت" شەقی نۆکەر ژانی زیاترە لە شەقی ئاغا" ڕێک بەسەر کادرو سەرکردەکانی یەکێتیدا سەبت دەبێت،ئەوان کە لە ڕێگای یەکێتییەوە شەقی پارتی بخۆن بۆ خۆیان نەچنە ناو پارتی و لەوێوە شەقەکە بخۆن؟کە ئەو پارەیەی وەریدەگرن پارتی بیدات بە یەکێتی و یەکێتی بیدات بە سەرکردەو کادرەکانی خۆی،بۆ خۆیان نەچن لە پارتی وەریبگرن؟،ئاخر خۆ ئەم خەڵکانە تەنها بازرگانن و دەیانەوێت مەوقعیەتی سیاسی و ئابوری خۆیان بپارێزن،خۆ ئەگەر وانەبێت ناچنە ناو پارتی.
پێشێلکردنی ئازای ومافەکانی خەڵکی کوردستان،بردنی زەوی خەلکی کوردستان وپارەی ئەو ولاتەوخزمەتنەکردنی خەڵکوچەوسانەوەی بێئامانیان وایکرد کە سەرانی یەکێتی هیچ پەیوەندیەکیان بە خەڵکەوە نەمێنیت و بە کردار لەبەرامبەر خەلکدا ڕاوەستاون ودوژمنیان،ئەوەندەیشیان درۆ لەگەڵ خەڵک کردوە ئەگەر بە ڕێکەوت ڕاستیەکیش بڵێن باوەڕیان پێناکرێت.
یەکێکی تر لە کێشەکانی یەکێتی ئەوەیە ئەقڵی سیاسی وسەرکردەی کاریزمی تێدا نییەو ئەوانەی ئێستا بەڕێوەی دەبەن جگە لەوەی بازرگانن،جگە لەوەی پارچە پارچەن وکینەیان بۆیەک هەیەو ناگونجێن،خەلکانی نەزان وساویلکەو نەخوێنەوارن وئەقڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی وخاوەنی هیچ فکرەیەکو خەتێکی سیاسی نین.
زۆربەی هەرە زۆری کادرو ئەندامانیشی بە ڕەهایی تەنها شوێن موچەوپارەی خۆیان کەوتوون و ئەوەندەی قازانجی تایبەتی خۆیان و خێزانەکانیان دەوێت ئێستای یەکێتی و ئایندەی یەکێتیان بۆ مەسەلە نییە، لەسەرانی حیزبەکەیشیانەوە فێر بوون خەمی نیشتیمان و گەلەکەیان نییەو تەنها خۆیان بژین هیچی تریان ناوێت،پارەیان بەرێ لەگەڵینی نەیانداتێ لەگەڵی نین،هەتا ئێستا پارەکەیش وەردەگرن و لەگەڵیشی نین،ئەمەش ئاوێکە خۆیان ڕشتویانەو باجەکەیشی دەبێت بدەن، هەرئەمەیشە وایکردوە پۆل پۆل دەڕۆن بۆ لای پارتی بۆ ئەوەی ئێستاو ئایندەی خۆیان بپارێزن.
چونی سەرکردەو کادری یەکێتی بۆ لای پارتی لەبەر ئەوەنییە لای ئەو کەسانە پارتی باشترە،لەبەر ئەوەیە پارتی چەک وئاسایش وهێزی هەیەو دەیان پاریزێت لەدەستی یەکێتی،دەنا دەیان کوژن،ئاخر یەکێتی ڕۆڵی مافیا دەبینێت،هەموویان ژێر بەژێر وەک سەروەت یان زانای قایمقام لێدەکەن،گۆڕانیش ناتوانێت بیانپارێزێت،لێرەوەیە باشترین جێگا ناو پارتییە.
بەم حالەوە یەکێتی ئایندەی نیە بەڕای من باشترین ڕێگا تەسلیم بونیانە بە ئیرادەی خەڵک وئەوەیە خۆیان هەڵوەشێنن، یان دەبنە دوکانێک لە دوکانە سیاسییەکان.