28/05/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
فازل میرانی :ھێشتا گفتوگۆ لەسەر پێدانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە یەکێتی دەکرێ
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازل میرانیرایگەیاند، بابەتی پێدانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە یەکێتی ھێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ.
ئەمڕۆ لە کاتی پێدانی دکتۆرای فەخری بە نووسەری تورک ئیسماعیل بێشکچی لە زانکۆی سەڵاحەدینی شاری ھەولێر، فازل میرانی بۆ پەیامنێران ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنی ستراتیجی نێوان یەکێتی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان جێی سوودە، بەڵام رەنگە وردەکارییەکانی لەگەڵ پێشهاتە تازەکان پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێ.
جەختیشی کردەوە: "ئێمە و یەکێتی ھەردوولا پێویستمان بە ھاوکاری یەکتر ھەیە."
ھەروەھا لەبارەی پرسی ئەوی لایەنێکی کوردی بیەوێ بەشداری لە حکومەتی عێراق بکا، میرانی گوتی: "لایەنەکان بە لێژنەیەک بڕیار دەدەن و ھەموو حزبەکان لای سەرۆکی ھەرێم وەعدیان داوە لە ئیجماعی کوردی دەرنەچن."
میرانی لەبارەی پرسی نەوتەوە گوتی: "تەنیا پارتی نایفروشێ و ئەم وڵاتە تەنیا وڵاتی ئێمە نییە و ئێمە بە تەنیا لە حکومەتدا نین، ئەو قسانەی کە دەڵێ پارتی بە تەنیا نەوت دەفرۆشێ، تەنیا شەپۆڵێکە دژی ئێمە بەکاردێ."