راکردن لە کوردبوون
06/05/2014 نوسەر: bzavpress

راکردن لە کوردبوون


تایبەت بە بزاڤ پرێس

لەم مانگەدا بەشداریم لەچەند کۆنفرانس‌و سیمینارێک کرد کە تەوەرەکانیان لەدەوری مافی دیاریکردنی چارەنوس‌و دەوڵەتی کوردی‌و ئایندەی پەیوەندیەکانی هەرێم‌و بەغدا دەخولایەوە. بابەتەکان گرنگ بون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە هەر کاتێک کێشەو ئاڵۆزیەک لە نێوان بەغداو هەرێم دروست ئەبێت، ئەبینین بازاڕی باس‌و خواسی کارتەکانی فشاری کوردو هەڕەشەکان بە راگەیاندنێکی گەورەو چاوەڕواننەکراو گەرم دەبێت.
سەیرە ویست‌و ئیرادەو داخوازی‌و قوربانی‌و ململانێیەکی خوێناوی سەختی دەیان ساڵەی میللەتێک کورت بکرێتەوە بۆ جۆرێک لە توڕە بون‌و ئینفیعال بەرامبەر هەڵوێستە سلبیەکانی ناوەند. مافی دیاری کردنی چارەنوس کە مافێکی ئاسایی خەڵکی کوردستانەو تا ئێستاش پیادەی نەکردوەو بە کاری نەهێناوە، بهێنرێتە خوارەوە تا ئاستی کارتی فشارو هەڕەشەیەک لە ئاکامی هەلس‌و کەوتە نەخوازراوەکانی مالکی‌و شەهرستانی‌و ئەوانی تردا.
ئەم شێوازی مامەڵەیە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگ‌و چارەنسسازەماندا بە تەنها پەیوەست نیە بەم ساتەوەختەو تەماعی مانەوەمان لە عێراقی بە ناو فیدرالدا، بەڵکو بەشێکە لە نەریتێکی دورو درێژی خەباتی کوردایەتی کە هەمیشە خۆ دورخستنەوە بووە لە داواکاری‌و ویستە ئەسڵیەکان‌و خۆ نوساندن بوە بە داواکاری کاتی‌و لاوەکیەوە. هەر لە کاتی شکستی جوڵانەوەی ناسیۆنالیستی کوردیەوە لە سیەکانی سەدەی بیست‌و بچوک بوون‌و کەرت بوونی ئەو جوڵانەوەیەو خزانی بەشێک لە رابەرانی بۆ نێو دەزگاکانی حکومەتە داگیرکەرەکان‌و وەرگرتنی پۆستی گرنگ، ئیتر داخوازیەکانی جوڵانەوە چەکدارەکانی گەلەکەمان، سەرباری سەختی جەنگ‌و زۆری قوربانیەکان،  لە چوارچێوەی کۆمەڵێک داخوازیدا ئەخولایەوە کە دورە لە بنەماکانی مافی بەدەوڵەت بوون‌و رزگاری نیشتمانی. ئیتر قۆناغێکمان لە داواکاری: لامەرکەزی، ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمی راستەقینە، و فیدرالیزم بەرێ کردو لە ئێستادا چاوەڕوانی نادیارێکین کە نازانین خەسڵەت‌و شێوەکەی چۆنە!
لەم هەمو پرۆسەیەدا هێشتا کورد توانای دەربڕینێکی راستەقینەو راستگۆیانەی نەبووە بۆ داخوازیە بنەرەتیەکانی خۆی. 
دوای زیاد لە دە ساڵ لە بەشداریکردن‌و شەراکەت لە بەغدادا، چ کوردو چ لایەنەکانی تری عێراق، شکستیان هێنا لە گۆڕینی ئەم وڵاتە بۆ وڵاتێکی فیدراڵ. نەتوانرا ئەنجومەنی فیدراڵی دروست بکرێت‌و نە رێگەش درا هیچ هەرێمێکی تر لەعێراقدا پێك بهێنرێت. ئاستی پەیوەندیەکانی هەرێم‌و بەغداش بەردەوام لە ئاڵۆز بون‌و بێمتمانەییدایە، دەستور کاری پێناکرێت‌و تاکلایەنانە حوکمی عێراق دەکرێت. بە کورتیەکەی عێراقی نوێ، وەک وڵاتێکی ئازادو دیموکرات‌و فیدراڵ، توشی شکستهات.
پێم وابێت ئیتر ئەم قۆناغی تەقییەو نیەتشاردنەوەیە کۆتایی هاتووە. هەق وایە کورد بە دەنگی بەرزو راشکاوانە قسەی دڵی خۆی بکات. پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردو بە تایبەتیش پەرلەمان ( دوای کارابونی) بڕیاری ئەوە بدەن کەوا کورد چیتر لە توانایدا نیە درێژە بە مانەوەی لە نێو عێراقێکدا بدات کە نە توانای خۆ گۆڕینی هەیەو نە دەشتوانێت تێگەشتنەکانی لەسەر مافە رەواکانی کورد بگۆڕێت.
ئەم ویستەی ئێمە دەبێت بە روونی بە هەمو لایەک بوترێت: بە عێراق‌و دراوسێکان‌و ئەمریکاو ولاتانی پەیوەندیدار. هاوکات پێویستە نەخشە رێگایەک دابنرێت بۆ دوا بڕیاری کوردو هەنگاونان بەرەو سەربەخۆبونی یەکجاری‌و دەرباز بوون لە کۆت‌و بەندی عێراقی بوونێکی ئیجباری.