یەكگرتوو وەك كێوەكانی كوردستان لە بن نایەت
12/05/2014 نوسەر: bzavpress

یەكگرتوو وەك كێوەكانی كوردستان لە بن نایەت


ئەم چەند دێڕە, بۆ ئەوانەی نان و پیاز بە ڕەخنە ناوخۆییەكانی یەكگرتووەوە دەخۆن:

ماوەیەكە هەست دەكرێ چەند دەزگاو ناوەندێكی سیخوڕیی, هەندێ لە لێدوان و قسەكانی بەرپرسە باڵاكانی یەكگرتوو- تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دەنگەكانی هەڵبژاردن 30/4/2014- دەقۆزنەوەو, بەشێوەیەكی قیناوی و موغریزانە, شرۆڤەی بۆ دەكەن و, هەندێ دەزگای ڕاگەیاندنیش- ئاگایانە یان بێ ئاگایانە- بە قرتاندنی پێش و پاشی هەندێ لەو وتارو لێدوانانە, خۆیان و جەماوەری كوردستان دەبەن بە هەڵەدا.

جا بۆ ئەوەی ئەو لوقمەی (ئۆخەی كردن)ە بە ڕەحەتیی بۆیان قووت نەچێ و, چەواشەی جەماوەری كوردستانیش نەكەن, من بەشەكەی خۆم ئەم چەند ڕاستی و بنەما گشتییانەی خوارەوە بیری هەموو دێنمەوە.. هیواداریشم ئەو بەشە لە دەزگاو ناوەندەكان كە ترش و خوێیان بەو وتارو لێدوانانەوە كرد, بەبێ ترش و خوێش بێت ئاماژەیەك بەم وتارە بكەن:

یەكەم/ كارو پرۆژەو بەرنامە فرەڕەهەندەكانی یەكگرتوو:

زۆر بەهەڵەدا چوون ئەوانەی وا دەزانن یەكگرتوو بە زیادبوونی چەند دەنگێك بوغرا ئەبێ, یان كارەكانی تەواو دەبن, بە كەمبونەوەی چەند دەنگێكیشی بەچۆكدا دێت. ئەو كەسانەو هەموو دۆستانیش دەبێ بزانن كە یەكگرتوو تەوژمێكی لە كوردستان هەڵكردووە كە بەو ئاسانییە دانامركێتەوە. یەكگرتوو لەشكرێكی لە سەربازانی بەخزمەت و بەئەزموون و ماندوونەناس خستۆتە كار, كە ئەگەر صەدانیان لە پشووی وزە كۆكردنەوەدا بن, صەدان و هەزارانی تریان لە مەیدانی خۆسازدان یان ئامادەباشیی و جێبەجێكردنی ئەركدان.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سەرگەرمی چەندین پرۆژەی گشتگیری پەروەردەیی و بانگخوازیی و ڕەوشتیی و فیكری و ڕوناكبیریی و سیاسی و كۆمەڵایەتیی گرنگ و ستراتیژییە, كە ئەگەر لەلایەكەوە- لەبەر هەرهۆیەك- جۆرێك لە كزی و كاڵبونەوە ڕووی تێ كرد, لە ڕەهەندو لاكانی ترەوە درێژە بەخەبات دەدات. بۆیە هەر هەڵسەنگاندنێك بۆ بەرەوپێشچوون و بەرەودواهاتنی یەكگرتوو بەتاكە پێوەری ژمارەی دەنگ و كورسی, گەورەترین هەڵەیەو, خۆ خڵافاندن و خۆڵكردنە چاوی خەڵكییە.

دووەم/ ئازادیی ڕادەربڕین و, و ڕێزو خۆشەویستیی لەناو یەكگرتوودا:

زۆر جێی شانازییە كە لەناو یەكگرتوودا ڕەخنەی ڕاشكاوانە دەگیرێ و, بوونی ڕاو ڕای جیاواز هەرگیز ڕێگر نەبووە لەبەردەم پاراستنی برایەتی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە یەكتر. ئەوە حزبە شمولی و تاكڕەوەكانن كە هیچ كادرو ئەندامێكی قیادیی تیایاندا ناتوانێ بڵێ: لەل, چ جای ئەندامانی ئاسایی. جگە لەوە یەكگرتووەكان فێر نین خۆڵ بكەنە چاوی كەس و, خۆ لەئاست ڕاستییەكان كەڕ بكەن و, خەڵكیش بە بێ ئاگا بزانن و, بۆ هەر شتێك پاساوی بێ جێ بهێننەوە. بەڵكو ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەن.

سێیەم/ یەكگرتوو بڕوای بە شەفافیەت و ڕاستگۆیی هەیە لەگەڵ جەماوەرەكەیدا:

هەموو قسەو وتارو لێدوانی سەركردەكانی یەكگرتوو لەو سۆنگەیەوە بووە, كە یەكگرتوو پرەنسینی شەفافیەت و ڕاستگۆیی پەیڕەو دەكاو, خۆی و خەڵك و جەماوەرەكەی ناخەڵەتێنێ. هەندێ كەس و دەزگای هەلپەرست و بێ تفاقی مەیدانی سیاسەت, بیریان نیە كە لە سەروبەندی دوا كۆنگرەی یەكگرتوودا چەندە خۆیان ماندوو كردو, خۆیان مەڵاس دابوو بۆ سەرچۆپیگرتنی هەڵپەڕكێی ماڵئاوایی لە یەكگرتوو, بەڵام هەر ئەو كۆنگرەیە پێی وتن: كەم گێل بن و, كەم خۆتان بە خەیاڵ دڵخۆش بكەن. بگرە لەوەش زیاتر كۆنگرە بە چۆكیدا هێنان و, خەوی ئەو شەوەی زڕاندن و, تا دەمەو سەحەر داینیشاندن و, واقیان وڕ ما, كە لە جێی شەڕە جوێن و ناوچەگەریی و شەڕەپۆست و مەحسوبیەت , یەكپارچە سۆزو ڕێزو خۆشەویستی و میهرەبانیی و خەمی ئاین و خاك و خەڵك لە زمان و ڕوخسارو هەڵوێستی بەشدارانی كۆنگرە دەتكاو, ڕاستەوخۆ پەخش دەكرایەوە.

چوارەم/ یەكگرتوو پێكهاتەیەكی سەرەكیی حاڵەتی سیاسی كوردستان:

دەبێ دۆستانی یەكگرتوو بدەن بەگوێی ناحەزانی فرەیی سیاسی و, دوژمنانی سەقامگیریی و ئاشتی نەتەوەییدا, كە یەكگرتوو پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی سەرەكیی ئەم هەرێمەیەو, وەك هەمیشە فاكتەری پێكەوەژیان و ئارامیی و سەقامگیریی و ئاسایشی ناوخۆیە. یەكگرتوو ئەندازیاری ئاشتی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و, داهێنەری پرۆژەی چاكسازیی و, هەڵگری پەیامی دژە گەندەڵییەو, لە پێشەنگانی پاراستنی بەها ئاینی و نەتەوەییەكانە. جگە لەوە كە ڕچەشكێنی نەسڵەمینەوە بوو لە داوای بە دەوڵەتبوونی كوردستان و, كردیە یەكەم خاڵی حەوت خاڵە ستراتیژەكەی كۆنگرەی شەشەمی.

هیوادارم بەم چوار خاڵە وەڵامی بەشێك لەو كەس و دەزگایانەم دابێتەوە كە بۆ دوو قسەی ڕاستگۆیانەی بەرپرسانی یەكگرتوو, دەست بەڕیشیاندا دێنن و, بینایەكی پووچ و بێ بناغە لە وەهم و خۆزگەی بەتاڵ بۆ خۆیان قنج دەكەنەوەو, بیریان دەچێتەوە كە ساڵانێك خۆیان قەرزاری میللەت كرد لە خەرج و مەصرەفكردنی ناهەق, بۆ سنورداركردنی چالاكییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی و, مەحرومكردنی كادیرو ئەندامانی لە مافەكانیان, بەڵام یەكگرتوو پاش سوتاندنی بارەگاكانی و نانبڕینی كادرو لایەنگرانی و, سەرئێشە دروستكردن بۆ خۆیان و خەڵك, وەك كێوەكانی كوردستان بە سەربڵندیی مایەوەو, جێپەنجەی هەوڵە ئیصلاحییەكانی هاویشتە هەموو ناوەندە ئەهلی و ڕێكخراوەیی و پەرلەمانی و حكومییەكان و, كاروانەكەشی بە مێژوویەكی پڕ سەروەرییەوە, درێژە بە خەباتە فرە ڕەهەندەكەی دەدا.

جا هیوادارم ئەو دەزگاو ناوەندانەی لافی پیشەییبوون و بێلایەنییان لێ دەدا, وەك قسە پێشووەكانی هەندێ لە سەركردەكانی یەكگرتوویان كردبووە مانشێت و بنێشتە خۆشەی دەمیان, چەند دێڕێكیش لەم وتارە بدەن بەگوێی بیسەرانیاندا, تا بەتەنها سایتی (كوردیو)و كەناڵی (سپێدە)ی پێوە ماندوو نەبێت. لەگەڵ ڕێزم.