گوڵ: نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور دەفرۆشرێ
02/06/2014 نوسەر: bzavpress

گوڵ: نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور دەفرۆشرێ


سەرۆك كۆماری تورکیا لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد کە لەدەستوری عێراقیدا چی باس کرابێ بەو شێوەیە مامەڵە دەکرێ و هیچ کاتێ دەستوری عێڕاقی پێشێل ناکرێ.

سه‌ركۆماری توركیا عه‌بدوڵا گوڵ لەمیانیە بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا کە لە زانكۆی هارڤارد کەنەدی له‌ ئه‌مریكا ڕێکخرابوو و چەندین دیپلۆماتکار و بەرپرسانی دەرەوەی کۆشکی سپی ئامادەی بوون، باسی لە کێشەکانی ناوچەکە و داهاتوی ناوچەکە کرد و دواتریش وەڵامی پرسیاری بەشداربووانی دایەوە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندی تورکیا و هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوه‌ندی عێراق، گوڵ ئاماژەی بەوەدا کە عێراق نزیکترین دراوسێی تورکیایە و هەرکات ئاڵۆزیەک کەوتە ناو عێڕاق، راستەوخۆ کاریگەری بەسەر تورکیاوە دەبێ.

گوڵ باسی لەوەش کرد کە ئەوان وەک تورکیا خوازیارن  عێراق سەقامگیر بێ و سەرچاوەکانی خۆی بۆ گەلی خۆی بەکاربهێنێ و گەلانی عێراق وەک کەسوکاری نزیکمان وان.

سه‌ركۆماری توركیا لەبەشێکی دیكه‌ی قسه‌كاندیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێڕاقدا بەهۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسی، تائێستا نەتوانراوە هەندێ یاسای بنەڕەتی لە پەرلەمان په‌سه‌ند بكرێ. 

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یاسای نەوت و غازی بەنموونە هێنایەوە و گوتی: "گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی چۆن داهاتی نەوتەکە دابەش بکرێ لەئارادایە، ووزە دەبێ بەکاربهێنرێ ، تورکیاش لەگەڵ ئیدارەی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، هەوڵی ڕەوانە کردنی ئەو نەوت و گازە دەدات بۆ ناو ئەوروپا. لەم نێوەندەدا ، دەستوری عێراق پەیڕەو دەکرێ ، بە پێێ دەستوری عێراقی حکومەتی ناوه‌ندی لەسەدا ٨٤ی داهاتی نەوتەکە دەبات و ئەوەی دیكه‌ش بۆ ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبێ ، واتە بەهیچ جۆرێ دەستوری عێراقی پێشێل نه‌كراوه‌."