خوێندنەوەیەك بۆ کۆنگرەی ئیسلام و دیموکراسی ئامەد
15/05/2014 نوسەر: bzavpress

خوێندنەوەیەك بۆ کۆنگرەی ئیسلام و دیموکراسی ئامەد


لەسەر داوای بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێکەوتی ١٠-١١/٠٥/٢٠١٤ە لە ئامەد بە ئامەدەبوونی ٣٥٠ ئەندام و کۆمەڵێكی زۆر چاودێر کۆنگرەیەك بەناونیشانی ئیسلام و دیموکراسی بەسترا.
لە مێژە پارتەکەی ئۆجەلان بە مارکسی و دژ بە دین و بەها ڕۆحیەکان ناودەبرێت و لەناو خەڵکدا باس دەکرێت، ئەوەشی لە ڕیزەکانی ئەو پارتەدا دەبینرێت دوورە لە هەندێك سیمای ئیسلامی، نەبوونی حیجاب لەناو گەریلاکاندا، خۆبوراندن لە مەراسیمە دینیەکان، ناوهێنان، بەها دیارەکانی ئاینی ئیسلام. 

گەلی کوردیش گەلێکی مسوڵمانەو کێشەی لەگەڵ ئیسلامدا نی یە، تەنها بیانوی پارتە چەپەکانیش بۆ وەلانانی دین هەر ئەوە بووە، کە مادان کورد کێشەی لەگەڵ دیندا نی یە ئیتر پێویست ناکات خۆمان بە دینەوە سەرقاڵ بکەین و دەبێت هەوڵی کێشە نەتەوەییەکان بدەین کە کێشەی قوڵ و لە مێژینەمان تێیدا هەیە.

ناشاردرێتەوەو پێویست و لە جێگەی خۆیدایە کە بڵێین ئەو فکرو ئایدۆلۆژیانەی کەوا پارتەکەی ئۆجەلان و زۆرێك لە پارتە کوردیەکانی تریش بە تایبەت باشوور دژ بە دین بوون و لەسەردەمانێکدا شانازی تەواویشیان پێوە کردووە! مێژوو ئەوەی سەلماند کارکردن بە ئاراستەیەكی دژ بە دین وەیان بەخۆبوراندن لە ڕاستیەکانی ئیسلام نەك چارەسەری کێشەی کورد ناکات، بەڵکو وا دەکات کوردان ئاوی ڕۆحیان لە جێگەی تر بدەن و بتەکێنەوە لە پارتە کوردیەکان، ڕاستە کورد کێشەی لەگەڵ ئیسلامدا نی یە، بەڵام هۆکاری ئەو بیرۆکانە بوون بە کێشە! گرنگی دانی زیاتر بە عەلەوی لە باکورو زەردەشتیەکان لە باشوور زیانی گەورەی بە دۆزی کوردو کاڵبونەوەی ئینتیمای نەتەوایەتی گەیاندووە.

پارتە کوردیەکان و بە تایبەت پەکەکە کە خەباتی لە باکورەوە دەستپێکردو گەورەترین بەشی داگیرکراوی کوردستانە، وڵاتێکە خەلافەتی عوسمانی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ڕەنگدانەوەی ئاینی ئیسلام و فکری ئیسلامی لەو وڵاتەدا مێژوویەکی گەورەو درێژی هەیە، خەڵکەکەشی عەلمانیەت و زەبروزۆری کەمالیزمیش بەو هەموو هێزەیەوە نەیتوانیووە ئیسلامەکەی لێ بسەنێتەوەو خەڵکی هەر خۆڕسكانەو بەدوور لە بەرژەوەندیە دونیایەکان ئیسلام هەر هەڵبژاردەی بووە، هەربۆیە دەبینین پارتێك گەرچی ناوی ئیسلامیش نەبێت بەڵام بە ڕەفتاری ئیسلامیانەو بە شێوەیەکی دیمکراسی دەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن و پێشوازی گەرمی لێبکرێت.

ئەو ئەزموونە ئەوە دەسەلمێنێت گەربێت و ئیسلام بە شێوەیەکی دروست بەکار بێت دەتوانێت خزمەت بە دۆزی کوردیش بکات، کاری چەپەڵی زۆر نامرۆڤانە بەناوی ئیسلامەوە کراوەو لە ژێر ئەو ناوانەدا کورد چەوساندنەوەیەکی قوڵ و فراوانی بەخۆیەوە بینیووە! هەربۆیە هەموو ئەو هەڵانە بەجۆرێکی لنگەوقوچانە لەلایەن پارتە چەپەکانەوە تەبەنی کراوەو خراوەتە پاڵ ئیسلام!، ئەمەش وایکردووە شەقامی کوردی لە دووڕێیانی ئیسلام و کوردایەتیدا بەردەوام لە کێبەرکێدابن، نەیان توانیووە واز لە دینەکە بهێنن و هاندانێکی سروشتی و ڕۆحی هەردەم پاڵی پێوەناون، لەولاشەوە کێشە نەتەوەییەکان ئازارێکی فیزکی بووەو نەتوانراوە وازی لێبهێنرێت.

گرێنەدانی ئەو دووچەمکەو جیاکردنەوەی لەیەکتری بۆشاییەکی وای دروست کرد لە باشوردا بە چەند حیزبێکی ئیسلامی تەقیەوەو لە باکوردا دوورکەوتنەوە لە حیزبە کوردیەکان و نزیك بوونەوە لە حیزبە نا کوردیەکان.

هەربۆیە لە باشووردا بینیمان فکری سۆسیالیستی و دیموکراسی و حیزبە گەورەکانی بەناچاری بەلای دیندا کردەوە، هەرچەند کرانەوەکەش تا ئێستە ئاوی دڵی جەماوەکەی نەداوەو هەردەم جیاکاری عەلمانی و ئیسلامی بۆ بەکاردێت، وەیان قاعیدەی حیزبەکانیان بەیناو بەین بە گوێماندا دەدەنەوە ئەوان عەلمانین و دین و دەوڵەت لەیەك جیا بێت و دین تەنها نێوان خوای گەورەو مرۆڤەکانە تەئکیدی لەسەر دەکرێتەوە، ئیسلامیەکانیش دەنگدان بە حیزبە عەلمانیەکان بەجۆرێك لە بێ دینی و نەبونی چەمكی (الولا‌و والبرا‌و) خۆشویست و ڕقلێبونەوە بەکار دەهێنن، هەتا هەندێك جار بە (کفر) بێ دینی ئاماژەی پێکراوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت هەڵەیەکی مێژووی لەناو و ناوەرۆکەکاندا ڕوویداوە، نەتوانراوە ئامانجە نەتەوەییەکان بپێکرێت بە بیرێکی نادینی، گەرچی زۆریش کاریگەر بوو بێت، هەروەك چۆن نەشتوانراوە بە بیرێکی ئیسلامی و لاوازی ئینتیما کوردیەکە ئامانجەکان بپێکرێت.

ئەوەی ئێستە لە ژێر دەستی سەرکردەیەکی بەهێزو کاریگەری نێو ساحەی کوردایەتی وەك ئۆجەلان کە ئاوڕێك بەلای دیندا دەداتەوە بریتیە لە واقعبینیەکی دروست و هەڵوێستەو بەخۆداچوونەوەیەك لەو بوارەدا، موراجەعاتێکە کە زۆر بەهەند وەردەگیرێت و چاوەڕوانی سەرەنجامێکی گەورەی لێ دەکرێت، کەسێکی خوێندەواری وەك ئۆجەلان کە قوڵبوونەوەیەکی فراوانی لە تێگەشتن لە فکرو ئایدۆلۆژیە جیا جیاکاندا کردووەو لەم کاتەدا جاڕی کۆنگرەی ئیسلامی لێ دەدات و گرنگیەکی بەرچاوی پێدەدرێت لە ئامەددا بە خوێدنەوەیەکی نا دەمارگیری و هەستی خەمخۆری و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لێك دەدرێتەوە. ئەوەشی لە زەمینەو خاکی باکوردا دەبینرێت قودسیەتێکی یەکجار گەورە بۆ دین هەیە، لە بازاڕدا ئافرەت بە پیری مەلاکانمانەوە دەهاتن و تەکلیفی ئەوەیان دەکرد دەستیان ماچ بکەن و دەستێك بخەنە سەر سەریان، هەرچەند ئەوەش لێکدانەوەیەکی دینی بۆ کراوەو بەجۆرێك لە ناتەندروست لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ناتوانرێت ئەو هەستە بەهێزەی کە لەناخی کورددا بەرانبەر دین هەیە لەناو ببرێت و بشاردرێتەوە.

ئەوەی لە کۆنگرەکەدا لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەرکرابوو وە وەك توێژنەوەی زانستی خرایە ڕوو دەرکەوت:

١-هیچ کێشەمان لەگەڵ ئیسلامدا نی یە.
٢-باوەڕمان بە دەقەکانی ئیسلام هەیەو کاریگەری خۆی هەیە.
٣-ئەزموون و مێژووی مەدینە چارەسەرە بۆ ئەمڕۆی کورد.
٤-دەستەڵاتدارانی دراوسێ نا تەندروست دینیان بەکارهێناوەو لە ئیسلامدا ئەو کارە قێزەونانە جێگەی نابێتەوە.
٥-ئیسلام دینێکی عەرەبی نی یە، بەڵکو جیهانیەو لە ڕووی مێژوو وە وەك کەسایەتی بەهێزی ئەو ساحە کورد پشکی شێری بەرکەوتووە.
٦-کورد نەیویستووە دین بە خراپ بەکار بهێنێت.
٧-لە ئیسلامدا ڕەچاوی پێکەوە ژیان و کەمینەکان بە بایەخەوە باسکراوە.
٨-دەبێت گرنگی زیاتر بە ئیسلام بدرێت و خۆ نەبوراند لە چەمکە دینیەکان.
٩-مافی ئافرەت جێگەی بایەخی گەورەیە لە ئیسلامدا.
١٠-ئیسلام لەگەڵ چینی هەژارو ستەملێکراواندایە.

بە کورتی و پوختی دەتوانرێت بوترێت ئەم ئاوڕدانەوە، ئاوڕدانەوەیەکی مێژووی و واقعی یە، لە هەستێکی پەرسانەوە سەرچاوە دەگرێت، واقعی پێویستی و شەقامی کوردیە، نابێت چیتر کێشەکانی کورد بە قوربانی فکرو ئایدۆلۆژی غەربی بکەوێت.

ئەندامی کۆنگرە