ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، کارەسات ئەوەیە شەڕی مووسڵ بکرێتە شەڕێکی مەزهەبی و لەو ڕێگایەوە سوپای عێراق ڕەمەکیانە بکەوێتە گیانی ئەو شارەوە و تەڕ و وشک بە یەکەوە بسوتێنێت و دامەزراوە مەدەنی و حکوومییەکان وێران بکات.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی عێراق ئاماژە دەدەن کە بە فەرمانی نووری مالیکی هێرشێکی فراوان دەکرێتە سەر مووسڵ لە کاتێکدا ترسی ئەوە دەکرێت ئەم هێرشە بە شێوەیەکی ڕەمەکی بکرێت و زیانێکی زۆری بەدواوە بێت. ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، عادل نووری رايگهياند: "بەداخەوە فەتوا و پیرۆزکردنی شەڕ و دروستکردنی میلیشا و فەتوای مەرجەعە شیعەکان، جێگای نیگەرانییە، چونکە لە 100 ساڵی ڕابردووی عێراقدا شتی وا ڕووی نەداوە، چونکە ئەمە خوێنڕشتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش لە ڕۆژانی ڕابردوو بینیمان لە عێراق لەوە نەدەچوو حکوومەتێک هەبێت لەوە دەچوو لە باشووری ئەفەریقا بێت کە هۆزەکان پێک دادەن و یەکتری دەکوژن".
عادل نووری کە هاوکات ئەندامی لێژنەی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا زیاتر گوتی: "بەداخەوە ئەو شکستەی سوپای عێراق هەمووی جێگای پرسیارە، ئەوەی ئێستایش دەکرێت هەر جێگای پرسیارە، چونکە ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە وەک حکوومەتێک یان وەک شەڕێکی تایفەگەری دەیەوێت چارەسەری بکات، چونکە شەڕ یاسا و رێسای خۆی هەیە و دەبێت دامەزراوە مەدەنییەکان و حکوومییەکان لەشەڕ دوور بگرێن و زیانبار نەبن."
ئەوەشی خستەڕوو ئەوان هۆشداریی دەدەنە حکوومەتی عێراق و چەکدارەکان کە جیاوازییەکانی خۆیان لە دەرەوەی دامەزراوە کان بێت و گیانی هاووڵاتیان و دامەزراوەکان دوور بێت لە شەڕ و پارێزراو بێت.