17/06/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
مەترسی جدیش هەن، پەرلەمان!
دۆخى عێراق و داعش و لێدوان و پەیوەندى هێزە ئیقلیمیەکان و ئەمریکا و جوڵەى هێزى پێشمەرگە و چەندین هۆکارى دیکە، بە سەر یەکەوە ئومێدێکى زۆرى لاى هەموومان دروستکردووە، بە ئاڕاستەى گێڕانەوەى ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەر هەرێم.
بەڵام زانیارى هەیەو هەست بە جیاوازییەکى گەورە لە سیاسەت و کردارى هێزە کوردستانیەکان بەرامبەر بەو قۆناغە نوێیە بە دیدەکرێت، کە لە عێراق و ناوچە دابڕێنراوەکان هاتوتە ئاراوە.
دەوڵەتە ئیقلیمیەکان هەوڵ ئەدەن لە خاکى کوردستانداو بە هێزى کوردى شەڕى خۆیان بکەن. مەترسیەکى گەوەرەش هەیە ئەو دەوڵەتانە هێزە کوردیەکان ناچار بکەن، لە روى سیاسى و سەربازییەوە بە دوو ئاڕاستەى جیاوازدا هەنگاو بنێن!
لەم کاتەدا زەحمەتە پێشبینى و دادەوەرى لە سەر ئەوە بکرێت کە ئایا سیاسەتى پارتى یان سیاسەتى یەکێتى لە ئاستى ئەم قۆناغە نوێیەدا، کامیان سیاسەتێکى تەندروستەو بە ئامانجە سەرکیەکەمان دەگەینێت؟ ئایا شەڕى داعش بکرێت وەک هەندێک هێزى ئیقلیمى دەیانەوێت یان شەڕعى داعش نەکرێت وەک هەندێکى دیکە دەیانەوێت!؟خەریکبون بەم پرسانەوە خەریکە لە ئامانجە سەرکیەکە دورمان دەخاتەوە یان لانى کەم لاوازمان دەکات!
ئامانجى ئێمە گێڕانەوەى ناوچە دابڕێنراوەکان و یەکخستنەوەو رێکخستنەوەى هەرێمە گەورە و تەواوەکەی باشورى کوردستانە لەم قۆناغەدا، دەبێت هەر ئەم ئامانجەش چەقى بڕیار و کردارى سەرکردایەتى و هێزى کوردى بێت. مێژومان شایەتى خلیسکان و خراپ کەڵک لێوەرگرتن و لە کیسدانى چەندین فرسەتى گەورەن.
بۆیە پێویستە:
یەکەم: بە قانون پەرلەمان مەرجەعى باڵاى بڕیاردانە لە سەر پرسە چارەنوسسازەکان، بڕیارە سبەى دانیشتنێک ئەنجامبدات لە سەر ناوچە دابڕێنراوەکان، پێویست نیە قسەى زۆر و رەخنەى زۆر بگیرێت، بەڵکو پێویستە سەرۆکایەتى و پەرلەمانتاران بە تێگەیشتنێکى هاوبەشەوە کۆمەڵێک بڕیارى ستراتیجی گەڵاڵەو پەسند بکەن، کە ئەو بڕیارنە ببنە هۆى باشترکردنى ژیانى پێشمەرگە و یەکخستن و بە هێزترکردنیان و جێگیکردنیان بە شێوەیەکى هەمیشەیى لە سنورەکانى کوردستان و دروستکردنى متمانەى زیاتر لاى دانیشتوانى ناوچە دابڕێنراوەکان و یەکخستنى گوتارى کوردى و سنوردارکردنى رۆڵى هێزە ئیقلیمیەکان.
دووەم: لە هەر کات زیاتر پێویستە سەرکردایەتى کوردى گوتارو کردارى یەک بخات و لە ئاستى ئەم فرسەتە مێژویەدا بن و، بۆ بەهێزکردنى پێگەو هەڵوێستى خۆیان لە ئاستى دەرەوەدا پشت بە پەرلەمان و بڕیارەکانى ببەستن.
سێیەم: پێویستە هەموو چین و توێژەکانى هاوڵاتیان چاودێرێکى چالاکى روداوەکان بن و، لە برى دابەشبون بە سەر ئاڕاستە جیاوازەکاندا هۆکارى گوشار و گەرەنتى یەک کردارى و یەک وتارى سەرکردایەتى سیاسی بن و رێگە نەدەن ئەم فرستە مێژوییە لە کیس بچێت.
دەبێت هەموو ئەوەمان لە بەرچاوبێت چەندە ئومێد هەیە کە ئەم قۆناغە بە قازانجمان بشکێتەوە زیاتر لەوەش هۆکار و هێز هەیە دەیانەوێت پەرتەوازەمان بکەن.