پارتی و پەیەدە ئەگەر رێکنەکەون چی رودەدا؟
10/05/2014 نوسەر: bzavpress

پارتی و پەیەدە ئەگەر رێکنەکەون چی رودەدا؟


پارتی و پەیەدە دەبێ تێبگەن هیچیان ناتوانن بەسەر سیاسەتی ئەویتر دا زاڵ بن: نە پارتی دەتوانێ ویستی خۆی لە رۆژئاڤا دا بسەپێنێ و نە پەیەدەش دەتوانێ بێ حیسابکردن بۆ هێزە کلکەکانی پارتی لە رۆژئاڤا ئەو هەرێمە بەڕێوەببا بێئەوەی روبەڕوی کێشەبکرێتەوە لەلایەن ئەو هێزانە و پارتییەوە. 
پارتی دیموکراتیی کوردستان هەمو توانایەکی دەخاتەگەڕ تا بەهێزی جیۆپۆلیتیکی خۆی لە ناوچەکە دا بپارێزێ، بۆیە هەمو توانایەکی خستۆتەگەڕ بۆ دژایەتیکردنی پەیەدە، چونکە هەبونی پەیەدە/پەکەکە لە رۆژئاڤا دا، واتا سنوردانان بۆ پەلهاویشتنی پارتیی بۆ رۆژئاڤا/سوریا. بەڵام پارتی دەبێ لەوە تێبگا کە ناتوانێ لەڕێی چەند هێزێکی هۆتێلنشینیی کوردستانی سوریا ئەمە بکا. پارتییش ئەگەر بەردەوام بێ لە دژایەتییەکانی بۆ رۆژئاڤا، لەوانەیە لە داهاتو دا رۆژئاڤا/پەکەکە بیر لەوە بکاتەوە چۆن هەڕەشەی جدیی لەسەر پارتی دروستبکا تا پارتی واز لە سیاسەتەکانی بهێنێ. 
تا ئێستا، پارتی هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر رۆژئاڤا/پەیەدە، پەیەدەش تەنها دەیەوێ لەڕێی فشاری مەدەنیی، سیاسیی و یاساییەوە رێ لە سیاسەتەکانی پارتیی بگرێ. بەڵام ئەگەر هەڕەشە جدییەکە، پارتی، ببێتە هۆی پاشکەشەی پەیەدە لە رۆژئاڤا دا، ئەوا پەیەدەش بیر لە دروستکردنی هەڕەشەیەکی جدیتر دەکاتەوە لەسەر پارتیی.
پارتی ئەگەر بەردەوام بێ لە دژایەتییەکانی پەیەدە و بەمەش پەیەدە بکەوێتە قەیرانەوە، ئەوا دور نییە هێزی نادیاری چەکداریی لەناو رۆژئاڤا، بێئەوەی خۆیان ئاشکرابکەن، دروستببن و هەڕەشەی وەستاندنی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بکەن بۆ تورکیا، بەتایبەت لەڕێی بۆڕیی نەوتەوە کە دوای چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ بەغدا، دەست بە گواستنەوە دەکا.
لە مێژوی کوردستان دا، ململانێ و پرسی بچوک دواتر بونەتە هۆی کێشەی گەورەتر و تەنانەت شەڕی چەکدارییش، بۆیە پێویستە پارتی و پەیەدە کۆتایی بە ململانێکانیان بێنن. ئەوەی پارتی دەیکا تەنها خزمەتە بە تورکیا و هێزە نەیارەکانی پەیەدە. ئەگەر یەک هۆکار هەبێ بۆ هەبونی ململانێکە، ئەوا دەبێ هەزار هۆکار بدۆزینەوە بۆ کۆتایی پێهێنانی. پەیەدە ئەمڕۆ پێویستی بە هاوکاریی حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکانیەتی و بەهۆی دراوسێیایەتیی سنوری پەیەدە و پارتییش، پێویستە ململانێی ئەو دو هێزە بوەستێنرێ، یان لانیکەم لەسەر حیسابی پرۆژەی رۆژئاڤای کوردستان نەبێ.
پارتی و پەیەدە ئەگەر رێکنەکەون هەردولا زەرەرمەند دەبن. هۆکاری ئەو رێکنەکەوتنە، کە بێگومان پارتیە زیاتر لەوەی پەیەدە بێ، هەرچییەک بێ نابێ بەو جۆرە بمێنێتەوە. کاری پارلەمان و حکومەتی نوێشە کە ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێنێت و هەرێم ببێتە پاڵپشت بۆ رۆژئاڤا.

fb كمال چۆمانى