سەرکردەیەکی باڵای یەکگرتوو: ھەموومان پێشمەرگەی بارزانین
16/06/2014 نوسەر: bzavpress

سەرکردەیەکی باڵای یەکگرتوو: ھەموومان پێشمەرگەی بارزانین



سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حاجی جەمال لە ھەولێر و مامۆستای ئایینی دیار لەناو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێ کە ئەگەر مەسعود بارزانی لەسەر بەرنامەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بەردەوام بێت، خواش پشتگیری دەکات و ئێمەش ھەموومان پێشمەرگەی ئەو دەبین.

مامۆستا سەید ئەحمەد لە دیمانەیەکی گۆڤاری گوڵان کە ئەمڕۆ دووشمەممە بڵاو بووەتەوە، ھەروەھا دەڵێ ’مەلا مستەفا شۆڕشی کردبووە پرسێکی میللی، بۆیە سەرکەوتوو بوو، بۆ ئەمڕۆش دەبێت مەسعود بارزانی ئەم پرسە بکاتە میللی بۆ ئەوەی وەک مەلا مستەفا بتوانێت ھەموو میللەت کۆبکاتەوە و ئاڕاستەیان بکات بۆ سەربەخۆیی کوردستان’، ھەروەھا دەڵێ ’ئەگەر بمانەوێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ سەر فیکری بارزانی و یەک سەرکردە و یەک ئاڵامان ھەبێت، یەک قاسە و کاسە بین، دەبێت وەک مەلا مستەفا بیر بکەینەوە و وەک ئەو رەفتار بکەین’.

سەید ئەحمەد  پێنجوێنی ھەر لە دیمانەکەدا گوتوویەتی ’ئەگەر مەسعود بارزانی لەسەر ئەم بەرنامەیەی خۆی بەردەوام بێت و بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ھەنگاو ھەڵبگرێت، ئەوا بێجگە لەوەی تاجێک دەکاتە سەری خۆی، ئەوا ھەموو میللەتی لەگەڵ دەبێت و خوا و فریشتەکانیش پشتیوانی دەکەن و ھیدایەتی دەدەن، ئێمەش ھەموومان پێشمەرگەی ئەو دەبین و لە پێشییەوە دەبین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە گەورەیە بێتە دی."