پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر قەیرانی دارایی و دواكەوتنی موچە دەكات
23/05/2014 نوسەر: bzavpress

پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر قەیرانی دارایی و دواكەوتنی موچە دەكات


 لە دانیشتنی رۆژی دوشەممەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان، گفتوگۆ لەسەر قەیرانی دارایی هەرێم و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و بڵاوكراوەیەكی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات لەسەر زمانی كوردی.

یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات بۆ ئامادەبون لە دانیشتنی رۆژی دوشەممەی داهاتو (26/5/2014) بەرنامەی كارەكەش گفتوگۆكردن لەسەر 2 تەوەر و خوێندنەوەی 9 پرۆژە یاسا لە خۆدەگرێت.

زاگرۆس ئەحمەد، راوێژكاری‌ راگەیاندنی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان رایگەیاندوە:  لەسەر داوای ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە گفتوگۆكردنە سەبارەت بە قەیرانی دارایی و ئابوری لە هەرێمی كوردستان و پێنەدانی موچەی هاوڵاتیانی موچەخۆر و خانەنشین.

راشیگەیاند؛ تەوەری دووەم گفتوگۆكردنە سەبارەت بە بڵاوكراوەی كونسۆڵگەریی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی سەبارەت بە زمان و نەتەوەی كورد، ئەوەش لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان.