11/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ئیسلام و دیموکراسی - ئیسلام چارەسەر بە نموونەو دانپێدانان
لە مێژە داوای خۆشبەختی لە ئیسلام دەکرێت و لە هەمان کاتدا دژایەتیشی دەکرێت! مێژوویەك بەسەرکورددا تێپەڕی و خۆی لە خۆشبەختیەکانی ئیسلام بەری کردو هیچی لە دەرەوەی ئیسلام دەست نەکەوت، گەر ڕۆژئاوا بە وازهێنانی لە دین وەك مەسیحیەت پێشکەوت ئەو بیرۆکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین جگە لە نەهامەتی هیچی تری بەدوای خۆیدا نەهێنا!، هەروەك چۆن چەندەها گروپ و دەستەڵاتی نادینی بەناوی دینەوە خەڵکیان چەوساندووەتەوەو بەردەوامیش هەر دەیچەوسێننەوە، بە هەمان شێوە عەلمانیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەدەر نەبوون لەو چەوساندنەوە، ڕۆژئاوا بەرهەمی وازهێنانی لە دین و لە سایەی عەلمانیەتدا هەناسەیەکی ئازادی هەڵکێشاو ڕۆژهەڵاتی ناوینیش گەرچی خەڵکەکەی خەڵکانێکی مسوڵمانن بەڵام باجی ئەو بیرۆکە هاوردەی تا ئێستە داوە!، مێژوو هەڵەکان ڕاست دەکاتەوە، مرۆڤە ژیرەکانیش پەندی لێوەردەگرن...، هەموو کەس دەبێت خۆی بێت، بۆ ئەوەی خۆی لەدەست نەدات، سیاسەتی نکۆڵی کردن و بیشفڕێت هەر بزنە بەسەرچووە.
ناوەرۆکی کۆنگرە لە دەستپێکەوە تا کۆتایی:-
وڵاتانی دراوسێ هەریەکەو بەناوێك و بەرگێکەوە ستەمیان لەگەلی کورد کردووە! مێژووی شاهیدی ئەو ڕاستیانەیەو ستەمەکان نکۆڵیان لێناکرێت، هەرپارچەیەکی کوردستان بە نموونە بهێنرێتەوە لەهیچ جۆرە ستەمێك بێ بەش نەبووە! زۆرێکی بەناوی دینەوە کراوەو ناوی دینیشی لێنراوە، کۆمەڵکوژی و قڕکردن و جینوساید ناو نراوە ئەنفال! سڵ لە هیچ چینەکانی کۆمەڵگە نەکراوەو منداڵ وەك گەورە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئافرەت وەك پیاو کوژراوە، پیر وەك گەنج لە سێدارە دراوە!، دیل وەك ئاژەڵ مامەڵەی لەگەڵ کراوە، سەروەتەکان وشەی حەڵاڵی ئیسلامی بۆ بەکارهاتووە!، هەموو ئەمانە جێگەی مشتومڕی ناو وردەکاری کۆنگرەکەبوو، بە هەڵسەنگاندنی دەقە قورئانیەکان و مێژووی ئیسلامی و ئەزموونی مەدینە ئەو کارانە پوچەڵکرانەوە، دوورو نزیك ئیسلام لەگەڵ ئەو جۆرەکارانەدا نە وەك دەق لەگەڵیەتی، نە وەك مێژووی، ووردەکاریەکانی پەیماننامەی مەدینەو ئەزموونی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی پێغەمبەری مەزن شاهیدی گەورەی ئەو ڕاستیانەن.
ئەندامانی کۆنگرەو دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە هەموولا هاوڕابوون لەگەڵ خودی ئیسلام وەك دینێکی پاكی ئیلاهی و کۆتا دینی ئاسمانی کە بەریە لە هەر کارێكی ناڕەوا کە بەناو ئیسلامەوە کراوەو دەکرێت، دەقەکان ڕاستیەکان دەسەلمێنن و چەندەها دەقی قورئانی و فەرموودە بە نموونە دەهێنرایەوەو دەکران بە بەڵگەی ڕاست و دروستی پاکی ئیسلام و بەریئی لە خراپەکان و خراپ بەکارهێنانی دەستە چەپەڵەکان.
هیچ کەسێك نەبوو بابەت پێشکەش بکات و نموونەی هاوپەیمانی و ئەزموونی سەرکەوتووی پێکەوە ژیانی پێغەمبەری مەزن بە نموونە نەهێنێتەوە، کە چۆن توانیویەتی ئاوی سازگاری پاکی ئیسلام بەسەر شەڕو نەهامەتیەکانی ١٢٠ ساڵەی مەدینەدا بهێنێت.
جەختی قوڵ لەسەر ئەزموونی پێکەوەژیانی چینە جیاوازەکان و نموونەی دەستەڵاتێکی دادگەرو سەرکەوتووی مەدینە جێگەی بایەخی کۆنگرەکەبوو.
دەستەڵاتدارانی دراوسێ ئیسلامیان وەك هێزێك بەکارهێناوە بۆ ڕەوایەتیدان بەکارە چەپەڵەکانیان و کوردیش وەك مسوڵمانێکی چەوساوە کە نەیویستووە مونافیقانە یاری بەناوە ئیسلامیەکانەوە بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینی و هەڵوێستەکردن و ئەندامانی کۆنگرەبوو بایەخ بە دەرکەوتنی ئیسلامیەتی کورد زیاتر بدرێت وەك قەرەبوویەك بۆ هەر کەموکوڕیەكی ڕابردوو لەو بوارەدا.
ئیسلام تام و زەوقی ئاشتی و پێکەوە ژیانە، ئازادی و پاراستنی مافەکانی تاك لە ئیسلامدا قوربانی و کۆچی لە پێناودا کراوە، وەك کۆچکردن بۆ طائیف و مەدینە، واقعی ئێستەی کوردو ڕۆژئاوا نموونەی مەدینەی بۆ دەهێنرایەوە بۆ چارەسەرکردن و دەربازبوون لە قەیرانە قوڵەکانیان.
نورەدین شاکر بە باسکردنی ژیان و واقعی کوردانی سوریا زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرەی هێنایە گریان و میدیاکارانی گورج و گۆڵ کردەوەو هەستەکانی لە ناخەوە دەهەژاندن، کە چ ستەمێك لە ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت و بەناوی ئیسلامەوە ژن و منداڵ و پیر دەکوژرێت و ماڵان بە تاڵان دەبرێت و ڕەچاوی ئەدەبی جەنگ ناکرێت.
پەیامی عبداللە ئۆجەلان لەلایەن نوێنەرێکیەوە خوێنراوە، کە گرنگی زیاتر بە ئاشتی و پێکەوە ژیان بوو، هەروەك چۆن لەسەر داوای بەڕێزیان ئەو کۆنگرە هاتبووە بەستن و گرنگی گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بە چارەسەر زانینی ئیسلامی ڕاستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چاوکردن لە پەیمانی مەدینە بە نموونەی سەرکەوتن و ئەزموونی واقعی و لێکچوون ناوبرد بۆ ئەمڕۆ.
ئەحمەد تورك ئاماژەی بەوە دەدا کە ئەو ستەمانەی بەناوی ئیسلامەوە کراوە لە ئیسلامدا جێگەی نابێتەوە.
هەر لە هەمان کۆنگرەدا پەیمانی مەدینە بە ئیلهامێکی ڕاستەقینەی چارەسەر دەزانرا بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ.
ئیسلام زیاتر لەوە باسی گرنگی و ڕۆڵی لەبەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەدا کراو پێشکەوتنی ئەوروپاو ڕۆژئاوا بۆ شارستانیەتی ئیسلام دەگەڕێنرایەوە.
ئەوەی جێگەی تێبینی لای کۆمەڵێك ئەندامانی کوردانی باشووربوو دەستێکی دژ بە دین و تێکدانی ئەو هەوڵە دەکرا، کە کەسانێك لە پشت پەردەو دانیشتنە نا فەرمیەکاندا ڕق و حقدی دژ بە دین و هەڵ دەڕێژرا! وەك هەندێك ناکۆکی و دڵگرانی لێکەوتەوە ڕۆژێك پێش کۆنگرە، ئەوەش دەوترا ئەم کۆنگرە بۆ مامۆستاو زاناو کەسایەتیە دینیەکانەو ئەو بۆچوونانە لەگەڵ ناوەرۆك و هەوڵەکانی کۆنگرەدا یەك ناگرێتەوە، خەیرە ئەو جۆرە کەسانە دزەیان کردووەتە ناو کۆنگرە!، بەڵام جێگەی خۆیەتی بوترێت ئەو کەسانە هیچ جۆرە بەژداریەکیان لە بەڕێوەبردنی کۆنگرەدا پێنەکرابوو هەتا بە تێبینیەکیش بەژداریان نەدەکردوو زیاتر ژێر بەژێر کارەکانیان هەستی پێ دەکرا.
بە کورتی و پوختی ئەنجامی کۆنگرەی ئەمڕۆ هیچکەس نەبوو لە پاکی ئیسلام و گەورەی دەقەکان و بنەماکانی پێکەوەژیان و پێشکەوتنی هاوڕا نەبێت.
مێژووی ئیسلامی نموونەی واقعی و پراکتیزەکردن و بە چارەسەرە دادەنراو لێکچوونی ئەم سەردەمە بە سەردەمی مەدینە جەختی تەواوی لەسەر دەکرایەوە.
ماوەتەوە بڵێین بەژداری ئامادەبوان زیاتر کۆنگرەی دەوڵەمەندکرد، بۆچوونی ئەندامانی کۆنگرە بە هەند وەردەگرێت لە هەر گۆڕانکاریەك و زیاتر بەرەو پێشچوونی ئەم هەوڵەو چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئیسلام و گەڕانەوە بۆ دەقە پیرۆزو ئەزموونە مێژوویە دینیە سەرکەوتووەکان، زۆر بە تایبەتی ئەزموونی مەدینە، تێکەڵکردنی ناوی کۆنفرانس و کۆنگرەو ئیسلام و دیموکراسی یەکێك بوو لەو تێبینیانەو چەند ئەندامێکی کۆنگرە ناوی ئیسلام و کورد بە بەدیلێکی جوانترو شیاوتر ناوهێنا بۆ داهاتوو، سبەی ١١/٠٤/٢٠١٤ کۆتای بە کۆنگرە دێت و بڕیاری کۆتای و کارنامەکانی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت .
بە هیوای کرانەوەی زیاتر بە ڕووی ئیسلام و پڕکرنەوەی هەر فەراغێك کە لە ڕابردوودا هەبووە، پێشنیاری بەندەش بۆ میدیا کوردیەکان پێش دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە ئەوەیە گرنگی زیاتر بە بابەتە دینیەکان بدرێت و خۆمان زیاتر لە گەڵ ئیسلامدا ئاشت بکەینەوەو بە گەلانی دراوسێ و جیهان بڵێین ئەوەتا ئێمە بە کرداری ئیسلامیەکەمان دەسەلمێنین و چیتر مافی ئەوەتان نی یە بەناوی ئیسلامەوە بمان چەوسێننەوەو باشترین مرۆڤەکان لای خوای گەورە ئەوانەن کە بە تەقواترن! ئێمە لە تەقوادا پێشبڕکێ دەکەین و ئەوە ئێمەین ئیسلامی ڕاستەقینە ڕەچاو دەکەین و ئەوەش ئێوەن بەناوی ئیسلامەوە دراوسێکانی خۆتان دەچەوسێننەوە.
عومەر عەلی/ ئامەد (دیاربەکر) ئەندامی کۆنگرەی ئیسلام و دیموکراسی