باوەڕی نـیـە بە خــوا(بالحکمة)کەی ئێمە کوا ؟
01/07/2013 نوسەر: bzavpress

باوەڕی نـیـە بە خــوا(بالحکمة)کەی ئێمە کوا ؟

باوەڕبون بە الحاد
بەشی دووەم

لە باسی پێشوودا ئاماژەمان بە جۆرەکانی ئیلحاد و لادان کرد ، هەروەها باسی ئەوەمان کرد کە بە کار‌هێنانی حیکمەت و دانایی ئەرکی سەرشانی هەموو بڕوادارێکە لە کاتی گفتوگۆ و کردار و تەنانەت لە کاتی بێ دەنگیشدا !
خوای گەورە دەفەرموێت ((يُؤْتِي الْحِكْمَةَ مَن يَشَاءُ وَمَن يُؤْتَ الْحِكْمَةَ فَقَدْ أُوتِيَ خَيْرًا كَثِيرًا ۗ وَمَا يَذَّكَّرُ إِلَّا أُولُو الْأَلْبَابِ))
واتا (ئه‌وزاته به‌هه‌ر که‌س بیه‌وێت و (شایسته بێت) حیکمه‌ت و دانایی پێ ده‌به‌خشێت و هه‌ر که‌س حیکمه‌تی پێ ببه‌خشرێت، ئه‌وه بێگومان خێرێکی زۆری پێدراوه جا بێجگه له ژیر و هۆشمه‌نده‌کان که‌سانی تر له‌و به‌هره‌یه تێناگه‌ن و په‌ند وه‌رناگرن)

کەواتا حیکمەت و دانایی فەزڵ و نیعمەتێکی زۆر گەورەیە خوای گەورە دەیبەخشێت بەو کەسانەی کە خۆیان یەکلایی کردۆتەوە بۆ خوای گەورە و هەر دەقە و سەعاتێک لەسەر ڕێچکەو و ڕیبازێک نین و یاری بە خۆیان و بە
خەلکیش ناکەن.

ئەوەی لە لای ئێمە باوە ئەوەیە کە ئیلحاد بە واتای ئەو کەسەی کە بڕوای بە هیچ خودایەک نییە و دان بەوە دانانێت کە گەردوون و گێتی دروستکەرێک
دروستی کردووە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم پێناسەیە بەشێکی ئیلحادە ! چونکە خوای گەورە باسی ئیلحادمان بۆ دەکات و دەفەرموێت ((وَمَن يُرِدْ فِيهِ بِإِلْحَادٍ بِظُلْمٍ نُّذِقْهُ مِنْ عَذَابٍ أَلِيمٍ))
واتا (جا ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌هۆی یاخی بوون و لادانه‌وه سته‌م بکات، ئه‌وه سزایه‌کی به ئازاری پێ ده‌چێژین)
کەواتا (ئیلحاد) بە مانای درچوون لە فەرمانەکانی خوای گەورە دێت و مەرج نیە کە تەنها ئەو کەسانە بگرێتەوە کە پێیان وایە بڕوایان بە بەدیهێنەر (خوا) نیە ! هەروەها مەرج نیە کە ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن و دەڵێن (هیچ خودایەک نیە) ئەوە ڕاستگۆبن لەگەڵ ئێمە و لەگەل خۆیان !
چونکە مرۆڤ بە سروشت و فیطرەت بڕوادارە و لە ناخی خۆیەوە هەست بە بەدیهێنەر و خوای باڵادەست دەکات !

ئێستا با باسی پلەکانی ئیلحاد بکەین تا بە گوێرەی قۆناغ و پلەکانی گفتوگۆ لەگەڵ
مەلحیدەکان بکرێت

• یەکەم قۆناغ و پلەی ئیلحاد زۆر جار بەم بیرۆکە و پرسیارە دیار دەکەوێت کە کەسی مولحید دەپرسێت (ئایا هیچ بەدیهێنەر و خوایەک هەیە ؟! یان ئەم گەردوون و گێتی و بوونەوەرانە لەخۆیانەوە دروست بوون (بە پێی
چەند یاسا و رێسایەکی ڕێک وپێک و بێ هەڵە ! یان بە بێ هیچ یاسا و رێسایەک و ماددە هەر لە خۆیەوە گۆڕانکاری بەسەرداهات و ئەم جیهانە جوان و رێک و پێکە دروست بوو !)

ئەمە چەند پرسیار و گریمانێکن کە کەسی مولحیدی پلە یەک دەیکات و بابەتی لەسەر دەنووسێت و زۆر جار بەبێ گەیشتن بە دەرەنجام دەڵێت : کەواتا ئەم جیهانە بەبێ بەدیهێنەر دروست بووە !
لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە و لەم قۆناغەدا نابێت باسی بەهەشت و جەهەنەم و خوائەتگرێت و خوابتگرێت بکەین ! لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە بانگەشەی زانستی بوونی بیردۆز و گریمانەکانیان ئەکەن و پێیان وایە کە بە زانست دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە و بسەلمێنرێت کە خوای گەورە ئەم جیهانەی دروست کردووە (بە مانایەکی تر ئەوان بەڵگەی عەقڵیان دەوێت نەوەک بەڵگەی نەقڵی)
وەڵامدانەوەی لەم قۆناغەدا زۆر ئاسانە و تەنها ڕوونکردنەوە و هێنانەوەی چەند بەڵگە و دەلیلێکی زانستی دەوێت کە زانا گەورەکان لەسەرووی هەموویانەوە گەورەی مولحیدەکان دانیانناوە بە بەدیهێنەر و خوای گەورە .
تەنها خوێندنەوەی چەند کتێبێکی زانستی و ئیعجازی دەوێت کە پڕیەتی لە بەڵگە و دەلیل.

• دووەم قۆناغ و پلەی ئیلحاد کە زۆرجار لەدوای موناقەشە و گفتوگۆ لەگەڵ مولحیدی پلەی یەکەم دەست پێدەکات بە هۆی تەسلیمبوونی بە بوونی
خوای گەورە یان هەر ڕاستەوخۆ مولحدێک لەم قۆناغەدایە ، ئەم قۆناغە بەوە جیادەکرێتەوە کە بابای مولحید دان بەوەدادەنێت کە بەدیهێنەرێک (خوا) هەیە و ئەم بوونەوەر و جیهانەش خوای گەورە دروستی کردووە ، بەلام دەڵێ (خوا ئەم
بوونەوەر و مرۆڤ و ئاژەڵ و زەوی و ئاسمان و گەردوونەی دروست کردووە بەڵام دوایی جێی هێشتووە و هیچ پەیوەندیەکی بە دروستکراوەکانی نەماوە !) لەبەر ئەوە ئەم جۆرە کەسانە گومان لە پێغەمبەران و نێردراوانی خوای گەورە دەکەن
زۆر جار غەیبیات و شتەنەبینراوەکانی تریش بە درۆدەخەنەوە وەک فریشتەکان و جنۆکە و (شەیاطین) بەڵام دەڵێن کە عەقڵ قبوڵی ئەوە ناکات کە ئەم گەردوون و بوونە جوان و ڕێک و پێکە هەر لە خۆیەوە و بە بێ (خوا) دروست بوبێت !
ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ئیلحادە لەسەردەمی یۆنانی کۆن بە تایبەتی سەردەمی (ئەفلاتۆن) و (ئەرستۆ) دروست بوو واتا نزیکەی (٣٩٠-٣٨٠) ساڵ
پێش لە دایک بوونی عیسا علیە السلام !
بە داخەوە کە سکۆلاریستەکان و عڵمانیەکانی ئێستا هەمان بیر و بۆچوونی مولحیدەکانی یۆنانیان هەیە ! ئەی (علمانیەکان)یش ناڵێن بروامان بە
خوای گەورە هەیە بەڵام بڕوامان بەوە نیە کە خوای گەورە پەیامی ناردبێت تا پەیرەوی بکەین یان دەڵێن خوای گەورە هیچ فەرمان و داوایەکی لە مرۆڤ نەکردووە و مرۆڤ خۆی دەبێت یاسا و قانون دابنێت ! خوای گەورە ئەم گەردوون و جیهانەی دروست کردووە و دوایی وازیلێهێناوە و جێی هێشتووە دوایی دەڵێن (لەبەر ئەوە خوای گەورە خۆی لە کار و باری گەردوون نادات چونکە ئەوە
شایەنی خوای گەورە نییە و ئێمە خوای گەورە بە بەرز و بەڕێز دەگرین !)
ئەتوانرێت بۆ ئەم جۆرە کەسانە باس لە یاساو ڕیسای شەرعی و شیاوی و گونجاوی دونیای تازە و مۆدێرن لەگەڵ یاساکانی قورئانی پیرۆز بکەین و بە دەلیلی عەقڵی ئینجا نەقڵی وەڵامیان بدەینەوە و باس لەوە بکەین کە عەقڵی مرۆڤ قابیلی هەڵەکردنە و یاساکانی دەستکرد پڕ لە کەم و کوڕی و هەلە و پەلەن .. بەڵام ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە خوای گەورە ناردوونی هیچ هەڵە و
کەموکوڕی تیانیە و بێ کێشەن ...
بەلام لەم قۆناغەشدا نابێت باس لە قەبر و قیامەت و بەهەشت و جەهەنەم و فریشتە و جنۆکە بکرێت مەگەر بە پێی پێویست .

• لە قۆناغی سێیەم یان پلەی سێیەمی ئیلحاد کەسی بێ دین و مولحید دانیناوە بە خوای گەورە و هەروەها دانیناوە بە دەسەڵاتی خوای گەورە و
باشتر بوونی شەرع و یاسای خوای گەورە لە یاسا و رێسا دەستکردەکان ، بەلام دەڵێت (خوای گەورە پەیوەندی هەیە بە دروستکراوەکانی و پێغەمبەرانی ناردووە بەلام ئەی کام ئایین و کام دین و کام پەیام ڕاست و دروستە ؟)

نەصرانییەکان ڕاستن کە خۆیان بە نوێنەری ئاشتی و ئازادی دادەنێن یان یەهودیەکان کە خۆیان بە نمونەی چەوساوەکان و رێگای مرۆڤایەتی دەزانن ! یان ئیسلام ڕاستە کە دەڵێن واتا تەسلیم بوون بۆ خوای گەورە و ئاشتی و خۆشەویستی و حاکمیەتی خوای گەورە ؟!!
لێرەدا لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام شێوێنراوە و درۆ و بوختانێکی زۆریان بۆ کردووە کەسی مولحید زۆر جار هەست و سۆزی بە لای دین و ئایینەکانی تر دەچێت ! بەتایبەتی ئایینی (نەصرانی) ... لێرەدا دەبێت بەڵگەی نەقلی لە قورئان و سوننەت بهێنینەوە و وەڵامی شوبهە و گومانەکانی بدەینەوە
کە بۆی دروست کراوە !
بەلام زۆر جار پێویستمان بە شارەزایی دەبێت لە ئایینەکانی دیکە و پێویستە یاسا و رێساکانیان بزانین و جیاوازیەکان و هاوبەشەکانی نیوان ئیسلام و نەصارا و یەهوود و سکۆلاری و مارکسی و.. بەیان بکەین و قسەی شەرع و یاسای ئیسلام (نەوەک قسەی خۆمان یان یەکێکی تر !) بەیان بکەین ، ئەمەش هەمووی بە پێی (حیکمەت) و دانایی و (عەقڵ) ، واتا صەبر و ئارامگرتن و قسەی باش بەبێ جنێو و ڕەقی و وشکی و توڕەبوون .