مامۆستا زوهرە، لەچەمچەماڵ، لەلایەن مێردەکەیەوە ماڵەکەیاندا کوژرا
30/06/2013 نوسەر: bzavpress

مامۆستا زوهرە، لەچەمچەماڵ، لەلایەن مێردەکەیەوە ماڵەکەیاندا کوژرا



شەوی ڕابردوو کاتژمێر یەکی شەو مامۆستا زوهرە لە ناو ئاودەسی ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن پیاوەکەی خۆیەوە دەکوژرێ و سەرجەم گولەکان لەسەرو ناو چاوی دەدا ، لەکاتی دەست هەڵبڕین بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات دەستیشی کوناودەر دەبێ و پەنجەیەکی دەقرتێ ، ناوبراو خۆشەویستی سەرجەم مامۆستایان و قوتابیانی سەرکانی تێکەڵاوی قەرەهەنجیرەو لە ماڵەکەی خۆیدا لە چەمچەماڵ دەبێتە قوربانی و دوای هێنانەوەی تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری سلێمانی هەر لە چەمچەماڵ دەنێژرێ ، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی پرسەکەی بوو ..
هاوسەری مامۆستا زوهرە پێشمەرگەی خانەنشینەو بۆ چارەسەری دەروونی چوارساڵ لە وڵاتی نەرویج بووە دواتر گەڕایەوەو باری دەروونی تێک دەچێ ، جارێکی تر پێش چەند مانگێک لە لایەن کەسوکاری مامۆستا زوهرەو براکانییەوە پارەی بۆ کۆ دەکەنەوەو بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی دەچێتەوە وڵاتی نەرویج ، بەڵام دوای ئەوەی دەبیستێتەوە سلفەی ١٥ ملیۆنی پێشمەرگەی دێرینی بۆ دەرچووە ، چارەسەرەکەی لە وڵاتی نەرویج تەواو ناک...او دەگەڕێتەوە ، دوای ماوەیەک بەو چارەسەرەی لەو وڵاتە وەری گرتووە باش دەبێ ، بەڵام لەسەردانی دوکتۆرێکی ناوخۆدا ، ئامۆژگاری ئەکرێ کە نابێ ئەو چارەسەرە بەکار بێنێ ، بۆیە وەزعی دەروونی زۆر خراپ دەبێ ، مامۆستا زوهرەش لەو پارەیەی لە قووتی مناڵەکانی گرتبووە وە لەسەر داوای خۆی کە دەیەوێ مەراسیمی عەمرە بۆ ماڵی خوا بکات ، ئەو پارەیەشی دەخاتە چنگ و دەچێتە ماڵی خوا، دوای گەڕانەوەی لە عەمرە وەزعی خراپتر دەبێ و هەمیشە باسی کووشتنی خۆی و مناڵەکانی و ژنەکەی دەکات و من بۆخۆم ڕاستی هەواڵەکەم لەدەمی خۆیەوە بیستووە ، بەڵام ئەو دەیوت قەیناکا با بمکوژێ خۆ من بەرەڵای ناکەم ئەو زۆر منی خۆشدەوێ و هەمیشە دەچێتە بازاڕو بە دڵی خۆی شتم بۆ دێنێ هەرچەندە زۆر جار جل و شتومەکەکانیم بەدڵ نییە بەڵام قەت دڵی ناشکێنم نەبادا تێک بچێ .. ئەو کەسێکی زۆر بەوەفا بوو بۆ پیاوەکەی لە کاتێکدا ئەیزانی ئەکوژرێ .. ئەم ژنە پەپوولەیە خاوەن دوو کوڕی خوێنکارو کچێکی پۆلی یانزەیە .. سەرداری هاوسەری دوای ئەوەی زوهرە دەکوژێ کوڕە گەورەکەی دەنێرێ دەڵێ بزان دایکت ماوە ؟
کوڕەکەشی دوای دەستدان لە لاشەی خوێناوی دایکی تێکدەچێ و دەبوورێتەوە ، بەڵام هەڕەشە لە کوڕو کچەکەی تری دەکات لە شوێن خۆیان نەبزوون ، دواتر خۆی تەلەفۆن بۆ کەسوکاری دەکاو دەڵێ وەرن وا زوهرەم کوشت . دوای گەیشتنی کەسوکاری بە پێکەنینەوە دەڵێ بەڵێ کوشتم . دواتر ئاسایش لە ئاودەستەکە تەرمەکە دەردێنێ .. بەڵام سەردار زیرەکانە تفەنگەکەی ئەشارێتەوە ، سەعات دەی بەیانی لە بەندیخانە بە خۆیدا دێتەوە و دەست ئەکاتە باوکەڕۆ.

شایانی باسە، ئەمە یەکەم قوربانیی ژنان نییە و هەر دوێنێش، ژنێکیتر لەچەمچەماڵ، بەهۆی ئەوەی مێردەکەی تەڵاقیدا، دەمانچەیەکی نا بەسەری خۆیەوە و خۆی کوشت. هەربۆیە، کوردستان، ئێستا، بووەتە قەسابخانەیەکی بەردەوامی ژنان و هیچ هەوڵێکیش بۆ راگرتنی، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە.