08/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتی كێشه‌ی ناوخۆی له‌یه‌كێتی زۆرتره
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه له‌ناو پارتیدا خه‌ریكه ده‌بێته دیارده!
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه له‌ناو پارتیدا خه‌ریكه ده‌بێته دیارده‌و وازهێنانی كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشدا بواری ده‌ركه‌وتنی كێشه‌كانی ئه‌و حزبه‌ی زیاتر كردووه‌و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ڵێت له‌داهاتوودا كێشه‌كانی ئه‌و حزبه زه‌قتر ده‌بنه‌وه‌و زیاتر ته‌شه‌نه ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش پێیوایه كه ته‌مه‌ن هۆكاره بۆ وازهێنانی ئه‌و كه‌سانه له‌ناو پارتیدا‌و ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ گرفتێك بوونی هه‌بێت.
ڕاپۆرتی: هێدی هه‌ولێری
مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد لهدێرینهی زه‌مانه‌وه له‌پاڵ سهركهوتنو شكسته‌كانیدا تاریكاییو به‌ڕه لهژێرپێڕاكێشانو خیانهتو تاوانكاریی جۆراو جۆریشی تۆماركردووه، بۆیه زۆرێك له‌و كاره‌كته‌رانه‌ی به‌شدارییان لهشۆڕشو خه‌باتی شاخ‌و شاردا كردووه، وه‌ك ئێستا ده‌بینین لهگێڕانهوهكانیشیاندا دڵخۆش نین له‌و ئهزموونو ڕابردووه‌ی خۆیان، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا كۆمه‌ڵێك ئینشیقاق له‌نێو پارته سیاسییه‌كاندا زیانی گه‌وره‌ی داوه‌و دۆزی كوردیش له‌رابردوو ئێستادا دواخستووه، ئه‌گه‌ر باسی ته‌واوی ئه‌م حزبه سیاسیانه بكه‌ین كه به‌زۆری به‌زیان به‌سه‌ر كوردا شكاونه‌ته‌وه ناتوانین له‌ده‌رفه‌تێكی كورتدا لێیان بدوێین، به‌ڵام ئه‌زمونی یه‌كێك له‌و هێزانه وه‌رده‌گرین كه پارتی دیموكراتی كوردستانه، ئایا ئه‌و حیزبه چی كردوه‌و چی بۆ مێژوی خۆی تۆماركردووه؟ باسكردن له‌و شه‌پۆله گۆرانكاری‌و ئینشیقاقو ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی ناو پارتی زۆری ده‌وێ، به‌ڵام هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه كه‌مێك بۆشایی پڕده‌كاته‌وه كه‌مه‌به‌ستمانه.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و هێزه‌یه كه له‌مانگی ئابی 1946 له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌و كوردایه‌تی دروست بوو، بنكه سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك رهوتو بۆچونی جیاوازی له‌خۆگرتبوو، وه‌ك ئاینی‌و نیشتیمانی‌و نهتهوهییو لیبراڵی‌و ماركسی، به‌ڵام هه‌رزوو پاش زه‌مه‌نێكی كورت ئینشیقاق به‌رۆكی گرتوو له‌ساڵی 1952 باڵه‌كانی هه‌مزه عه‌بدوڵڵاو ئیبراهیم ئه‌حمود جیابونه‌وه‌و تاساڵی 1959 یه‌كیان گرته‌وه، به‌ڵام هه‌مزه عه‌بدوڵڵا هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی پارتی مایه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه به‌س نیه تابتوانین رهگو ریشاڵی ناو پارتی بزانین كه چۆن گه‌ڵا زه‌رده‌كانی وه‌رزی خه‌زانی هه‌ڵوه‌ریوه كه تاساڵی 1964 له دوای كۆنگره‌ی شه‌ش له‌قه‌ڵادزێ باڵی مه‌كته‌ب سیاسی (ئیبراهیم ئهحمهدو جه‌لال تاڵه‌بانی) به‌پاساوی خێڵه‌كی بونی پارتی‌و دواكه‌وتویی حزب، جیابونه‌وه‌و شه‌ری جهلالیو مه‌لایی دروست بوو، خاڵێكی تری لهتبونهكانی پارتی شێوازێكه به‌ئه‌سته‌م هه‌ستی پێ ده‌كرێت، كه نه‌رمه‌و تاكه تاكه‌ی كادیران‌و سهركردایهتیو مه‌كته‌ب سیاسی وازده‌هێنن،تا ده‌گاته دروستكردنی قیاده‌موقه‌ته، كه سه‌ره‌تا سامی عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد،له‌به‌یاننامه‌ی 10/3/1975 به‌ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان-سه‌ركردایه‌تی كاتی بوو، كه‌چی له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ناوه‌كانی موسته‌فا بارزانی‌و ئیدریس بارزانی‌و مه‌سعود بارزانی له‌ناو دامه‌زرێنه‌رانیدا نه‌بوون، به‌مه‌ش ده‌ركه‌وت سه‌ركردایه‌تی كاتی جیابۆته‌وه‌و دژی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، بهلاَم له‌كۆنگره‌ی 9 ی ڕاژانی 1979 پارتیدا مه‌سعود بارزانی دوای دانیشتنی باوكی،خۆی كرده سه‌رۆكی پارتی‌و ناچار سامی عهبدولڕهحمانو نوری شاوێسو عارف تهیفورو كه‌ریم سنجارییو دكتۆر مه‌جید ڕه‌شیدو دڵشاد میرانی‌و جه‌وهه‌ر نامیق (پارتی گه‌ل)یان دروستكرد، كه دیسان به هه‌ر شێوازێك بێت هه‌ندێكیان چوونه‌وه ناو پارتی‌و له‌دوای مردنی موسته‌فا بارزانی له 1/3/1979 حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان له‌پارتی جیابوونه‌وه كه هه‌ریه‌ك له‌م سه‌ركردانه‌ی لهخۆگربوو (ڕه‌سول مامه‌ندو مه‌حمود عوسمان‌و قادر جهبارییو سه‌عد عهبدوللاَو تاهیر عه‌لی والیو مه‌حه‌مه‌دی حاجی مهحمودو سه‌ید كاكه، قادر عه‌زیز، عادل موڕاد ، ساڵح یوسفی‌و ......هتد).
له 5/2/1992 ئه‌مانه بوونه دوو به‌ش هه‌موویان چوونه‌وه ناو پارتی، ته‌نها ڕه‌سول مامه‌ند نه‌بێت، كه ناوبراو چووه ناو یه‌كێتی، له‌كۆنگره‌ی 11 ی پارتی موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له كۆنگره‌دا ئینشیقاقی كرده‌وه‌و حزبی سیۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانی دامه‌زرانده‌وه، كه ئه‌مانه‌و چه‌ندین بابه‌تی ئینشیقاق له‌ناو پارتیدا به‌رده‌وام بووه‌و تا ئێستاش شێوازێكی نه‌رمی وه‌رگرتووه‌و خه‌ڵك‌و كادیری بالاَی لێ ههڵدهوهرێتو هه‌ستی پێده‌كرێت.
مامۆستایه‌كی زانكۆ بۆچوونی وایه (بێگومان په‌رته‌وازه‌یی له‌حزبی كوردیدا له‌سه‌ره‌تای سالاَنی شه‌سته‌كاندا تائێستا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌بده‌ئی، یان ئایدۆلۆژی‌و هزریو سیاسیی نین، به‌ڵكو زیاتر له‌به‌ر دهسهلاَتی ماددی هۆكاری سه‌ره‌كین).
دكتۆر كامه‌ران به‌رواری مامۆستای زانكۆ به‌گۆڤاری بزاڤی وت (ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی ههرێمیو نێوده‌وڵه‌تی له‌ناو پارتی سیاسیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه،به‌رپرسانی كوردیش زۆرینه‌یان به‌دوای ده‌ستكه‌وتی نهتهوهییو نیشتمانی ناگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی كوردیی سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو ئامانجی شهخسیو حزبی‌و بنه‌ماڵه‌ییان هه‌یه، كه حه‌ز ده‌كه‌ن پارتی سیاسیی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك یاخود دوكانێكی سیاسی بۆخۆیان وه‌ك سه‌رمایه‌و قازانجی تایبه‌تی به‌كاربهێنن).
هاوكات به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگای ستانده‌ر ڕای وایه (جیابوونه‌وه‌ی حزبه كوردستانیه‌كان پێشتر له‌سه‌ر ئه‌ساسیی ئایدۆلۆژیی بوو، كه حزبی ڕۆژههلاَتی بوون، بهلاَم له‌ڕۆژئاوادا حزب له‌سه‌ر ئه‌ساسی بهرژوهندیو ماددی جیاده‌بوونه‌وه).
مه‌سعود عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ستانده‌ر بۆ بزاڤ ڕوونیشی كرده‌وه (له‌هه‌رێمی كوردستان‌و ولاَتانی عه‌ره‌بی شێوازی ویراسی وه‌رده‌گرێت، بهلاَم له‌به‌رئه‌وه‌ی پارتی جیاواز له‌حزبه‌كانی تر له‌سه‌ر بناغه‌ی كۆمهلاَیهتی ده‌ستی پێكرد، ئینجا سیاسیی‌و فیكری‌و ئایدۆلۆژی).
هاوكات به به‌راورد له‌باره‌ی كێشه‌كانی یهكێتیو ستوون له‌گه‌ڵ پارتیدا ناوبراو باسی له‌وه‌كرد (یه‌كێتی مهركهزییهتێكی سیاسیی هه‌یه، بهلاَم پارتی مه‌ركه‌زییه‌تی كۆمهلاَیهتی هه‌یه بۆیه ئینشیقاقه‌كانی یه‌كێتی به‌كۆمه‌ڵ بووه، بهلاَم پارتی یه‌ك ئینشیقاقی دیار‌و فه‌رمی هه‌یه، كه ته‌نها ئه‌وه حیسابه ئه‌ویش1977 بوو، بهلاَم ئه‌وكاته شۆڕش نه‌مابوو، وه‌ك واز هێنانی سامی عه‌بدولڕه‌حمان له‌و كاته‌دا).
به‌گشتی وای لێهاتووه كه‌سایه‌تیه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ئاستی بنه‌ماڵه‌دا تا نه‌مرن شوێنیان هه‌ر وه‌ك خۆیانه، یان ئه‌گه‌ر وایان هێنا دیسان به‌كه‌سانی نزیك له‌و بنه‌ماڵه‌یه پڕ ده‌كرێنه‌وه،له سه‌ر ئه‌و پرسه كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد (هه‌ر حزبێك له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی خۆیدا ده‌رفه‌تێكی نه‌هێشتبێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی تازه بخرێته ناو شاده‌ماره‌كانی ئه‌و حزبه، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و حزبه به‌ره‌و پیربوون‌و دواجاریش به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، بۆیه له‌حاڵه‌تێكی ته‌ندروست حزبی سیاسیی له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی خۆیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی گه‌نجی تێدا هه‌بێت".
ئومید خۆشناو په‌رله‌مانتاری پارتی‌و كادیری ئه‌و حزبه بۆ بزاڤ وتی (ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی كاره‌كانی خۆشی‌دا بۆ ئهداكردنیو به‌ڕێوه‌بردنی ئۆرگانه‌كانی ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنێ، تا بتوانن لهئۆرگانهكاندا ڕۆڵی خۆیانن ببینن).
له‌باره‌ی ئه‌زموونی پارتی له‌گه‌ڵ ئینشیقاقدا كه له ئێستادا به‌شێك له ته‌مه‌ندار و ناوه‌ندییه‌كان ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه.ئومێد خۆشناو پێیوایه (ناتوانین بڵێین كۆمه‌ڵێك ئینشیقاقات له‌ناو پارتیدا ڕوویداوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی پارتی ئینشیقاقی تێكه‌وتووه، بهلاَم ئێستا كه‌سانێك هه‌ن له‌ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسین، وه ئه‌مڕۆش دوای كۆنگره‌ی 13 ی پارتی كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ستیان به‌كاری سیاسیی كردووه ئێستا له‌مه‌كته‌بی سیاسیی‌و سهركردایهتیدان).
ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ئاستی مه‌كته‌بی سیاسیی‌و سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌پێش ڕاپه‌رین له‌پارتی دووركه‌وتنه‌وه‌و دواتریش دوای ڕاپهرینو به‌م سالاَنهی دوایش جه‌وهه‌ر نامیق سالم‌و سه‌رۆ قادر‌و مامۆستا گۆران به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندیه‌كان‌و موحه‌مه‌دی مه‌لاقادر به‌شێوه‌یه‌ك له‌كۆنگره ده‌رنه‌چوون، ئه‌مانه ئێستا وه‌ك ڕه‌خنه‌گرێك له‌پارتی قسه دهكهنو دواهه‌مینیشیان ئه‌دهه‌م بارزانی ئه‌ندامی سهركردایهتیو ئامۆزای مه‌سعود بارزانی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌پارتی ڕاگه‌یاند، كه به‌وته‌ی كامه‌ران به‌رواری مامۆستای زانكۆ (هه‌ر كه‌سێك له‌پارتی جیابێته‌وه بۆ ناكۆكییه‌كی ناوخۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه،ده‌شڵێت دروستبوونی ئه‌و پارته سیاسییانه، زیاتر په‌یوه‌ندی به‌و ململانێیه‌ی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه، كه ئه‌و كه‌سانه‌ی جیابوونه‌ته‌وه خاوه‌نی كه‌سایه‌تی‌و خاوه‌ن ههڵوێیست بوون، كه‌ئه‌وان بۆچوونی تایبه‌تی خۆیان بۆ حكومهتو حزب‌و دهسهلاَت هه‌یه".
ناوبراو ڕوونیشیكرده‌وه (ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردی كاریان كردووه‌و ڕابردوویه‌كی پاكیان هه‌یه حه‌ز به‌پاراستنی ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا ڕۆڵیان بۆ خزمه‌تكردنی ولاَتدا هه‌بێت ڕێیان لێدهگیرێتو ناتوانن جیاببنه‌وه).
هه‌روه‌ها وتیشی (هۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه‌ی كادیر له‌ناو پارتیدا نه‌بوونی دیموكراتیه‌ته له‌ناو ده‌زگاكانی ئه‌و حزبه‌دا، ئه‌وان سه‌ركردایه‌تیان دیاره‌و پاوانكاریی تێدایه‌و تاپۆكراوه له‌سه‌ر خێزانێكدا، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌وێدا ماون به‌بێ گۆڕانكاری، دیموكراتیه‌ت نه‌ماوه، پارتی حزبێكه زیاتر ده‌ستوورێكی شهخسیو كۆمهلاَیهتی هه‌یه، بارودۆخه‌كه‌ی پێ هه‌رس ناكرێت، ئه‌گه‌ر وابوایه تائێستا ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ب سیاسی ده‌بووه سه‌رۆكی حزب).
له‌باره‌ی ده‌ستله‌كار كێشانهوهكانی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی پارتی ئومێد خۆشناو بۆچوونی وایه (سوننه‌تی ژیان وایه مرۆڤ تا ته‌مه‌نێك ده‌توانێ كاری سیایی بكات، نه‌ك له‌كاری سیاسیی، به‌ڵكو له‌كاری ئابووری‌و كۆمهلاَیهتیو ئیداری‌و زانستیدا، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه ڕه‌نگه په‌یوه‌ست بێت به‌ته‌مه‌نه‌وه، له‌وانه‌یه به‌شێكی تر ئه‌و گۆڕانكارییانه بێت به‌دیلیان هه‌یه‌و خه‌ڵكی تر له شوێنیان كار ده‌كات، یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی به‌هێزبوونی پارتی ئه‌گه‌ر له‌هه‌ڵبژاردنێك ده‌رنه‌چێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌پۆسته‌كه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه، بهلاَم به بیروباوه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه ده‌مێنێته‌وه).
خۆشناو وتیشی (بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وه‌ك ڕه‌مزو داینه‌مۆ مه‌رجه‌عیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هه‌ر كه‌سێك له‌جێگای خۆی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پیرۆزییه‌ی سه‌یری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌كات، خۆی به‌ئه‌ندامێكی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ش ده‌زانێت).
ده‌رباره‌ی مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌كان به‌درێژایی مێژوو و مانه‌وه‌یان به بالاَدهستی ئه‌و كادیره‌ی پارتی وتی (ئه‌وه ئه‌ساسیی نیه، كه‌پێمان وابێت ته‌نها كه‌سانی ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی كاریگه‌رییان هه‌یه، ئێمه وه‌ك پارتیه‌كان بڕیاری ئه‌وه‌مانداوه مه‌رجه‌عیه‌تی ئێمه له‌ناو پارتیدا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بێت شانازیشی پێوه ده‌كه‌ین).
دكتۆر كامه‌ران به‌رواری جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه (ئه‌و سیسته‌مه‌ی دهسهلاَتی پارتی هه‌یه‌تی خۆی ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌پارتی وه‌ك حزبی یه‌كه‌م له هه‌رێمی كوردستان كوردستان نهمێنێتو به‌حزبی یه‌كه‌م سه‌یر نه‌كرێت، به‌ڵكو گه‌لێك جار ئه‌و هۆكارو ستونه‌ی حزب دروست ده‌كه‌ن له‌به‌رهه‌مان هۆكار حزب له‌ناو بچێت، ئێستا زه‌مان زه‌مانی ئاشتی‌و گفتوگۆیه ، ده‌بێت ڕێ بۆ گه‌نجان خۆش بكهیتو ڕێ بۆ لایه‌نی سیاسیی بدرێت سیاسه‌تی خۆی پیاده‌بكات).
كامه‌ران به‌رواری وتیشی (پارتی ناتوانێت هه‌ڵوێستی نیشتیمانی تازه وهربگرێتو ڕێ بۆ خه‌ڵكی تر خۆش بكات، ڕه‌نگه ئه‌وانه هۆكاربن كه جه‌ماوه‌ری پارتی نزم بێته‌وه، چونكه ده‌مێكه ده‌زانین زۆربه‌ی كوردستانی گه‌وره هه‌واداری پارتی بوون، بهلاَم ئێستا له هه‌ولێرو كه‌ركوك‌و سلێمانی پارتی به‌ره‌و نه‌مان چووه، ته‌نها كه‌مێك هه‌ولێرو دهۆك نه‌بێت، ئه‌وه‌ش ناگونجێت بۆ حزبێك دهسهلاَت بگرێته ده‌ست له‌دوو پاریزگای هه‌رێمی كوردستان جه‌ماوه‌ری هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پارتی نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هێڵی نهتهوهییو نیشتمانی‌و ڕای جه‌ماوه‌رو بنه‌مای خۆی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ماویه‌تی به‌بۆچوونی من له‌ده‌ستی ده‌دات).
له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی پارتی‌و جیابوونه‌وه‌ی كهسایهتیهكانیشهوه به‌رواری ڕایگه‌یاند (هۆكاری وازهێنانی خه‌ڵك له‌پارتی ئه‌وه‌یه سه‌ركردایه‌تی خۆی تازه ناكاته‌وه، ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌ناو پارتیدا ده‌ربكه‌ویت، ده‌بێت كهسو كار‌و عهشیرهتهكهت له‌گه‌ڵدا بێت، یان ده‌بێت ماڵی بارزانی پشتیوانیت لێ بكهنو تهزكیهت بۆ بكه‌ن، بۆیه ماڵی بارزانی بڕیارده‌ده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بهكارامهییو لێهاتوویی له‌پارتیدا هه‌یه ڕه‌واجی نیه).
وتیشی (كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر هه‌ن له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تی جیاده‌بنه‌وه، ئه‌و ململانێیه‌ی له‌ناو پارتیدایه زۆر زۆرترن وه‌ك له‌وه‌ی له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌یه، ئه‌و خیلافاتانهی له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا هه‌یه زۆرن‌و مێژووییه‌كی درێژیان هه‌یه نه‌ك ئێستابێت، له‌به‌رئه‌وه هه‌ركاتێ ئه‌و ململانێیه بته‌قنه‌وه كاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر پێكهاته‌ی پارتی دروست ده‌بێت، وه ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه زۆرن وه‌ك دكتۆر عه‌بدولمسه‌وه‌ر بارزانی‌و ئه‌یوب بارزانی‌و ماڵی شێخ عوسمان‌و شێخ ئهحمهدو چه‌ندانی تر، كه ده‌توانن پرسیار له‌وان بكرێت بۆچی جیابوونه‌ته‌وه‌و بۆچوونیان چۆنه؟ پشتگیریكردنی كه‌سانێكی گه‌نده‌ڵ یان فایلدار له‌ناوپارتیدا هۆكارنیه بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه؟).
له‌باره‌ی كه‌سانی گهندهڵو فایلداریشهوه بۆ ده‌نگه ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وتی (ئه‌وه خاڵی جه‌وهه‌رییه له‌ناوپارتی هه‌موو حزبی سیاسی‌دا كه دوو جۆر مروڤ هه‌یه، كه جۆری یه‌كه‌میان نیشتمان په‌روه‌رو حه‌زده‌كه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم سه‌روه‌ری خۆی ههبێتو گۆڕانكاریی له‌ناوپارتی سیاسیی‌دا دروست ببێ، هه‌ندێكی تریشیان حه‌ز ده‌كه‌ن كهشو هه‌وای گهندهڵیو نایاسایی به‌رده‌وام بێت، بێگومانیش ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه‌دایه، هه‌ر پارتێكی سیاسی پشتیوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه بكات، كه‌ده‌یه‌وێ سه‌روه‌ری دروستبێ سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌وانه، بهلاَم هه‌ركه‌سێك پشتیوانی له‌كه‌سانی فایلدارو گه‌نده‌ڵ بكات بێگومان سه‌ره‌نجام بارودۆخی ئه‌وان خراپ دهبێتو تووشی شكست ده‌بێت".