پێکهێنانی کابینەی هەشت، قەڵەوکردن و لەڕکردن
25/04/2014 نوسەر: bzavpress

پێکهێنانی کابینەی هەشت، قەڵەوکردن و لەڕکردن

  
‌پەندێکی عەرەبی هەیە ئەڵێ (أحمق من هبنقة)، ئەم پەندە باس له شوانێك ئەكات ناوی(هەبەنقە) بووە، كاتێ مەڕەكانى بردووه بۆ لەوەڕ قەڵەوەكانى خستوته لەوەڕيكى باش و لەڕەكان (لاوازەكان)ى خستوته شوێنيكى بێ لەوەڕ، وەختێ لييان پرسيووه بۆ وائەکەى؟ وتویەتى كارى خوا تيك نادەم، قەڵەوەكان به قەڵەوى ئەهێڵمەوه و لەڕەكانيش وەكو خۆيان !! ‌‌ئەوەی ئەم پەندەی وەبیرخستمەوە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو،‌ لایەنە پشکدارەکانی کابینەکە بە گوێرەی ڕێژەی دەنگەکانیان کە لە هەڵبژاردنی ٢١ی٩ دا بە دەستیان هێنا بەشداری ئەکەن و چەند کەسانێک دیاری ئەکەن بۆ ئەو وەزارەتانەی بەریان کەوتوە، هەنگاوی گرنگ لە پێکهێنانی ئەم کابینەیەدا لادانی کەسانێکە لە پۆستەکانیان و دانانی کەسانی ترە لە جێگەیان. ‌

دانانی کەسانێک لە هەر پۆستێکدا جۆرێکە لە قەڵەوکردنیان یان لەڕکردنیان. ‌گومانی تێدا نیە کە پۆست لەگەڵ ئەوەی ئەرک و سەرئێشەیە، سەرمایە و دەسکەوتیشە، سەرمایەی ڕەمزی و ماددی، کەسی پۆست پێدراو مووچەیەکی باشی دەست ئەکەوێ، خەڵکيكى زور هاتوچۆی ئەکەن، پەیوەندی ئاست بەرزی بۆ دروست ئەبێ، ئەکەوێتە سەرشاشەی تەلەفزیۆن و لە میدیاوە باس ئەکرێ، ناو دەرئەکا، ئەم دەسکەوتانە خاوەن پۆست گەورە ئەکەن یان گەر بیبەستینەوە بە پەندەکە ئەوا قەڵەو ئەکرێ. ‌بە دیوەکەی تردا پۆست سەرئێشەیە، سەرقاڵبوونە، بارودۆخی ناخۆشى چاوەڕوان نەکراوی تێدایە، ئەگەر کەسی خاوەن پۆست بێ سەلیقە بوو، لە ئاست بەرپرسیارییەکەیدا نەبوو، خۆی دايه پاڵ لە خۆگەورەتری نایاسایی، چاوەڕێی هاوکارانی نایاسایی بوو لە هەموو بڕیاڕ و هەڵوێستێکدا، ئەبێتە هۆی لاوازبوونی، لاوازبوونی کەسایەتی و پێگەی، لاوازبوونێک کە بەدناوی، تۆمەتبارکردن و دواتریش ڕەنگە دوورخستنەوەیەکی شەرمەزار دەرەنجامەکەی بێ، بە گوێرەی پەندەکە بێت لەڕ ئەکرێ.

 ‌قەڵەوکردن یان لەڕکردنی پۆستدارەکان جگە لە سوود و زیانی شەخسی خۆیان کارئەکاتە سەر ئەدای حکومەت، هەر بۆيه ئەو كارەی (هەبەنقە) بۆ ئەو كاته(حەماقەت) بووه وەلى بو ئەم زەمانه ڕەنگه(حيكمەت) بێ. وەک چۆن لە ڕووی تەندروستیەوە قەڵەوکردنی لاوازێک کە جەستەی بەرگەی ئەو قەڵەوبوونە نەگرێ دوور نیە تووشی دەیان نەخۆشی پەیوەست بە قەڵەویەوە بکات وەکو زەخت و سەوەفان و جەڵتە و .... بە هەمان شێوە گەورەکردنی کەسێک کە شایەنی نەبێ و تەنها بە خاتری هەندێ ئیعتیباراتى شەخسى يان حيزبى پۆستى پێبدرێ دوور نیە تووشی نەخۆشیەکانی لە خۆبایبون، سەرلێشێوان، کارتێکدان و گەندەڵی بکات. ‌پۆستەکان لە وەزیرەوە بیگرە بۆ وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرەگشتییەکان و سەرۆک بەشەكان و تەواوی جومگەکانی وەزارەتێک یان فەرمانگەیەک، ئەگەر بە کەسی شیاو و بە توانا لەوبوارەدا نەدرا، قەڵەوکردنی لەڕێک(لاواز)ێكى ناشايستەيه و دەرەنجامەکەی فەشەلی ئیداری و دواتر تەشەنەکردنی ئەو فەشەلە بە ناو هەموو بەشەکانی دەزگاکەی لێئەکەوێتەوە.

 ‌‌‌ ‌قەڵەوكردنى لەڕەكان شێوازى زۆره، لەوانه پێدانى پۆسته به كەسێك هیچ وەزنێكى ئەکادیمی یان سیاسی یان کۆمەڵایەتی نەبێ کە کارەکانی پۆستەکەی باشتر و بە یاسایی بکا یان تواناکانی لە ئاست ئەو بەرپرسیاریتییەی پێیدراوە لاواز بێ و قورسایی و گرنگیی پۆستەکەی وەزنێکی پێبدا و گەورەی بکا. ‌ ‌شێوازێکی تر ئەوەیە لەنيوان دوو كارپيسپيرراودا ئاسانكارى بۆ يەكێکيان بكرێ و پشتگوێخستنى ئةوى تر، پاشان لەكارلابردنى پشتگوێخراوەكە و بەرزكردنەوەى گوێپێدراوەكە واتە قەڵەوكردنى لەڕێك و لەڕكردنى قەڵەوێک.

 بڵندكردنی لەڕێكى قەڵەوكراوى ناشايسته واى لێئەكا هیچ باوەڕى به لۆجیکی پێگەیشتنی پلەیی نەمێنێ و پێی وابێ لەپڕێ ئەبێتە کوڕێ و لە هەرهەنگاوێكى تردا باوەڕبەخۆبوونێکى خەياڵى بۆ دروست بێ و له هەموو بڕيار و كارێكدا ڕەخنه و پێشنيارى ها‌وکاران و چاودێران قبوڵ نەکا. ‌‌بێگومان فەرمانگەکانی حکومەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بێ هەڵە و کەموکورتی نەبووە، گەندەڵیان تیا کراوە و یەکێک لە هۆکارەکانیش کەسانی یەکەمی فەرمانگە و دەزگاکە بووە، ئومێد ئەکرێ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ئەو گرفتانە سەرەتا کەمبکاتەوە و دواتر بە تەواوی چارەسەر و بنبڕ بکا ئەویش بە دانانی کەسی شیاو لە پۆستەکاندا یان قەڵەوکردنی کەسێکی شایستە وەکو هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی ناتەواوی و خەلەلەکان. ‌(هەبەنقە) بوون لەم روژگارەدا داناييه، دەستنەدان له كارى خوا تەقوايه، داناییە کادرێک قەڵەوبکرێ شایەنی قەڵەوکردن بێ، پۆست بە کەسێک بدرێ ئەهلی ئەو کورسیە بێ، سەردەم سەردەمێكه پێويستى به(هەبەنقە)يه و ئەکرێ(هەبەنقە)كان به نمونەی سەركردەى حەكيم و بليمەت له قەڵەم بدرێن و زيندووكردنەوەى (هەبەنقە)يى بەشێک بێ لە چارەسەرى كێشەی پۆستەكان.