عەبدولئەمیر زەیدی:ترسم هه‌یه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌م
01/07/2013 نوسەر: bzavpress

عەبدولئەمیر زەیدی:ترسم هه‌یه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌م

عەبدولئەمیر زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە خانووی لە هەولێر هەبێ و منداڵەكانی ئێستا لە هەولێر بن، بەڵام گوتی "هیوادارم هەموو عێراق وەكو هەولێری لێبێت".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەبۆڕووداو گوتی "نەك خانووم لە هەولێر نییە، بگرە یەك بستیشم لە هەولێر نییە و خێزانەكەشم ماوەی چەند ساڵێكە لە بەغدا دەرنەچووە".
عەبدولئەمیر زەیدی، نەیشاردەوە كە ترسی هەیە لەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و گوتی "هەرێمی كوردستان داوای دەستگیركردنی منیان كردووە و لەراگەیاندنی كوردیش بەخراپ باسی من دەكەن، ئەوان كە داوای گرتنی من بكەن چۆن سەردانی هەولێر دەكەم و بەدەستی خۆم خۆمیان رادەست دەكەم".
قسەكانی زەیدی پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە دێن لە میدیای كوردییەوە كە گوایە لەكاتی سەردانی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر لە رۆژی 9/6/2013، داوای لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە خانوویەك بۆ عەبدولئەمیر زەیدی دابین بكەن تاوەكو خێزانەكەی بهێنێتە هەولێر، چونكە وەك لە هەواڵەكەدا هاتبوو، ژیانیان لە مەترسیدایە و بابەكر زێباری سەرۆك ئەركانی سوپای عێراقیش داوای لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە كە خانووەكەیان بۆ دابین بكەن.
س.ع