جگە لە یەكێتی، لە سلێمانی لایەنەكان لە ساختەكاری دەترسن
30/04/2014 نوسەر: bzavpress

جگە لە یەكێتی، لە سلێمانی لایەنەكان لە ساختەكاری دەترسن


لە شاری سلێمانی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێكی هاوبەش بڵاودەكەنەوە لەسەر مەترسی ساختەكاری لە هەڵبژاردن.

لە راگەیەنراوەكەدا لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەڵێن"هەوڵێكێك لەئارادایە بۆ ساختەكردن، كە لە چەندین شوێن رێی لێگیراوە، داواكارین لە بریكارەكانمان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان رۆڵیان هەبێت لە چاودێریكردنی پرۆسەكە بەگشتی و بەتایبەتی لەكاتی ژماردنی دەنگەكان و گواستنەوەیان بۆ بنكەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان، بەمەبەستی مسۆگەركردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد".

لایەنەكان هۆشداری دەدەن "بۆ هەمو ئەوانەی كە ساختەكاری دەكەن، یان بەشداری تێدا دەكەن و ئاسانكاریی بۆ دەكەن"، وە هەمو كەموكورتی پرۆسەكە دەخەنە ئەستۆی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە "ماوەیەك پێش ئێستا كۆمیسیۆنمان ئاگاداركردووەتەوە و پێمان وایە بەڕێوبەری لقی سلێمانی لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتیەدا نەبووە".

دەقی راگەیەنراوەكە:

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

راگەیەندراوێكی هاوبەش لە لایەن لایەنەكانی

(بزوتنەوەی گۆڕان _ یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان_ كۆمەڵی ئیسلامی – پارتی دیموكراتی كوردستان)

جەماوەری سەربەرزی كوردستان، ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە دەنگەكانتان ئایندەیەكی گەشتر مسۆگەر بكەن بۆ گەلەكەتان، لەم كاتەدا كە لە گەرمەی پرۆسەی دەنگدان بەپێویستی دەزانین سەرنجتان بۆ ئەم چەند راستیە رابكێشین:

دەنگدەری ئازیز :

1.دەنگدان مافێكی خۆتەو ئەركێكی نیشتمانییە بۆیە داواكارین بەوپەڕی هیمەتو جۆش و خرۆشەوە لەم چەند كاتژمێرەی ماوە روەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆن بۆ ئەوەی رێبگرن لەهەر تەزویرو ساختەیەك كە نەچونی ئێوە زەمینەی بۆ ساز دەكات .

2. داواكارین هەمو لایەنە پەیوەندیدارەكان وشیارانە مامەڵە بكەن و رێگربن لە دەستتێوەردانی هەندێ لایەنی حیزبی و سەربازی كە لێرەو لەوێ لە دەوروبەری بنكەكانی دەنگداندا لەدەرەوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن كاردەكەنو لەهەوڵدان بۆ كاری ساختەكردن.

3. هەوڵێكێك لەئارادایە بۆ ساختەكردن ، كە لە چەندین شوێن رێی لێ گیراوە، داواكارین لە بریكارەكانمان لەسەر صندوقەكانی دەنگدان ، چاودێرە ناوخۆییو نێودەوڵەتیەكان رۆڵیان هەبێت لە چاودێریكردنی پرۆسەكە بەگشتیو بەتایبەتی لەكاتی ژماردنی دەنگەكانو گواستنەوەیان بۆ بنكەكانی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەمەبەستی مسۆگەركردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وە هەروەها هۆشداری دەدەین بۆ هەمو ئەوانەی كە ساختەكاری دەكەن یان بەشداری تێدا دەكەن یان ئاسانكاریی بۆ دەكەن وە هەمو كەموكورتی پرۆسەكە دەخەینە ئەستۆی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، چونكە ئێمە ماوەیەك پێش ئێستا كۆمسیۆنمان ئاگادار كردووەتەوە و پێمان وایە بەڕێوبەری لقی سلێمانی لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتیەدا نەبووە.

لەگەڵ ڕێزدا ...

30-4-2014