سەلەفیەت و راڤەكردنی مەزهەبیانە
02/06/2014 نوسەر: bzavpress

سەلەفیەت و راڤەكردنی مەزهەبیانە


- ئایەتی 153ی سورەتی ئەنعام وەك نمونە
بەشی یەكەم
راڤەكردنێكی مەزهەبیانەی ئایەتی:[وَأَنَّ هَذَاصِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَاتَتَّبِعُواالسُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ]. الأنعام:153.

لەپێشەكی كتێبی "حیزبایەتی لە تێڕوانینی ئەهلی سوننەوە" د.عەبدولەتیف پێشەكیەكی كورتی نوسیوە و دوای حەمدەلە و بەسمەلە راستەوخۆ بەم ئایەتە دەستی پێ كردوە، دوای هێنانی ئایەتەكەش هەستاوە بەوەرگێڕانی دەقەكە و لەم وەرگێرانەكورتەشدا بەشێوەیەك مامەڵەی كردوە مرۆڤی ورد هەست بە رەگ و ریشەكانی مەزهەب گەرایی و حیزبایەتییەكی دیاریكراو دەكات لەم چەند دێرە كورتەدا، بۆیە لێرەدا تیشك دەخەمە سەر ئەم بابەتە بۆ ئەوەی :
1- تێبگەین لەوەی ئەم مامۆستا بەڕێزانە ناتوانن بەئاسانی مامەڵەیكی تەندروست بكەن لەگەڵ بەڵگەكاندا و خۆیان داڕنن لەو قەناعەتانەی هەیانە و بێ لایەنانە مامەڵە لەگەڵ دەقەكاندا بكەن... 
2- ئەم ئایەتە لە زۆر شوێنی تریشدا لەلایەن ئەو بەڕێزانەوە دەخرێتە گەڕ و تەوزیف دەكرێ بۆ مەبەستی تەزكیەكردنی خۆیان و بەپەسەندبینینی بۆچونە تایبەتەكانیان و ناوزڕاندنی ئەوانیتر بە گومڕا دانانی نەیارەكانیان.
ئایەتەكە بریتیە لە ئایەتی 153ی سورەتی ئەلئەنعام: [وَأَنَّ هَذَاصِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَاتَتَّبِعُواالسُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ]... ئەو بەڕێزەش بەم شێوەیە راڤەی كردوە یان وەری گێڕاوە:" واتە: ئەو رێبازو و سونەتەی كە پێغەمبەر (ص)ی لەسەرە ئەوە رێگای راستی منە، دەی شوێنی بكەون و لەسەر ئەو رێگایە بڕۆن بەتەنها. وە نەكەونە شوێن رێچكەكان ئەگینا رێچكەكان لاتان دەدەن لە رێگەی راستی خوا. ئەمەشە خوای گەورە وەسیەتتانی پێ دەكا بۆ ئەوەی لە خوا بترسن، وە لە توڕەیی و سزای خوا پارێزراو دەبن ئەگەر لە رێچكەكان دوور كەوتنەوە و تەنها شوێن رێبازی راست كەوتن".
ئەم ئایەتە كە مامۆستا لەم پێشەكییەدا هێناوێتی و وەرگێڕانێكی سەرپێی بۆ كردوە، ئەگەر بەسەر وەرگێڕانەكەدا سەرپێی تێپەڕی هیچ سەرنجێكت لادروست نابێت بەڵام ئەگەر تۆزێك رامێنی و هەڵوێستەیەك بكەیت ئەوا پەی بە لایەنگیری و رەگ و ریشە مەزهەب گەرا و دیدە تایبەتەكەی خۆی دەكەیت لەو وەرگێڕانە زۆر سادەیەشدا، جا ئەگەر ئەمە بۆ وەرگێڕانێكی ئەوەندە كەم راست بێت ئەبێ چی تر بخوێنینەوە لە ژێر سێبەری دێڕ و كۆپلەكانی تر و بگرە تەواوی ئەو كتێبەی ئەو پێشەكییەكەی بۆ نوسیوە، یا لە تەواوی ئەو بابەتانەی ئەم مامۆستایە قسەیان لەبارەوە دەكات یان دەیان نوسێت؟!!
سەرەتا گرنگە ئاماژە بەوە بدەم ئەم ئایەتە دابڕاو نییە لە ئایەتەكانی پێش خۆیی و بە واوی عەتف گرێ دراوە پێیانەوە ، لەو ئایەتانەی پێشووتردا نەهی كراوە لەچەند شتێك و فەرمان دراوە بەهەندێكی تر، لێرەشدا خوای گەورە ئاگادارمان دەكاتەوە لەوەی نەكەین رێگەیەكی تر بەدەر لەرێگەكەی ئەو بگرینە بەر... ئەو ئەمرو نەهییانەیشی لە ئایەتەكانی پێشوودا بە رون و ئاشكرایی باسكراون و پیادەكردنی ئەو وەسێتانەش رێگە راستەكەیە و شوێن كەوتنی وەسێتەكانیش رێگەی خوایە و لێرەشدا جەختی لەسەر كراوەتەوە و لە هەمان كاتدا ئاگاداریشی كردوین بەلارێدا نەڕۆین و ئەو رێگە راستە بكەینە شارێگەی ژیانمان [وَأَنَّ هَذَاصِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ] ، جا لێرەدا نە پێشەكی نوس و نە برای ئامادەكاریش نەهاتوون یان نەیان ویستوە ئەم ئایەتە گرێ بدەنەوە بە ئایەتەكانی پێش خۆیەوە چونكە لە قازانجی بیردۆزە و تێڕوانینە مەزهەبییەكەیاندا نییە، كە پێچەوانەیە لەگەڵ سیاق و ناوكۆ قورئانییەكەدا، تەنانەت برای ئامادەكار لە نێو كتێبەكەیدا كە چەند لێكدانەوەیەكی راڤەكارانی قورئانیشی هێناوە دوور و نزیك ئەو تەفسیرانەی نەهێناوە كە باس لەوە دەكەن ئەم ئایەتە درێژەی ئایەتەكانی ترە و پێیانەوە گرێ دراوە و لێرەدا بە كۆتا هاتووە ...
ئەگەر واتای ئەم ئایەتە ببەسترێ بە ئایەتەكانی پێشووەوە ئەوا ئاشنای بەشێ لە رێ و شوێنی گرتنە بەری ئەو رێگەیە دەبین و دەزانین ئەو وەسێتانە چین ، ئەو كات رزگارمان دەبێت لەو گشتاندنەی هەندێ دەیكەن و پاشان خۆیان رێ و شوێنمان بۆ دادەنێن، بەڵام لە پێش ئەم ئایەتەدا كە وەسێتی دەیەمە، بەو وەسێتانەی دوو ئایەتەكەی ترەوە، خوای گەورە رونی كردوەتەوە چی لێمان دەوێ ...
ئەم پێكەوە گرێدانە لەلای گەورە راڤەكارانی وەكو تەبەری وابن عەتییە و بەغەوی و ئیبنوعاشور و چەندین موفەسیری تری قورئان بەدی دەكرێ... گرنگی ئەم پێكەوە گرێ دانەش لەوەدایە رێگە راستەكەمان بۆ دیاری دەكا و بەكراوەیی ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە خەڵكە بە ئارەزوی خۆیان لێكدانەوەی بۆ بكەن، پێمان دەڵێ بە گرتنەبەری ئەو وەسێتانە بەرەو بەهەشت دەچن و سەرفراز دەبن و هەر كەسەش لێی لادا تولە رێ و رێچكەی گرتوەتەبەر و لە راستەڕێ تەریك دەبێ ، ئەو دەست نیشان كردنەی لە پێش ئەم ئایەتانەوە هاتوە، رێگە دەگرێ لەوەی ئەو تەوزیف كردنە مەزهەبییەی بۆی دەكرێ شتێكی راست و دروست بێت ...
هەر بۆ نمونە تەبەری سەبارەت بەم ئایەتە دەفەرموێ: ئەی خەڵكینە، ئائەوەی پەروەردگارتان وەسێتی پێ كردوون، لەو دوو ئایەتەدا (مەبەستی هەردوو ئایەتی پێش ئەم ئایەتەیە كە پاشتر دەیهێنین) و فەرمانی پێكردوون بە ئەمەك بن بەرامبەری: بریتیە لە رێگەكەی ئەو" صراگه" واتە ئەو رێگە و ئاینەی بۆ بەندەكانی هەڵبژاردووە
قال أبو جعفر : يقول تعالى ذكره : وهذا الذي وصاكم به ربكم ، أيها الناس ، في هاتين الآيتين من قوله : ) قل تعالوا أتل ما حرم ربكم عليكم( ، وأمركم بالوفاء به ، هو " صراطه " يعني طريقه ودينه الذي ارتضاه لعباده. 
لێرەدا تەبەری سەبارەت بە وشەی(صراگه) تەواو پێكاوێتی و بەم شێوەیە راڤەی كردوە (طریقه ودینه الذی ارتضاه لعباده .... ) بەڵام كە سەرنجی وەرگێرانە كەی مامۆستا دەكەین دەبینین زیادەیەكی بەمە مەبەست دەخاتە پێش وەرگێڕانەكەوە ، ئەو (صراط) بە:( ئەو رێباز و و سونەتەی كە پێغەمبەر (ص)ی لەسەرە ئەوە رێگای راستی منە)، لێكداوەتەوە ،ئەم دەربڕینەش دەربڕینێكی تەواو ورد نییە و جۆرێكە لە تەئویل، گەر لە بری ئەوە بیوتایە: رێبازی من : كە مەبەست رێ و رێبازی خوایە كە لێرەدا: ئیسلامە ئەوە تەواو تر بوو، چونكە دەقی ئایەتەكە دەفەرموێ: ئائەمە رێی راستی منە: واتە رێگەیەكە خوا دەیەوێت... بەكارهێنان و زیادكردنی:(ئەو رێبازوو سونەتەی كە پێغەمبەر (ص)ی لەسەرە لێرەدا بۆخۆی بوەتە گرێی دەرونی لای هەندێك و ئەگەر زۆر دوبارەی نەكەیتەوە لەوانەیە بكەویتە ژێر گومانەوە، لەكاتێكدا رێبازی قورئان وەها نییە، ئەوەی لە قورئانی پەروەردگاردا جێی زەق بونەوە و شانازی كردنە(گوێڕایەڵی كردنی خوا- گوێڕایەڵ كردنی پێغەمبەری خوا) و مسوڵمان بون و ئیمانداری و ئیسلامە بەڵام زیادكردنی ئەو دەربڕینە بۆ بەشێك لە وەرگێڕان یان لێكدانەوەی ئایەتەكە پێویست نەبوو ، بەڵام دكتۆری بەرێز بۆ ئەوەی بۆچونەكەی خۆی دەربڕێ پەنا دەباتە بەر زیادكردنی ئەو وشانە لەكاتێكدا زۆر رونە لێرەدا(ی) (صراطی) دەگەرێتەوە بۆ خوای گەورە نەك پێغەمبەری خوا، هەر وەك چۆن لە شوێنێكی تردا (ی) (سبیلی) دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەری خوا ، كە لێرەدا بە واتای شوێن كەوتنی رێبازی ئیسلام و لانەدانە بەم لاولادا، ئەو وەسێتانەشی جەختی لەسەر كراوەتەوە و بە رێی راستی خوا دانراوە بریتیە لە 10 خاڵ و بە دە وەسێتەكە ناسراوە لەهەمان كاتدا رێبازی راستەقینەی ئیسلامە لەم سیاقەدا ... كەواتە رێگە راستەكە ئیسلامە بەو دە وەسێتەوە، ئەم راستییەش لای زۆربەی موفەسیرە بەناوبانگە كان جەختی لەسەر كراوەتەوەو كەسییان دەربڕینەكەی دكتۆرییان نەخستوەتە پێش لێكدانەوەی ئایەتەكە و تێگەیشتنیان بۆ مەفهومی ئایەتەكە رون و ئاشكرابووە و مامەڵەیەكی تەجزیئیان لەگەڵیدا نەكردوە، ئەوان بەم جۆرە دەربڕینانە راڤەی(صراطه) یان كردوە:- " صراطه " = يعني: طريقه ودينه الذي ارتضاه لعباده
- الصراط : الطريق الذي هو دين الإسلام .
- ) وأن هذا( ) أي : هذا الذي وصيتكم به في هاتين الآيتين صراطي ) طريقي وديني )..
- هذه الأحكام وما أشبهها، مما بينه الله في كتابه، ووضحه لعباده، صراط الله الموصل إليه، وإلى دار كرامته، المعتدل السهل المختصر.
كەواتە ئەو رێگەیەی لەم ئایەتەدا هاتوە بریتیە لە رێباز و ئاینی خوا كە ئیسلامە، لە نێو ئیسلامیشدا مەبەستی ئەو چەند وەسێتەیە كە لە دوو ئایەتی پێشوودا باسی كراوە، هەر كەسێكیش ناوەرۆكی ئەم ئایەتە پیادە نەكات ئەوە رێی راستی نەگرتوەتەبەر و رێچكە ورێگەی جۆراوجۆری هەڵبژاردوە بەدەر لەرێگە راستەكە ئیتر هەر ناوێكی هەبێت، جا بابزانین ئەو دوو ئایەتە چ ناوەرۆكێكیان هەیە كە ئەم ئایەتە پێیانەوە پەیوەستە و تەواوكاری ئەوانە لە روی واتا و مەبەستەوە ، ئەوەش لە بەشی دوەمی ئەم بابەتەدا رون دەكەینەوە.