27/04/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ڕونکردنەوەکەی د.عبداللطیف سەبارەت بەهەڵبژاردن فەتوایەکی بێ بەڵگەو، بەلاغێکی سیاسی بوو
لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن و نزیکبوونەوەی وادەی
دەنگدان، د.عبداللطیف دەمڕاستی بەشێک لەسەلەفیەکانی کوردستان
ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە .
جا لەبەر ئەوەی هەندێک لە موسڵمانان
قسەو فەتواکانی وەک ڕای شەرع و قورئان و سوننەت وەردەگرن و وادەزانن ئەوو
هاوبۆچوونەکانی هەموو قسەو فەتوایەکیان
پشت ئەستورە بە ئایەت و حەدیس، بۆیە بە پێویستم زانی هەندێک هەڵەی زەق کە
لە ڕوونکردنەەکەی بەڕێزی دا هاتوون ڕاست بکەمەوە بۆ ئەوەی ئەگەر بەڕێزیشی
گوێیان پێ نەدات، لانیکەم خەڵکی موسڵمانی دیکە لێیان ئاگاداربن و بەهەڵەدا
نەچن .
دکتۆر سەرەتای ڕوونکردنەوەکەی بە حوکمێکی بێ بەڵگە دەست پێ
دەکات و دەڵێت: (باوهڕم به پرۆسهي ههڵبژاردن نييه و به كارێكي
شهرعيشي نازانم, له بهر چهندین هۆكارێک ) .
بێگومان شەرعی
بوون و شەرعی نەبوونی هەر شتێک کارێکە دەچێتە چوارچێوەی فەتواو حوکمی
شەرعیەوە، حوکمی شەرعیش دەبێ بەبەڵگەی شەرعی بسەلمێنرێت لە کتاب و سوننەت
نەک بە قسەی ڕووت، بەڵام ناوبراو بۆ ناشەرعی بوونی هەڵبژاردن یەک دانە
ئایەت یان حەدیس یان قسەی زانایانی سەلەفی دەست نەکەوتووە، بۆیە بەناچاری
هاتووە کۆمەڵێک هۆکاری ڕیزکردوون کە لەقەناعەتی خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە
نەک لەشەرع، زۆربەی ئەو هۆکارانەی باسی کردوون خۆیان پێویستیان بەسەلماندن
هەیە بەبەڵگەی شەرعی، نەک بکرێنە بەڵگە ، دیارە خەڵک چاوەڕێی ئەوەی
لەجەنابی دکتۆر هەیە بەبێ بەڵگەی قوڕئان و سوننەت قسە نەکات وەک چۆن خۆی وا
بەخەڵکی دەڵیت و، دەڵێ قسەی کەستان قبوڵ نەبێت بێ بەڵگەی ئایەت و حەدیس .
ئەو کە نەیتوانیوە تاکە بەڵگەیەک لەسەر ناشەرعی بوونی هەڵبژاردن لەخودی
خۆیدا بهێنیتەوە، هەستاوە بە ڕێزکردنی کۆمەڵێک دیاردە، کە ئەوانە دەکرێ لە
هەڵبژاردن دا ڕووبدەن و دەکرێ ڕووش نەدەن، بەڵام هیچ کام لەوانەیە
نەبەستراونەوە بە هەڵبژاردنەوە، ئەوە خەڵکە وادەکات ئەو شتانە ڕووبدەن نەک
خودی پڕۆسەکە، ئەوەش شتێکی چاوەڕوانکراوەو تایبەت نیە بەهەڵبژاردن، زۆر شتی
تریش هەیە خۆی باشە و تەنانەت واجبیشە، لەگەل ئەوەشدا خەلک گوناهو ناشەرعی
تێدا دەکەن، ئایا دەکرێ ئێمە ئەسڵی کارە باشەکە واز لێ بهێنین و ڕەفزی
بکەین لەبەر ئەوەی خەڵکێک بەخراپ بەکاری دەهێنن؟
ئایا ئەو حەجەی
دروشمی ئیسلامەو واجبە لەسەرمان ، یان ئەو عەمرەیەی جەنابی دکتۆر سەفەری بۆ
کردووە (خوا لێی قبول بکات) ئایا کەسانێکی زۆر نین دەچن لەوێ لەپەنای حەج و
عەمرەوە جۆرەها کاری خراپ و بێشەرعی دەکەن؟ ئایا دەکرێ لەبەر ئەوە دەرگای
حەج و عەمرە دابخەین؟
جەنابی لەجیاتی ئەوەی بەبێ بەڵگە فەتوای
ناشەرعیبوونی هەڵبژاردن بدات دەبوو فەتوای حەرامی و ناشەرعیبوونی ئەو
هۆکارانە بدات کە هەڵبژاردن ناشیرین دەکەن ، نەک ئەوانە بکاتە پاساو بۆ
حەرامکردنی هەڵبژاردن ... ئەمە جگە لەوەی ناکرێت ئەو خاڵانەی ئەو باسی
کردوون هەموو بەشداربووانی هەڵبژاردنی پێ تاوان بار بکرێت، جا کە ئەسڵی
پرۆسەکە خۆی ناشەرعی نیە و پێویستیشمان پێیەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و
دەستنیشان کردنی کاربەدەستان ناکرێت سەرلەبەری ئەو خەڵکە تۆمەتبار بکرێت بە
تەزویرو خیانەت و ئاشوب نانەوەو شتی تر .
هەروەها هەندێک لەو
هۆکارانەی دکتۆر باسی کردوون بۆ ناشەرعی بوونی هەڵبژاردن ڕاست نین و ئەسڵ و
ئاساسیان نیە نە لەشەرع و نە لەواقیع دا، بەنموونە جەنابی دەڵێت: (١٠- وە
ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە شەرعيەت دانە بە ديموكراسيەت وە تۆمەتباركردنى
ئيسلامە بە وەى كە نوقصانەو چارەسەرى كێشەى دانانى كەسى لێپرسراوى پێ
ناكرێت )
نازانم جەنابی دکتۆر گوێی لە چ کەس و لایەنێک بووە بڵێ ئێمە
بۆیە هەڵبژاردن دەکەین چونکە پێمان وایە (ئیسلام نوقسانەو چارەسەرى كێشەى
دانانى كەسى لێپرسراوى پێ ناكرێت) ؟ هیوادارم ئەگەر لەهەر کەس و لایەنیک
گوێی لێ بووە بەبێ شەرم بیڵێت چونکە ئەوە کوفرێکی صەریح و ئاشکرایە هەرکەس
بێلێت، ئەگەر گوێشی لێ نەبووە دەبێ لیی بپرسین: چۆن ڕێت بەخۆت داوە قسە
لەسەر نیەت و ناودڵی خەڵکی بکەی و ئەو تۆمەتە گەورەیە بدەیە پاڵ موسڵمانان
کە هیچی کەمتر نیە لە تۆمەتی تەکفیر؟
هەر سەبارەت بە هەڵبژاردن
دەڵێ: (١١- لادانە لە سوننەتى پێغەمبەرى خوا لە چۆنیەتى بانگەوازى و حوکم
رانی و دانانى کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو، وە لاسایی کردنەوەى وەسیلەى جولکەو
گاورە)
ئەو قسەیەی بەڕێزی یان نەزانییە یان خۆنەزان کردنە بەرامبەر دوو هەقیقەتی سەلمێنراو:
یەکەم/ لەسوننەتی پێغەمبەری خوادا صلی الله علیه وسلم هیچ شێوەیەکی
دیاریکراو (بۆ حوکم رانی و دانانى کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو) فەرز نەکراوە
کە بفەرموێ هەر ئەو شێوازە دروستەو بەس، بەڵکو ئەوە بەجێ هێڵراوە بۆ خەڵکی
لەهەر سەردەم و کاتێکدا بەپێی بارودۆخ و پێویستی خۆیان ئەو کارە بکەن، بۆیە
خەلیفە ڕاشیدەکان هەریەکەو بەجۆرێک دانراون بەپێی بەرژەوەندی موسلمانان
لەوکاتانەدا، هەروەها هیچ دەقێک نیە لە ئایەت و فەرموودە هەڵبژاردن حەرام
بکات، ئەگەر هەبوایە دڵنیام جەنابی بۆ سەلماندنی ڕای خۆی دەینوسی، بەلام
کەئەوەی دەست نەکەوتووە پەنای بردۆتە بەر دۆزینەوەی عەیب و عار لە
هەڵبژاردن، خۆ خەڵکی تریش ناڵێت هەڵبژاردن هیچ عەیب و عارێکی تێدا نیە،
بەلام هەر بەو پێوەرەی عەقڵیەی جەنابی پەیڕەوی دەکات، ئەگەر لایەنە
باشەکانی هەڵبژاردن بژمێرین و بەراوردی بکەین لە گەڵ شێوازەکانی تری دانانی
کاربەدەست لەم سەردەمەدا ، یان بەراوردی بکەین بەحوکمی بنەماڵەیی هاوشێوەی
مەملەکەی عەرەبی سعودی و شانشینەکانی تر، نەک دە دوازدە خاڵ، دەتوانرێ
سەدان خاڵی ئیجابی هەڵبژاردن ڕێز بکرێن .
دووەم/ سەبارەت بەوەی
هەڵبژاردن لاسایی کردنەوەی وەسیلەی جولەکەو گاورە: ئەوە قسەیەکی بێ بەڵگەو
بێ بنەمایە چونکە هەڵبژاردن بەو شێوەی ئێستا داهێنانێکی دینی نیە ، وەک چۆن
ئیسلام داینەهێناوە جولەکەو گاوریش دایان نەهێناوە، ئەگەر بیگوتبا وەسیلەی
ڕۆژئاواییەکانە هێشتا کەمێک وێ دەچوو، بەڵام ئایا هەر وەسیلەیەک ڕۆژئاوایی
بوو جەنابی دکتۆر دەتوانێ مۆری حەرامێتی لێبدات تەنها لەبەر ئەوەی
ڕۆژئاواییە؟ خۆ بەتەعبیری بەڕێزی هەڵبژاردن لە بابەتی وەسائیلە نەک عبادات ،
ئەگەر بەڕێزی هەموو وەسیلەیەکی ڕۆژئاوایی بەباش و خراپەوە ڕەت بکاتەوە
دەبێ وەسائیلی گواستنەوە و وەسائیلی پەیوەندی و وەسائیلی ڕاگەیاندن و
تێکڕای وەسائیلە رۆژئاواییەکانی تریش لەخۆی حەرام بکات!!
لەخاڵێکی
تردا دەڵێت: (١٢- سهرهڕاي ئهوهيش كه زۆر جار بۆ ئهنجومهني ياسا
دانانه كه تيادا ياساي پێچهوانهي شهرعي خوا دادهنرێت پهنا بهخوا) .
بۆ ئەو خاڵەش من لەجەنابی دەپرسم: ئایا هۆکار چیە کە لەو ئەنجومەنانەدا
یاسای پێچەوانەی شەرعی خوا دەردەچن؟ ئایا لەبەرئەوە نیە کە خەڵکی دیندار
لەو ئەنجومەنانەدا کەمینەن؟ بۆ ئەوەی ئەو جۆرە یاسایانە دەرنەچن ئایا ئێمە
دەبێ بەیەکجاری ئەو کەمینەیەش کەمتر بکەینەوە یان دەبێ هەوڵی زیادکردنی
بدەین و وابکەین خەلک و لایەنەکان کەسانی دیندارزیاتر بنێرنە ئەو
ئەنجومەنانە؟ ئەگەر خەلکی دیندار واز لەخۆپاڵاوتن و دەنگدان بهێنن ئایا ئەو
کاتە ئەو بڕیارە پێچەوانەی شەرعانە کۆتاییان پێدێ یان زیاتر دەبن؟ ئایا
ئەو جەنابت دەتوانی ئەوجۆرە یاسایانە ڕابگری یان ملکەچیان نەبی؟
دوای
ڕێزکردنی ئەو هەموو هۆکارە بۆ ناشەرعیبوونی هەڵبژاردن، دکتۆر دێتە سەر باسی
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاڕێزگاکان و دەڵێ: (بهڵام ئهمجارهيان
ههڵبژاردني ناوخۆ بۆ پهرلمان و ياسا دانان نييه بهڵكو بۆ پارێزگاكانه
كه ئهمهيان ههمان حوكمي ئهوهي پێشووي نييه لە هەموو شتێکدا.) !!
ئەوەش یەکێک لە تەناقوزاتی بەڕێزی!!
لەلایەکەوە هەڵبژاردنی کردە دێوەزمە، لەولاشەوە دەڵێ بۆ پاڕێزگاکان
حوکمەکە جیاوازە!! بێ ئەوەی بڵێ جیاوازیەکە چیەو حوکمە چیاوازەکەش کامەیە؟
تەنها لەبەر ئەوەی یاسادانانی تێدا نیە، لەکاتێکدا ئەنجومەنی پارێزگاکانیش
پەرلەمانێکی بچوککراوەیە ، لە سنوری دەسەڵاتی خۆیدا هەمان دەسەڵاتی بڕیارو
ئەمرو نەهی هەیە کە پەرلەمان هەیەتی.
هەروەها بەڕێزی ناڕاستەوخۆ
بە هەوادارانی دەڵێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ مەدەن چونکە خۆی
گووتەنی بۆ پەرلەمان و یاسادانانە، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان زیاتر
پێویستیان بەزۆربوونی دەنگی کوردە بۆبەغدا بەتایبەتیش لەناوچە
کێشەلەسەرەکان، هەروەها ئەو یاسادانانەی ئەو باسی دەکات بەتایبەت لە عێراق
دا یاسای وەکو نەوت و غازو بودجەو شتی لەوجۆرەن نەک کوفرو ئیسلام .
دواتر جەنابی دەڵێ: (وه تا ئێستايش بۆ ئەم هەڵبژاردنە من به كهسم
نهوتووه دهنگ بدهن به فڵانه كهس يان فڵانه ليست). بەڵام چەند دێڕێک
دوای ئەوە ناڕاستەوخۆ بە هەوادارانی خۆی دەڵێ دەنگ بەکێ بدەن و بەکێ
نەدەن!!
پاشماوەی ڕوونکردنەوەکەشی بۆ هەوادارانی (کە من زیاتر وەک
بەلاغێکی سیاسی دەیبینم) بەو ئاڕاستەیەدایە: کەدەنگ نەدەن، بەڵام بۆپاکانە
بۆخۆ کردن لەلای هەندێک لایەن پێ دەچی ئەو ڕوونکردنەوەی دابێت بۆ ئەوەی
نەڵێن دژی هەڵبژاردنە، هەروەها زۆر ترین قسەو تەوجیهی بەو ئاڕاستەیەیە کە
خەڵک متمانە بەلایەنە ئیسلامیەکان نەکەن، وەدەیەوێ بەخەڵک بڵێ کە جیاوازی
نیە لەنێوان ئیسلامیەکان و عەلمانیەکاندا...
جا ئەوە تا چەند دروست و
بەجێیە ئەوە خۆی دەزانێ، ئەو حوکمدانە بابۆبەینی ئەوو خوای گەورە بێت..
هەروەها من پاڕیزەری هیچ لایەنێک نیم تا بەرگریان لێ بکەم ، بۆیە تەنیا ئەو
بەشەی پەیوەندی بە حوکمی شەرعی هەڵبژاردنەوە هەبوو ویستم قسەی لەسەر بکەم .