پیاوێك پڕ لە هەڵوێست
12/05/2014 نوسەر: bzavpress

پیاوێك پڕ لە هەڵوێست


لەبیرەوەری دوا كۆچی مامۆستا مەلاعوسماندا

ئەم مرۆڤە گەورەبوو، داهێنانی نوێی كرد لە بیری سیاسی ئیسلامی كوردی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، بەرهەمهێنانی دیدی خۆماڵیانە لەبەرامبەر بەرپرسیارێتی ئاینی ڕێگایەكی دی شێوازی كاری زانایانی ئاینی بوو كە خەڵكی كوردستانی خستەبەردەم ئەو وەزیفەیەی لە قۆناغێكی مێژوویی پڕ ستەم و نادادیدا گوزارشت لە دۆخێكی ناهەمواربكەن و چەوساندنەوە ڕەتبكەنەوە، لەگەڵ تێبینی و ڕەخنەی تایبەتم لەسەر شێوازی بیركردنەوەو مامەڵەی هەندێك لە زانایانی ئاینی كوردستان "مەلاكان"لە مەڕ كاری سیاسی و حزبایەتی، بەڵام مامۆستا مەلا عوسمان جیاواز لەوەی لەنێو وەزیفەی مەلایەتیدا دەژیا هاوكات مامەڵەو هەڵوێستەكانی پڕبوون لە ئاماژەی ئەزموونكردن و ژیانكردن لەناو خودی قورئان و ڕنگدانەوەیان لە واقیعی ژیانیدا، بۆیە ئەمەبوو خەڵكی ناچار بەگوێگرتن و ئەندازەیەك شوێنكەوتنی بانگەوازەكانیشی كردبوو، هەركەس لەگەڵ ئەم پیاوەدا ژیانی كردبێت و لەگەشت و و وێسگەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و ئاوارەییدا هاوسەفەری بووبێت "بەنەیارەكانیشیەوە" ئەوا ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە ببوێرێت كە چۆن ڕاستەوخۆو بە بیروباوەڕی تەواوەوە مانا ڕۆحیەكانی ئیسلام و قورئانی دەكردە پێوەرو هەڵسەنگاندنی واقیعی ژیانی كۆمەڵگاو خەڵكی كوردستان...من نەلە نزیكەوە مامۆستام بینیوەو نە دەرفەتی سەردانیكردن و نە توانای كاری حزبی و تەمەن و پلەشم لەكاری ڕێكخراوەیی سیاسیشدا لەو ئاستەدا بووە تا بگەمە لای و ئەزموونی نزیكایەتیم و جوامێرییەكانی بەیان بكەم، بەڵام لە هەڵوێست و وتارو بیرەوەری هاورێ و نزیكانیدا هەمیشە بەو شێوازە بیركردنەوەیەی سەرسام بووم كە تەبەننی لەفیكریی ئیسلامییەكی خۆماڵی كوردی دەكرد لەبەرامبەر ستەم و چەوساندنەوەو بێدادی دوور لە كاریگەری فیكری هاوردەكراوی "ئیسلامی" هەر شوێنێكی تری كوردستان، باشترین بەڵگەش كە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە كۆمەكیم بكات بریتی بوو لە دەرچوون و وازهێنانی مامۆستا لە عەقڵیەتی كاری ڕێكخراوەیی ئیخوانی عەرەبی و ڕەتكردنەوەی لە كوردستان و دڕاندنی مانیفێستەكانیان، چونكە گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ئەمانە لەگەڵ ژان و ناسۆری گەلەكەیدا ناژین و بێهەڵوێستن..بۆیە ماۆستامەلاعوسمان وەكو كارەكتەرێكی نێو گۆڕەپانی كوردستان لە قۆناغێكی سەختی مێژوویی ژیانی خۆیدا توانی جوڵانەوەیەكی سیاسی بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی بونیاتبنێت و تابلۆكانی مێژووش لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو خاڵی نین لە ناوو ناونیشانی...جێگای خۆیەتی لەبیرەوەری پانزە ساڵەی كۆچی دوایی مامۆستادا جگە لە ناردنی هەزاران ڕەحمەت بۆ ڕۆح و گیانی ئەم مرۆڤە گەورەیە هاوكات هەمووان خۆمان لەبەردەم ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەشدا ببینینەوە كە دەكرێت هەریەك لە ئێمە بەرامبەر نەتەوەكەمان شانبدەینە بەری و بێدەنگ نەبین لە ئاقار ئەو ستەم و نا بەرامبەری و كوشتنە فیكریی و سیاسی و خراپەكارییەی كە لەناو وڵاتەكەی خۆماندا بەرامبەرمان دەكرێت، بەڵكو نەوەستین لەوەی كە ڕێبازی مامۆستا مەلاعوسمان سەرمەشق و چراوگی ڕێمان بێت..