تکایە میوانداری مەکەن....خۆ پەرلەمان میوانخانە نیە
27/05/2014 نوسەر: bzavpress

تکایە میوانداری مەکەن....خۆ پەرلەمان میوانخانە نیە


بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ...
نازانم لەسەر چ بنەما و پێوەرێکی یاسایی بڕیارتان داوە ڕۆژی چوارشەممە (28 /5 / 2014 ) میوانداری سەرۆکی کاربەڕێکاری حکومەت و وەزیری دارایی بکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان ، ئێوە ئەم برگەی میواندارییەتان لە کوێوە هێناوە ، هەموو یاسا و ڕێساکانی هەرێمی کوردستان بتەکێنە دەقێکی تیا نیە باس لە میوانداری سەرۆکی حکومەت بکات بۆ ڕونکردنەوە ، بۆ پەرلەمان میوانخانە و دیوەخانە بۆ خۆ نمایشکردنی ئەم و ئەو ؟ یان جێگەی چاودێری و لێپێچینەوەیە لە حکومەت و بەرپرسەکانی.
ئێوە هەمووتان باش ئەزانن کە ناتوانن لێپێچینەوە لە سەرۆکی کاربەڕێکاری حکومەت بکەن ، چونکە ئەو لە قۆناغی کاربەڕێکاریدایە ، ئێوە خۆتان چەند ڕۆژێک لەمەوپێش ناوتان ناوە بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم..ئیتر ڕونکردنەوەی ئەوتان بۆ چیە، هەر بۆیە ئەگەر هەر یەکی 1000 پرسیاریشی لێ بکەن و وەڵامەکانیشیتان بە دڵ نەبێت هیچ سودێکی نیە، هەر خۆتان ماندوو ئەکەن، چونکە ئێوە ناتوانن پرسیارەکانتان بگۆڕن بۆ داوای لێپێچینەوە.. ئەو بە کورتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکارە....
جا ئەگەر مەبەستتانە لێپَچینەوەی لەگەڵ بکەن ،و ناتانەوێت ئێوەش خۆتان نمایش بکەن... ئەوا تکاتان لێ ئەکەم ئەم داواکارییەتان هەڵگرن بۆ ڕۆژی متمانە دان بە کابینە حکومیەکەی...ئەوکات قسەی دڵ خۆتان بکەن..ئەگەر بە دڵتان نەبوو ، دەنگی مەدەنێ..با ئەو ڕونکردنەوەکەی هەڵگرێت بۆ هۆڵی کۆبونەوەکانی خۆی لە ئەنجومەنی وەزیران
هەر بۆیە ئەگەر ئێوەش بە ڕاستی ئەتانەوێت پەرلەمان نەبێتە میوانخانە و دیوەخان ، تکایە بۆ رۆژی میواندارییەکە هۆڵەی بۆ بەجێ بهێڵن...قسەی دڵی خۆتان هەڵگرن بۆ رۆژی متمانەدان...ئەوکات قسەکانتان، دەنگەکانتان سەنگ و سودی خۆی ئەبێت ..ئەگەر نا میوانداری لە بنەڕەتدا هیچ نیە جگە لە شانۆگەرییەکی زۆر ناخۆش ...شانۆگەرییەک 22 ساڵە بە ناوی جیا جیاوە خۆی نمایش ئەکات...تکاتان لێ ئەکەم ئێوەش مەبنە ئەکتەر بۆ ئەو شانۆگەرییە..