01/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
هەڵبژاردن بەسیستەمی دیموکراسی کۆتایی هات بۆ ئەنجومەنی یاسا دانان لەجیاتی تەشریعاتی ئیلاهی!
بەپشتیوانی خوای گەورە دەڵێین: (دارالندوة)ی ماڵی کۆبونەوەی قورەیش کە لەمێژووی ئیسلامدا بە درێژی باسی لێوەکراوە، ئەو ماڵە بوو کە سەرانی بێباوەڕی قوڕەیش وەك پەرلەمانی ئێستا یاسایان تێدا دەردەکرد بۆ جێ بەجێ کردنی کاروبارەکانی ژیانیان لە جیاتی تەشریعاتی خوای گەورە!.
کاتێك پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) بانگەوازی یەکخوا پەرستی بڵاوکردەوە، پاش سێ ساڵ کەئاشکرای کردو، داوای لەسەرانی قورەیش کرد کەچی تر وازبێنن لە بەندایەتی کردن بۆ بتەکانیان و لە پەرلەمانەکەشیاندا دەبێت تەشریعی خوای تێدا جێ بەجێ بکرێت ، وە دەبێت تەنها بەندایەتی بۆ خوای گەورە ئەنجام بدرێت لە سەرجەم کاروبارە کانی ژیانداو، تەنهاش شەرعی خوا سەروەر بێت، لێرەدا کەوتنە دژایەتی و ئازاردانی خۆی و هاوەڵە بەڕێزەکانی تا شەهید کردن و دەربەدەرکردن!.
تائەوەی کەزانیان کۆڵ نادات لەبانگەوازەکەی ، نوێنەریان نارد بۆلای کە ڕێکەوتنێك بکەن و پەیمانێك مۆر بکرێت لە نێوان پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) و سەرانی قورەیش دا بەوەی کەساڵێك لەپەرلەمانەکەیاندا تەشریعی خوای تێدا جێ بەجێ بکرێت و ساڵێکیش یاساکانی بت پەرستی، هاوشێوەی(دیموکراسی)!.
بەڵام پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) لەڕێی نیگای خوایی یەوە زانی کەوا ئەم دینە بەو شێوەیە سەرکەوتن بەدەست ناهێنیت و، پاش بێ هیوابوون و ئازارادن و ناڕەحەت کردن و ڕێ لێگرتن لە گەیاندنی بانگەوازەکەی، بیری لە ڕێگە چارەیەکی تر کردەوە ، کە کۆچ و هیجرەت کردن بوو بۆ شوێنیكی سەلامەت تاوەکو بتوانێت قەڵایەك بۆ خۆی دروست بکات و کۆمەڵێکی ئازاو لێهاتوش پشتیوان و سەرخەری پەیامەکەی بن و ئەوەی کەفەرمانی خوایە دەبێت جێ بەجێی بکات و لەجیاتی هاوپەیمانی و حوکمەت دروستکردن لەگەڵ نەیارەکانیدا ، شەرعی خوا بچەسپێنیت!.
تائێرە کەس ناتوانێت بڵێت: بەوشێوەیە نی یە،وە ئەگەر کێشەشتان لەسەر ناوەکە بێت، شەرت نیە هەردەبێت ناوی پەرلەمان بێت چونکە وڵاتی میسر پەرلەمانەکەی ناوی(مجلس الشعب) ە و، کوەیتیش ناوی(مجلس الأمة) یە تا کۆتایی ولاتانی جیهان!.
وە ئێمە کێشەمان لەگەڵ بیناکەدا نی یە ، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ شەرعیەت دانە بە بەشداری کردن لەو شوێنەی کە ئایەتی قورئان یان فەرموودەی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) دەخرێتە دەنگەوەو، کاتێکیش مسولمانان نەك کەمینە بەڵکو زۆرینەش بن لەو پرۆسەیەی ئەواندا جێمان نابێتەوەو ، ئەوان هەر بە ئاگرو ئاسنەکەی دەستیان وەك وڵاتی(میسر) دەمان هێننە خوارەوەو، پاشتریش هەر بەدیموکراسی حوکمی لەسێدارەمان بۆدەردەکەن!.
ئەگەریش دەڵێن: یەك لەبڕگەکانی دەستور ئەوەیە کەنابێت هیچ یاسایەك دژ بەبنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام دەربکرێت، هەر لەخوار ئەوخاڵەشەوە پێمان دەڵێت: نابێت هیچ یاسایەك پێچەوانەی بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی بێت، کە ئەمە نەك متروبە ناکرێت بەڵکو پێویستی بە نیشانەی چاو زەق کردنەوەیە کەوا کاتێك پەلاماری فرۆشگاکانی مەشروب درا لە بادینان ، سەرکردەی لایەنێکی ئیسلامی دەی وت: مەشروب دەقی لەسەرەو پێچەوانەی بڕگەی دەستورە!، یەك لەسەرکردەی حیزبە عەلەمانیەکانیش دەی ووت: سیستەمی حوکمڕانی عەلەمانیەو بەپێی بنەماکانی دیموکراسی ڕێ پێدراوە!، ئایا ئێوە بۆخۆشتان لەم راستیە تێگەشتون کە عەلەمانیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، یان دەتانەوێت راستیەکان لە مسوڵمانان بشێوێنن؟!.
براو خوشکی بەڕێزم: ئەگەر ئەم ڕێگەیە سەرکەوتنی تێدا بوایە بۆ ئیسلام و مسوڵمانان سوێند بەخوا پێغەمبەرەکەمان(صلی الله علیە وسلم) بەدوای شوێن و جێگەیەکی تردا نەدەگەڕا و ، خۆیی و هاوەلانی بەڕێزی ئەو ڕێگە کاکی بەکاکیەی ناو بیابانیان نەدەبڕی تاوەکو شوێنێکی ئەمان بدۆزێتەوە، هەرلەویادا پەیمانی مۆردەکردو هاوڕێ لەگەڵ خزم و کەسوکارەکەی خۆشیدا حوکمەتێکی بنکە فروانی پێك دەهێنا! ، لەجیاتی ئەوەی لەوێ بەرگری بکات لە دینەکەی دووساڵ جارێك تەشریعی دینەکەی خۆشی دەچەسەپاند تیایدا!.
ئێستا لەوەیە کەسێك پرسیار بکات و بڵێت: ئەی باشە ئەگەر مسوڵمانان لاواز بوون و حاڵیان خراپ بوو نەیان دەتوانی کۆچ بکەن ، ئەی چی بکەن باشە؟.
بۆ ئەمەشیان دەلێین: مسوڵمانان خۆیان ئەو لاوازیەیان هەڵبژاردووە ، دەیانەوێت شوێنکەوتەی پێغەمبەری خوا بن(صلی الله علیە وسلم) و لەبەرامبەریشدا هیچ قوربانیەك نەدەن و کەس پێ یان نەڵێت بەری چاوتان کلی پێوەیە، کە ئەم ڕێگەیەش زۆر دوورە لەپەیامی خواو پێغەمبەری خواوە(صلی الله علیە وسلم)!.
بەڵام ئێمە لەبەر خوا ئەو عوزرەشتان قبوڵ دەکەین و دەڵێین: باشە ئەگەر ئێوە راست دەکەن و بەرژەوەندیەکانتان وەلا دەنێن و تەنها بۆ سەرخستنی دینی خوا دەچنە ئەو شوێنە، ئەی بۆ بەیەك لیست بەشداری ناکەن؟.
ئەی بۆ کاتێك دەچنە ئەوجێگایە کاتێك سرودێکی کوفری وەك(ئەی ڕەقیب) لێ دەدرێت نیوەتان هەستاون و نیوەشتان دانیشتون و نیوەکەی تریشتان شەرم گرتونی و ئارەقەی شەمەزاری دەسڕن!.
ئەی بۆ لە پلەو پۆست و پایەکانی کە وەری دەگرن لەغەیری خزمەت گوزاری و هەندێك پۆستی خراپی وا، کەدەیان ساڵە خۆی لەقەیراندایە، زیاتر هیچ جومگەیەکی بەهێزی وەك ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵاو ئەوقافتان نادەنێ ، یان چەندین پلەی هەستیاری تر! ، کە عەلەمانیەکان لەڕێی ڕۆشنبیریەوە مسوڵمانان بەرەو تاریكبیری دەبەن، لەڕێی خوێندنی باڵاوە بەرنامەی ئاین ناهێڵن و لەجیاتی باش کردنی ڕەوشی خوێندن گەنج و لاوەکانمان بەرەو ڕوت و قوتی و تێکەلاوی خراپ دەبەن و بیروباوەڕیشیان فاسد دەکەن، لەڕێی ئەوقافەوەیە هەرچی مامۆستاو بانگخوازی سەر ڕاستە ڕای دەگرن و دووری دەخەنەوە!، ئێوە چیتان لەوان کەمتر بوو ئەگەر یەك دەست و یەك بازو بونایە؟، کێ دەیتوانی ڕێتان لێبگرێت ئەگەر خاوەنی هێز بونایە!.
کەوابو ئەگەر ئەوەتان پێناکرێت کە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) و هاوەڵە بەڕێزەکانی لەسەربووە، بەسە تەنازول کردنتان لەسەر ئەو شەرعە جوانەی خوا ، کە هەرکەس دەستی پێوە بگرێت خوا بەرز ڕای دەگرێت وە هەرکەسیش پشتی تێبکات خوای گەورە خۆشی و ئەوڕێگایەشی هەڵی بژاردووە واز لێدێنێت و هەرگیز بەتەمای سەرکەوتنی خوای گەورە مەبن!.
ئەرێ بەڕاست میسرتان بیرچۆیەوە؟، ئایا ئێوە هەرگیز دەگەنە ئەوڕێژەیە؟.
تۆ بڵێی لەژێر سیستەمی دیموکراسیەکەی ئەواندا جێگەی ئێوەی کەمینە ببێتەوە؟.
تونس دەبینن کەوا چۆن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەنازول دەکرێت بە ڕاشد غەنوشی و حیزبە هەڵبژێردراوەکەی؟.
بزوتنەوەی حەماستان لەیاد چۆیەوە؟ بەهێزیشەوە نەیان هێشت یەك ساڵ حوکم بگرنە دەست؟.
ئێستا ئێوە بەتەمان لەڕێی هەندێك پۆستی خزمەت گوزاریەوە بەرگری بکەن لەدینی خوا؟.
ئەگەر دەڵێن هیچمان پیناکرێت لەوە زیاتر ، هەر ئەوەمان لەدەست دێت، ئەوە پێتان دەڵێین: وەرن با پێکەوە لەبەر خوا نێو ماڵی خۆمان ڕێك بکەینەوەو، قینەو بوغز لەبەین بەرن، یان شوێنەکانتان چۆڵ بکەن بۆ کەسانی شیاوتر لەخۆتان کەدڵ و زوبانتان هێندەی نێوان ئاسمان و زەویە کاتێك بەیەك دەگەن جۆرێك و کاتێکیش دوورن لەیەك خوادەزانێت چۆن گۆشتی یەك دەخۆن، لەجیاتی پیلان دژ بەنەیارانی ئیسلام داڕێژن و کاریگەری لەسەر ئەندامانی ئەوان دروست بکەن، بەپێچەوانەوە خەریکی کارکردنن لەسەر ڕاکێشانی ئەندامانی یەك بۆ حیزبەکانی خۆتان!.
دەتانەوێت ئێمەش پاڵپشتان بین و بەرگریتان لێبکەین ، کە ئێوە سەرخەری پرۆژەکانی دیموکراسین؟،لانی کەم وەرن لەپێش چاوی جەماوەرە ئیسلامیەکەتاندا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێتان بێزار دەبن، داوای لێبوردن لەخوای گەورەو پاشان مسوڵمانان بکەن و، بەڕاشکاوانە پییان بڵێن: ڕێگەکەمان هەڵەیەو، لەوە زیاترمان پیناکرێت!.
لەکۆتایی دا پێتان دەڵێم:
ئەگەرچی ئەوڕێگەیە بە ناشەرعی دەزانم ، بەلام بۆ ئەوەی هیچ عوزرێکتان نەهێڵین و بیانوتان بەدەستەوە نەمێنێت، ئەگەر دەتانەوێت مسوڵمانان سەرتان بخەن لەپاش خوای گەورە ئەوە"
١.دەبێت یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن و تەنها یەك لیست تان هەبێت بەناوی لیستی ئیسلام و مسوڵمانان و، پەیڕەویشتان لەقورئان و سوننەوە سەرچاوەی گرتبێت بەراستەقینە!.
٢. هێزێکیش دروست بکەن تاوەکو ئەوەی تەوازنتان بۆ دروست بێتەوەو، ئەوەی بەهێز ڕاتان دەماڵێت، ئێوەش بەرگری لەخۆتان بکەن و ڕایان ماڵن!.
خوایە تۆ شاهێد بە ئەگەر چی پەرلەمان بەکوفر دەزانم ، بەڵام ئەگەر هاتوو ئیسلامیەکان بەیەك لیست و لەبەر خوا ، بۆ سەرخستنی دینەکەی تۆو مسوڵمانان بەشداریان کرد، وە هێزێکی هاوبەشیشیان دروست کردەوە وەك جاری جاران کە بەرگریکاری ئیسلام و مسوڵمانان بێت ، ئەگەر چی خۆشم بەتاوانبار دەزانم بەوشێوەیە بەڵام بەڵێن بێت خۆم لەپێش هەموو کەسێکەوە ماڵەو ماڵ بکەم بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆیان!.
بەڵام سوێند بەخوا هەتا ئاوا ناکۆك بن و ، شوێن دیموکراسی بکەون و، بەیەك چاو سەیری مسوڵمانان نەکەن و بەزەلیلی چاوەڕوانی دەستی عەلەمانیەکان بن خێرێکتان پێبکات!، ئەوە ئامادە نیم ئەو پەنجە شایەتومانەی کە سوپاس بۆ خوا تەنها بۆ خوام بەرزکردۆتەوە بیکەم بە مرەکەبی دیموکراسیدا!.
زۆریشمان بینی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەنگ بدەن بەلیستی ئیسلامی و هەرکەس دەنگ بە عەلەمانیەکان بدات ئەوە تاوانبارەو لەگەڵ ئەوان حەشر دەکرێت، بەڵام سەرەنجام هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەلەمانیەکان دروست کردو ، ئەو هەموو دەنگەی برایان و خوشکانی خاوەن ڕیش و حیجابیان دایە سەرکردەیەکی عەلەمانی!.
بەهیوای بەخۆدا چونەوەمان لەسەر هەڵەو کەم و کورتیەکانمان ، داواکارم لەخوا لەم بابەتەدا نیەتی پاك کردبێتمەوە بۆ خۆی و جێگای رەزامەندی خوای گەورە بێت و پاشان بەڕێزیشتان سودتان لێبینی بێت!
تێبینی:
١.دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی یاسادانان، چونکە یەکەمیان بۆ خزمەتی خەڵکەو دووەمیان بۆ دانانی یاسایە لەسەروی دەسەڵاتی خوای گەورەوە!.
٢. بەڕاستی هێندە بابەت و نامەی تایبەتم نارد بۆ لایەنە ئیسلامی یەکان و بە دەممانەوە نەهاتن ئەم جارە ناینێرم بۆیان بەڵکو خۆیان دەبێت ڕابکەن بەدوای ڕێگە چارەیەك بۆ ئەو شکستە یەك لەدوای یەکانەی بەسەریاندا دێت!.