11/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
باوەڕم بە یەک ژن نییە!!!
وەختێک دەسەلات،فەرهەنگەکان،سیستەمە جۆربەجۆرەکان،ئەقڵیەتی بنەمالەو وێناکردنی کۆنەپەرستانە نکوڵی لەسەرجەم بەهاکانت دەکات و رەدت دەکاتەوە،ناهێڵێ خۆت بیت و هەمیشە کارلەسەر کردنت بە خۆی دەکات،خود لێرەدا دەبێت شۆڕشێک بەرپا بکات دژ بەو بارودۆخەی بۆی بەرپا کراوە،ئەگەریش ئەم شۆڕشە بوو بە هەوڵی تاک بۆ قازانجی "خۆ" و وەختێک دەستت پێیگەیشت شۆڕشە گشتیەکەت بیربچێتەوەو بارودۆخەکە ئەوەندە ببینیت کە دژی خۆت بوەو خۆیشت ئەوەی هەیە بەدەستت هێناوە،ئیتر لێرەوە شۆڕش وبەگژاچونەوەو گشتیەکە نامێنێت و دەبێت بەو تێزەی کێ دەتوانێت بەشی خۆی بەرێت و لەوبەریەوە دنیا وێران بێت مەشغەڵەی ئەو نەبێت.
ئەگەر نموونەی شۆڕشی سپارتاکۆس بێنینەوە،پێش ئەو کۆیلە زۆر بوو،هەوڵی دەدا خۆی وەک تاک ڕزگار بکات،یان تێدەکۆشا واوەتر بڕوات،هەم خۆی ڕزگار بکات هەم ببێتە خاوەن کۆیلەو پێشتر چی بەو کراوە هەمان ئەقڵیەتی دوبارە بکاتەوە بەسەر کۆیلەکاندا کە ئەمڕۆ وەک دوێنێی خۆی وان،بەڵام سپارتاکۆس واینەکرد،ئەو شۆڕشێکی بەرپاکرد دژی سیستەمی کۆیلەیەتی و ڕەدێکی سەرتاپاگیرو گشتگیری دا بە ڕووی ئەقڵیەتی ئەو سیستەمە نائینسانیەدا،ئەم بیرکردنەوەیە ئەوی کرد بەو ناوە دیارەی ناو مێژووی چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان.
ڕازی بوون بەو مامەڵەیەی خاوەن کۆیلە،سەرۆک خێزان،.سەرۆک دەوڵەت،ئایدیاکان،فەرهەنگەکان،بەرامبەر ئینسان دەیکەن،ئەم بوونە دادەماڵێ لە ماناو پیرۆزیەکانی ئینسان،ئیتر تۆ هێندەی کرمێک حورمەتت نامێنێت و هەموو چرکە ساتێک لە ژیان، ئازاری ژانی منداڵ بوونێک یان مەرگێک لە خۆ دەگرێت،بۆیە لێرەدا تەنها یەک حیکمەت دەمێنێتەوە ئەویش یاغی بوونە لەهەموو ئەوانە،بەڵام با بیرمان نەچێت،یاغی بوونی تاکەکان دەبێت یەک گرتوانە بێت و بە گژاچونەوەیەکی گشتیانە بێت.
"من هەم"..و بۆ ئەم بوونە ئینسان دەبێت ئامادە بێت گیان وژیانی دابنێت بۆ سەلماندنی،دیسان تەنها "من هەم" وەک تاک ناتوانێت چارەسەرێکی حەتمی بێت بەڵکو سەلماندنی" منەکان هەن و دەبێت ببن"دەتوانێت ماناکانی ژیان و ئینسان فراوانتر بکات و جوانی وئازادیان پێببەخشێت،جگەلەوەش تێکۆشانی تاک بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانی تاک،هیچ نییە جگە لە دووڕووی و بوونێکی ساختە،چونکە زۆرجاران بە قسە خەڵک هەڵدەخرێنێت ودرۆ دەکەیت لەگەڵیان و بەکاریان دەهێنی بۆ قازانجەکانی خۆت،وەختێک بەدەستت هێنا دەبیتە ئەو جانەوەرە هەزار ڕوەی کە دەتکاتەوە بەو ئەقڵەی خۆت پێشتر دژی جەنگاوی و خەڵکت بۆ هەڵخڕاندوە،واتە تەنها بۆ چونە جێگای چەوسێنەران،نەک بۆ داگرتنە خوارەوەی ئەوان و دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە ئەگەر جوانی هەیە بۆ هەموومان،ئەگەر نیە با هەموومان جوانی بکەین.
ئەو ناونیشانەی سەرەوە" من باوەڕم بە هیچ ژنێک نییە" بەرهەمی تێکۆشان وخوێندنەوەو هەڵسوڕان و جۆری بیرکردنەوەی کەڵەکە بوومە لەسەر ژنی کورد لە باشوری کوردستان،واتە جۆرێک لە بیرکردنەوەی ئیحساسی نییە وەک بای هۆنراوەیەک کە دێت یان ئیلهامێک بۆ شاعیرێک و بینوسێتەوە،بەڵکو مێژوویەک بینین وخوێندنەوەی هەنگاوەکانی ژنە گەیاندمیە ئەو باوەڕەی ئاوا سەیری ئەو ژنانە بکەم،کەلە دوای ڕاپەڕینەوە هاتنە ناو دنیای ئەدەبی وهونەری وسیاسی و هەڵسورانی مەیدانی ئێمەوە.
وایدابنێ منداڵێک لە ئان وساتی مەرگدایە لە برسا،ئەگەر کتێبێکی هەزاران لاپەڕەیی بدەیتێ و هەمووی باسی نان بکات، ناتوانێت ئەو تێر بکات و لە مەرگ ڕزگاری بکات،ئەگەر کچێک لە هەر گۆشەیەکی نیشتیمان، بیەوێت خۆشەویستی بکات و لەگەڵ کوڕێک بژی،لەبەر ئەو خۆشەویستییە بیکوژن،ئەگەر هەموومیدیاکان و کتێبەکانی دنیا باسی نەمانی ژن کوژی بکەن بۆ ئەو قیمەتی نییە،ئەمەم بۆیە باسکرد زۆرجاران هاوڕیانێکی دڵسۆزو لە مێژینەم پێم دەڵێن،تۆ بڕۆ خەریکی شیعرەکانت بە،چیت داوە بەسەر ئەم ئاژاوەی ماڵی سیاسەتەوە کە جگە لە زەلکاو هیچی تر نییەو تەنها ناشیرینت دەکات،تۆ وەختێک دەتوانی جوان بیت،وەختێک دەتوانی خاوەنی دەیان قەسیدە وهۆنراوە بیت،ئەم ئاژاوەیە چییە و بۆ کوێت دەبات؟سەردەمی بەعس تێدەکۆشای تا کورد حوکمڕانی خۆی بکات،ئەی ئەوەنییە کورد حوکمڕانی خۆی دەکات؟ئەمیش بگۆرێ هەمان بیرکردنەوە دێت لەبەرگێکی تردا.
بەڵام پێچەوانەی ئەم دۆستە ئەزیزانە،ئەو کەسەی لە ژورێکا دەخواتەوەو سەری گەرم دەکات و دەیان ڕۆمان،چیرۆک، هۆنراوە دەنوسێت،با پڕ پڕیش بێت لە جوانی،لە باسکردنی دەردەکانی کۆمەڵگا،لە ئازارەکانی ئینسان،ناکاتە ئەو کەسەی کەلە سەر شەقام هاوار دەکات دژی ناعەدالەتی وگیان وژیانی دادەنێت،لەسەرەوە دوو نموونەم هێناوەتەوە لەسەر "برسێتی منداڵێک و کوشتنی کچێک لەسەر خۆشەویستی".
ئەوەی کە بۆچی باوەڕم بە هیچ ژنێک نییە،قەستم هەموو ئەو ژنانەیە کە گوایە تێکۆشەری مەیدانی ژنانن،گوایە خەمی چەوسانەوەو زوڵمی بێئامانیان لەسەر گیان وژیانی ژنان لە کۆڵ ناوە،ئەوە بیست وسێ ساڵ تێدەپەڕێت،ژنان لە کوردستان دەستاڕی ئەقڵیەتی پیاو سالاری دەیان هاڕێت،ئەم هەڵسوڕاوانەیش تەنها خەریکی قسەی بریق و باقن و شوێن قازانجەکانی خۆیان کەوتوون،ئەکسەریەتیان تەنها خەمی خۆیان هەیەو مشەخۆری دەکەن وبازرگانی بە قوربانیەکانی ژنەوە دەکەن و پارەیان پێپەیدا دەکەن،ژیانێکی خۆش وئاغایانە بۆ خۆیان دادەمەزرێنن،تا سەر سفرەی پیاوە مەسئولەکان دەڕۆن وبەشی خۆیان دەچڕن،ئەوان بە کردارو مێژوو کرد بۆ لابردنی چەوسانەوە لەسەر ژنان خەبات ناکەن و تەواوی نوسینەکانیان،هاوارەکانیان،بۆ شەخسی خۆیانە و لەم ڕوەوە سەدان نموونەمان لەبەردەستایە، باشم بیرە شیرین ئامێدی کە لێیان پرسی چیت بۆ ژنان کردوە کە سەرۆکی ژنانی پارتی بوویت!،وتی سەدان ژنم کردوە بە پارتی،واتە ئەوەندەی تر ژیانی ژنم وێران کردوە،ژنی هەڵسوڕاوم بینی دوای چەندین ساڵ خەبات گوایە بۆ یەکسانییە، بەڵام خۆی شوی کرد بە پیاوی ژندارو وەختێک وتیان ئەمە نابێت ،لەوەلامدابە پاساوێکی نەشیاو وتی ئەوە تەدەخولی ژیانی شەخسیمە،بە ناو فێمێنیستەکان چونکە نەخوێنەوارو هەژاری فکری بوون،تەنها لەدەستی چەندەم فکرەی فێمێنیستیان وەرگرتبو،لەدوایدا وەک کەژاڵ ئەحمەد شوی کرد بە پیاوێک لەتەمەنی باوکیداو بەسەر دوو ژنیشدا،نەسرین بەرواری شوی کرد بە غازی یاوەر بەسەر دو ژندا،زۆربەی ژنانی هەڵسوڕاو پەیوەندیەکی ناقانونیان لەگەڵ مەسئولەکانی یەکێتی وپارتی هەیە،ماڵی خانزاد لە هەولێر بوو بوو بە کانگای لەشفرۆشی لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە بەو ژنانەی کە داڵدەدرابوون گوایە گیانیان دەپارێزن.
هەندێ لەو ژنانە بۆ یەکێتی دەگریان،پاشان بۆ گۆڕان و ئێستاش بۆ پارتی،بە ڕۆژا دێنە بەردەم مایکرۆفۆن و دوایش دەعوەتی یەکێک یان دوان لە سەرانی حیزبێکی دەسەلاتن،لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەییەکاندا یان لە باخەکانی ئەواندا لنگ لەسەر لنگ دادەنیشن،ئیش وکاریان بەتاڵکردنەوەی خواستەکانی خۆیان و وەرگرتنی پارەو پۆستە،وەختێکیش دەستیان بەم دوو "پارەو"پۆست" دەگات ئیدی قسەکردن لەسەر مەسەلەی ژن ماناکانی لەدەست دەدات،زۆر ژن هەن دەنوسن،لە فەیسبوک وماڵپەرەکان ،دژی دەسەلاتن و ئاگر دەکەنەوە، کە بە مێژویدا دەچمەوە هەوڵی زۆری داوە لای یەکێتی و پارتی داواکاریە شەخسیەکانی خۆیان بەدەست بێنن،کەبەدەستیان نەهێناوە شێتگیر بوون و هەموو شتێک دەکوتن،لێرەوە دیارە دەردەکانی چییە،هەیشە هەموو مەڵبەندو تیڤی و بارەگای هەردوو یەکێتی وپارتی گەڕاوەو تا خواردویەتی خواردویەتی، وەختێک لێیان گرتۆتەوە لە کلکەوە خۆی کردوە بە ناو گۆڕاندا،یان بە ناو پارتیدا یان ماوەتەوەو توڕەیەو نازانێت چۆن چارەسەری دەردە شەخسیەکانی بکات.
لە دوای راپەڕینەوە بوونی ئەم هەمووبە ناو هەڵسوراوی ژن و سەنتەرو شەلتەرو کۆمەڵێ ناوی بێمانای تر،کە مێشکیان کون کردووین بە فڕوفیشاڵ،ئاوا بون بۆیە سات بەسات دنیای ژن کارەساتاویتر دەبێت و وێرانتر دەبێت وزیاتر دەکوژرێن وێران دەکرێن،ئەمانە خۆیان کردۆتە حەکەمی ژنانی قوربانی بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ ژیانی ژن لەو ولاتەدا خراپتر دەبێت و کوردستان بە کردار بۆتە تەنورێک بۆ توانەوەی جەستەی بێگوناهی ژنان.
بەڵێ باوەڕم بە هیچتان نییە.